یۆنان 450 کۆچبەری ڕەوانەى ئەسینا کرد تاوەکو دیپۆرتیان بکاتەوە

بەرپرسانی یۆنان زیاتر لە 450 کۆچبەری نائاساییان لە دورگەی لیسبۆسەوە گواستەوە بۆ ناوەندێکی پێشوازی لە باکوری ئەسینا، وەک هەنگاوی یەکەم بۆ دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان.

ئەو کۆچبەرە نائاساییانە دوای کردنەوەى سنور لەلایەن تورکیاوە گەیشتبوونە دورگەکانی یۆنان، سەرجەمیان لە 1ی ئازارەوە لەناو کەشتییەکی سەربازیدا دەستبەسەرکرابوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێس، گواستنەوەى ئەو کۆچبەرە نائاساییانە بە نهێنی بەڕێوەچووە، بەرپرسان ڕەتیانکردووەتەوە لێدوانی لەسەر دەستبەسەرکردنیان بدەن لەناو کەشتییەکەدا تەنانەت دوای گواستنەوەشیان لە ئێوارەى شەممە.

ڕۆژی 11ی ئازار، گۆڤاری دیر شپیڵگی ئەڵمانی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت سەدان کۆچبەر و پەنابەر لەناو کەشتییەکی سەربازیی یۆناندا لە دورگەی لیسبۆس زیندانیکراون.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە کۆچبەران لە دۆخ و گوزەرانێکی زۆر خراپدا دەژین، زۆربەیان لەپاڵ یەکتردا و لەسەر زەوی ڕاکشاون.

بەمدواییانە یۆنان ڕێکار و سیاسەت و یاسای کۆچبەرانی توندتر کردووەتەوە و وەرگرتنی سەرجەم داواکارییەکانی مافی پەنابەرێتیشی بۆ ماوەى یەک مانگ ڕاگرتووە، بەڵێنیشی داوە بە دیپۆرتکردنەوەى ئەو کۆچبەرانەى کە لە تورکیاوە دەگەنە دورگەکان، ڕێکخراوە مرۆییەکانیش ڕەخنە لەو هەنگاوە دەگرن و بە نایاسایی و دژی مافی مرۆڤ وەسفی دەکەن.

بەپێی دواین ئاماری حکومەتى یۆنان، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە نزیکەى هەزار و 700 کۆچبەر لە تورکیاوە گەیشتوونەتە دورگەکانی یۆنان.

 

پڕۆژەى کۆچبەر _ 18/3/2020

وێنەگر: ڤەرڤەردیس ڤاسیلیس

ناونیشانی وێنە: ساڵۆنیک، یۆنان – 2ی ئەیلولی 2019: پەنابەران و کۆچبەران لەسەر کەشتییەک دادەبەزن بۆسەر دورگەی ساڵۆنیک دوای ئەوەى لە دورگەی لیسبۆسەوە گوازراونەتەوە.