یەکێتی ئەوروپا هێزی زیاتر لەسەر سنوری یۆنان جێگیر دەکات

ڕۆژی 13ی ئازار، دەزگای پاسەوانی سنور و کەناردەریای یەکێتی ئەوروپا (فڕۆنتئێکس) ڕایگەیاند، 100 پاسەوانی زیادە لەسەر سنورەکانی یۆنان جێگیردەکەن وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی دەستێوەردانی خێرا لەسەر داوای حکومەتى یۆنان.

داواکەى ئەسینا لەکاتێکدایە کە ئەو وڵاتە هەوڵی ڕێکخستن و ڕێگری لە شەپۆلی کۆچبەران دەگرێت لە تورکیاوە بۆسەر دورگەکانی، 22 ئەندامی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هاوکاری و کەلوپەلی تەکنیکی بۆ پلانەکە دابین دەکەن کە چەند کەشتییەک، بەلەمی چاودێری دەریایی و ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەدواداچوونی لەخۆگرتووە.

فابریک لێگاری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای پاسەوانی سنور و کەناردەریای یەکێتی ئەوروپا (فڕۆنتئێکس) لە شاری ئۆریستیدای یۆنان ڕایگەیاند، “لێرە وەستاوین دوای ئەوەى یۆنانی داوای هێز و کەلوپەلی زیاتری لە دەزگاکە کردووە بۆ پاراستنی سنورەکانی کە هاوکات سنوری دەرەکی یەکێتی ئەوروپاشە.”

وتیشی، “ئەم دەستێوەردانە خێرایە ئۆپراسیۆنێکی زۆر گرنگی دەزگاکەمانە کە ئامادەکارییمان بۆ کردووە.”

جیا لەم پێشهاتە، پێشتر 500 سەرباز و ئەفسەر لەگەڵ 11 کەشتی و چەندین کەلوپەلی تر لە سنوری یۆناندا جێگراکراون.

هەنگاوەکەى فڕۆنتئێکس دوو مانگی پێدەچێت و “لەوانەیە درێژتر بکرێتەوە ئەگەر پێویست بێت.”

پڕۆژەى کۆچبەر _ 19/3/2020

وێنەکە لە سایتی فەرمی فڕۆنتئێکس وەرگیراوە

ناونیشانی وێنە: وەک بەشێک لە دەستێوەردانی بەپەلەی سنوری، 100 پاسەوانی سنور لەسەر سنورەکانی یۆنان جێگیرکران.