پرۆژەی کۆچبەران خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری ئامادە دەکات بۆ کۆچبەرانی کوردستانی عێراق
پڕۆژەی کۆچبەران خزمەتگوزارییەکی نوێی ڕاوێژکاری ئۆنلاین بۆ دانیشتوانی کوردستانی عێراق ئامادە دەکات کە بەرنامەی کۆچکردنیان هەیە بۆ ئەوروپا. خزمەتگوزارییەکە پشتگیری ئەو کەسانە دەکات کە بڕیاری کۆچکردنیان داوە تاکو بتوانن باشترین و سەلامەتترین ڕێگا بدۆزنەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتی مەبەست پێش ئەوەی مەترسی بخەنە سەر ژیانی خۆیان.
پڕۆژەکە هاریکاری ئەو کەسانە دەکات کە بەرنامەی کۆچکردنیان هەیە و پێویستیان بە ڕاوێژکاری هەیە و لە ڕێگەی فەیسبووک و واتسئەپەوە دەتوانن پەیوەندی بە ڕاوێژکارەکانمانەوە بکەن. ڕاوێژکاریەکان بێبەرامبەرن و هەمووی پارێزراون و نهێنی دەمێنەوە. لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکەوە، ئەو کەسانەی بەرمانەی کۆچیان هەیە زانیاری سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و واقیعەکانی ژیان لە ئەوروپا وەردەگرن، هەروەها ئامۆژگاری تایبەت سەبارەت بە بەدیلەکانی کۆچی نایاسایی لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بۆ نموونە زانیاری دەربارەی دەرفەتی سکۆلەرشیپ، پلانەکانی ڕاهێنانی پیشەیی، ڕاوێژکاری کار یان پشتگیری دەروونی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت.
“دوای قسەکردن لەگەڵ ڕاوێژکارەکەدا، بە تەواوی باوەڕم بەوە هێنا کە ڕێگا نایاساییەکان زۆر جێی متمانە نین، بەو مانایەی کە کەسێک نییە تا بتوانی لەو ڕێگایە متمانەی پێ بکەیت. هەروەها خۆم هەندێک چیرۆکم بیستووە کە خەڵک فێڵیان لێکراوە، بۆیە بە تەواوی وازم لە بیرۆکەی کۆچی نایاسایی هێنا.” – کۆچبەرێکی کورد
ڕاوێژکارەکانمان بە شێوازی گونجاو ڕاهێنانیان وەرگرتووە دەربارەی چۆنێی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی لە بارودۆخێکی جیاوازدان، ڕاوێژکارەکان توانای پێشتگیریکردنیان هەیە بە شێوەی گونجاو تاکو بتوانن بە یەکەوە پلان دابنێن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای سەلامەت و دوور لە مەترسی.
زۆرێک لەو کوردانەی کۆچ دەکەن بەهۆی بەرزی ڕێژەی بێکاری و بەربڵاوی گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەکانەوەیە لە کوردستانی عێراق، ئەمانەیش پاڵنەرێکی بەهێزن بۆ زیادی کردنی خواستی کۆچکردن بۆ ئەوروپا. لە ساڵی ٢٠٢١دا دەیان هەزار کورد هەوڵی چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپایان دا، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ زۆری بێکاری و سەختی باری ئابووری و سەرکوتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا. زۆرێک لەو کۆچبەرانە ڕێگەیان لێ گیرا لەسەر سنوورەکان و دواتر دیپۆرتکرانەوە، بەشێکی دیکەشیان لە ترانزێتدا تا ئێستا هەر ماونەتەوە.
خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری ئۆنلاین لە پڕۆژەی کۆچبەران لە وڵاتانی بەنگلادیش، پاکستان، ئەفغانستان، عێراق و میسر بەردەستە و ڕاوێژکاری ئۆنلاین پێشکەش بەو کەسانە دەکات کە بیر لە کۆچی نایاسایی دەکەنەوە و ئەو کەسانەی وڵاتی خۆیان جێهێشتووە.
ئەم وتارە شەیر بکە