یەکێتی ئەوروپا پارە دەداتە کۆچبەرانی کەمپەکانی یۆنان ئەگەر خۆبەخشانە بگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان

بەپێی پڕۆگرامێکی کاتی بۆ گەڕانەوەى خۆبەخشانە، یەکێتی ئەوروپا دوو هەزار و 250 دۆلار (دوو هەزار یۆرۆ) دەداتە هەر کۆچبەرێک لە کەمپە قەرەباڵغەکانی یۆنان ئەگەر خۆبەخشانە بگەڕێتەوە وڵاتەکەى خۆی.

پڕۆگرامەکە لەلایەن یڵڤا جۆهانسن، نێردەی کاروباری ناوخۆی یەکێتی ئەوروپاوە ڕاگەیەنرا لە ئەسینا، ناوبراو ڕۆژی 12ی ئازاری 2020 لەگەڵ حکومەتى یۆناندا کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی کەمپەکان.

ئەو هاوکارییە داراییە کاتییە و یەک مانگ بەردەوام دەبێت، تەنها ئەو کۆچبەرانەش دەگرێتەوە کە پێش مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ گەیشتوونەتە یۆنان، وەک یڵڤا جۆهانسن دەڵێت، “پارەکە بۆئەوەیە هاوکاری ئەو کۆچبەرانە بکات جارێکی تر تێکەڵ بە کۆمەڵگاکانیان ببنەوە.”

واتە پڕۆگرامەکە ئەو کۆچبەرانە ناگرێتەوە کە لەدوای کردنەوەى سنورەکان لەلایەن تورکیاوە لە 28ی شوباتدا گەیشتوونەتە یۆنان.

یڵڤا ئاماژەى بەوەشکرد، “ئەمە هەلێکە بۆ کەمکردنەوەى فشاری سەر دورگەکان و بۆ ئەو کەسانەشی کە هێشتا لەناو کەمپەکاندا دەژین، پیمان وایە کە ئەو پڕۆگرامە هەلێک دەبێت بۆ پێنج هەزار کۆچبەر تاوەکو خۆبەخشانە بگەڕێنەوە.”

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بە یارمەتی دەزگای پاسەوانی سنور و کەناردەریای ئەوروپی (فرۆنتئێکس) و حکومەتى یۆنان پلانەکە جێبەجێدەکات، بەڵام دەستبەجێ ناخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانەیە چەند هەفتەیەکی پێ بچێت تاوەکو ڕێکارە کارگێڕییەکانی تەواو دەبێت.

قەیرانی کۆچبەران هانی یەکێتی ئەوروپای داوە چەند هەنگاوێکی بەپەلە بنێت، بۆ نمونە، حەوت وڵاتی ئەوروپی ڕایانگەیاند کە لە پڕۆگرامێکدا نزیکەى هەزار و 600 کۆچبەری بێهاوەڵ کە لە کەمپەکانی یۆناندان وەردەگرن.

 بەپێی دواین ئاماری حکومەتى یۆنان، تائیستا هەر پێنج کەمپەکەى کۆچبەران لەسەر دورگەکانی دەریای ئیجە زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەر و پەنابەر و پەناخوازی تێدایە.

ستیڤان ئبیریت، سەرۆکى ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنور لە یۆنان بە بی بی سی وتووە، “ئەو کۆچبەرانە کە پیاو و منداڵ و ژنیان تێدایە لە “لە سەنتەرێکی زۆر قەرەباڵغ و ژیان و گوزەرانێکی زۆر ناخۆشدا دەژین، لە ترسێکی بەردەوامدان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەوالێت و گەرماو و کارەبا زۆر سنوردارن.”

 

پڕۆژەى کۆچبەر _ 18/3/2020

وێنەگر: گیانیس پاپانیکۆس

ناونیشانی وێنە: دۆمیس، یۆنان – 15ی کانونی دووەمی 2016، پەنابەران سەرەیان گرتووە تاوەکو بە سنوری یۆنان-مەکدۆنیادا تێپەڕ ببن.