چەندین دەنگۆ و دەیان زانیاری هەڵە لەبارەى پەتای کۆڤید-19ەوە لەناو کۆچبەراندا بڵاوبوونەتەوە. بۆ ئەوەى هاوکارت بین لە هەڵبژاردنە دروستەکاندا، باوترین ئەو دەنگۆ و زانیارییە هەڵانەمان بۆ ڕیزکردوون تاوەکو ئاگاداربن و خۆتان لە پەتای جیهانیی کۆڤید-19 بپارێزن. بۆ زانیاری و ڕونکردنەوەى زیاتر لەبارەى ئەو دەنگۆیانەى بڵاوبوونەتەوە لەبارەى پەتاکەوە، سەردانی بەشی پوچەڵکردنەوەى خورافاتی سەر بە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بکە.
چەندین دەنگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە کە دەوترێت کۆڤید-19 ساختەیە و جۆرێکە لە تەڵە. زۆربەى ئەو هۆکارانەش کە خەڵکی نکوڵی لە بوونی پەتاکە دەکەن ئەوەیە هەست دەکەن ڤایرۆسەکە لەلایەن چین یاخود ڕوسیاوە دروستکراوە بۆ بەدەستهێنانی هێز و سامانی زیاتر. لە ڕاستیدا ئەو بیرکردنەوەیە هەڵەیە، کۆڤید-19 بوونی هەیە و ڕاستەقینەیە.
بەڵگە زانستییەکان دەیسەلمێنن کە ڤایرۆسەکە لە گیانلەبەرانەوە سەرچاوەى گرتووە و لە کۆتاییدا گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ. ئاماری فەرمی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوە دەردەخات کە ڤایرۆسەکە ملیۆنان کەسی لە جیهاندا گیرۆدەکردووە.
بیرکردنەوەیەکی تر باس لەوە دەکات کە کۆڤید-19 ناتوانێت لە ئاوهەوای گەرمی وەک ئەفریقا بژی. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ڤایرۆسەکە لە هەموو شوێنێکدا دەگوازرێتەوە تەنانەت وڵاتە گەرم و شێدارەکانیش، تەنانەت حاڵەتەکانی توشبوون لە وڵاتانی کەمەرەیی وەک سعودیە و باشوری ڕۆژهەڵای ئاسیا لە هەڵکشاندایە. هەروەها هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە خۆدانە بەر تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی زۆر ڤایرۆسەکە دەکوژێت. شارەزایان دەڵێن پێویستە پلەى گەرمی لە 140 پلەى فەهرەنایت بەرزتربێت تاوەکو بتوانێت ڤایرۆسەکە بکوژێت.
ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە هەندێک لە وڵاتان حاڵەتەکانی توشبوون و کۆی گشتیی مردووان بە ڤایرۆسەکە وەک خۆی ئاشکرا نەکەن. لەو وڵاتانەى کە سیستمێکی تەواو یاخود توانای پشکنینی دروستیان نییە، زۆر سەختە ژمارەى دروستی مردووان بە کۆڤید-19 دەستنیشان بکرێت. بۆ ئامار و ڕێنمایی ورد و دروست لەبارەى دۆخی کۆرۆنا لە جیهاندا، سەردانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ناوەندی ئەوروپی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان بکە کە ئاماری ڕۆژانە لەبارەى پەتاکەوە بڵاو دەکەنەوە.
هەندێک کەس دەڵێن پەتای کۆڤید-19 بەشێکە لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەى حکومەت بۆ ئەوەى موچەکانیان دوابخات یاخود نەیدات، هەروەها بۆئەوەى خزمەتگوزارییە گشتییەکان جێبەجێ نەکات. لە ڕاستیدا، پەتای کۆڤید-19 حکومەتەکانی جیهانی ناچار کردووە کە زیاتر هەوڵی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بدەن و خۆیان قەرزدار بکەن تاوەکو موچەى خەڵکی بدەن، و سیستمی خۆپارێزیی تەندروستی دابین بکەن.
پەتای کۆڤید-19 هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر دۆخی ئێستای جیهان و هەروەها بۆسەر تەندروستی هەموو تاکێکی مرۆڤایەتی.
تاوەکو ئێستا، هیچ جۆرە چارەسەرێکی بنەڕەتی نییە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا. زانایان لە سەرتاسەری جیهاندا کار دەکەن بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی چەند ڤاکسین و دەرمانێکی چارەسەریی. تاکە ڕێگا بۆ خاوکردنەوەى بڵاوبوونەوەى زیاتری ڤایرۆسەکەش پابەندبوونە بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە بریتین لە بەکارهێنانی دەمامک، زۆر شۆردنی دەست و دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتی.
هیچ بەڵگەیەک نییە بۆئەوەى دەرمانە گیاییەکان وەک سیر و خواردنەوەى خوێئاو چارەسەری ڤایرۆسی کۆڤید-19 بکات. هەرچەندە هەندێک لە دەرمانە گیاییە خۆماڵییەکان سودی تەندروستییان هەیە، بەڵام لەئێستا بە هیچ شێوەیەک چارەسەری کۆڤید-19 ناکات. سەلامەتترین ڕێگا بۆ پاراستنی خۆت لە پەتای کۆڤید-19 پابەندبوونە بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە بریتین لە بەکارهێنانی دەمامک، زۆر شۆردنی دەست و دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتی.
لەخۆدان یاخود خواردنەوەى ماددە زیانبەخشەکانی وەک سپیکەرەوەکان یاخود پاککەرەوە کحولییەکان یاخود خواردنەوەى ڕێژەیەکی زۆر لە کحول ڤایرۆسەکە ناکوژێت و لەوانەیە دەرئەنجامێکی کوشندەشی هەبێت یاخود ببێتە هۆی مردن. بۆ نمونە، لە ئێران نزیکەى 300 کەس بەهۆی خواردنەوەى مادەی پاککەرەوە کحولییەکانەوە نەخۆش کەوتن چونکە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە دەتوانێت ڤایرۆسەکە لەناو ببات. چەندین دەرمان لەژێر تاقیکردنەوەدان بۆئەوەى چارەسەرێک بۆ کۆڤید-19 بدۆزرێتەوە. سەلامەتترین ڕێگا بۆ پاراستنی خۆت لە پەتای کۆڤید-19 پابەندبوونە بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە بریتین لە بەکارهێنانی دەمامک، زۆر شۆردنی دەست و دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتی.
بەکارهێنانی دەمامکی دەموچاو ڕێگری ناکات لە توشبوونت بە ڤایرۆسی کۆڤید-19 بەڵام ناهێڵێت ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاوبێتەوە لەڕێگەی ڕێگری لە دڵۆپ یان پرژی کۆکە و پژمین. زۆرێک لە وڵاتان بەکارهێنانی دەمامکیان کردووەتە زۆرەملێ بۆ ڕێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە. دەمامکی دەموچاو ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لەگەڵ پابەندبوون بە دەستشۆردنی زۆر و پەیڕەوکردنی دوری کۆمەڵایەتی.
ڤایرۆسی کۆڤید-19 زۆر مەترسیدارتر و کوشندەترە لە هەڵامەتی وەرزی. هەزاران کەس لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردوون. هەرچەندە هەندێک کەس کە توشی ڤایرۆسەکە دەبن لەوانەیە نیشانەی سوک یاخو مامناوەندیان تێدا دەربکەوێت، بەڵام ئەوانی تر نیشانەى قورسیان دەبێت وەک تەنگەنەفەسی و پێویستە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێن.
هەرچەندە کەسانی بەتەمەن یاخود ئەوانەى کێشەی هەناسەدان و سییەکانیان هەیە زیاتر ڕوبەڕوی مەترسی دەبنەوە بەڵام کۆڤید-19 کاریگەری دەبێت لەسەر کەسانی گەنجیش.