بیروڕای دژ بە یەک لەسەر کۆچکردن لەکاتێکدا کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەن بە ئەروروپا ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات
کۆمسیۆنى باڵای کاروباری پەنابەرانى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)
لە ڕاپۆرتی خۆی بە ناوی (گەشته بێ هیواکان) کە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨ بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژەی بە کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ژمارەی ئەو کۆچبەرانە کردووە کە لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتوون بە وڵاتی یۆنان بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو. لە ساڵی ٢٠١٧، کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتن بە وڵاتی یۆنان بریتی بوون لە (٢٩٧١٨) کۆچبەر، کە (٥٨٠٠) کۆچبەریان عێراقی بوون. لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی کۆچبەرانی گەیشتوو بە وڵاتی یۆنان بریتی بووە لە (١٧٣٤٥٠).
بەڵام بەپێی ووتەی سامان، کە یەکێکە لەو کەسانەى ئەگەر هەیە خۆی کۆچ بکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوین و باشتربوونی کەشوهەوا و ئارام بوونەوەی دەریاکان، پێشبینی دەکرێت کە ژمارەی کۆچبەران لە عێراق و کوردستان ڕوو لە زیادبوون بکات.
سامان لە بەردەوامی قسەکانیدا ووتی “بەتایبەتی لەم کاتی قەیرانی دارایی و سیاسییەدا لە کوردستان، گەنجی زیاتر بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی قاچاخچییەکانەوە، بە گرتنەبەری ڕێگای تورکیا بۆ یۆنان و دواتر بۆ ئەوروپا، هۆکاری ئەمەش ئاڵۆزی پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزایە بۆ کەسانی بە ڕەگەز عێراقی”.
لە هەمان کاتدا، محمـد* کە گەنجێکی کوردە و گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان بۆ هەولێر، دەڵێت کە کۆچبەرانی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی باش ئاگاداری یاسا و ڕێنماییە نوێیەکان نین لەبارەی کۆچکردن بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان. ئەوان پێیانوایە کە کۆچکردن و داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەوروپا هێشتا وەک ئەو کاتە وایە کە باووباپیرانیان کۆچیان دەکرد بۆ وڵاتە ئەوروپیەکان و داوای مافی پەنابەرێتییان دەکرد بەهۆی ئەو سەرکوتکردنەی کە تووشی بوون لە ژێر دەستی ڕژێمی سەدام وەرگرتنى پەنابەرێتى ئاسان بوو.
محمـد بە پەشیمانییەوە وتی “لەدوای ئەو هەموو نەهامەتییەی کە تووشم بوو لە وڵاتی تورکیا و خرامە بەندینخانە لە وڵاتی یۆنان، کاتێ کە گەیشتم بە ئەڵمانیا، بۆم دەرکەوت کە پرۆسەکە زۆر قورسەو بەهیچ شێوەیەک بارودۆخەکە بەوشێوەیە نیە کە من خەیاڵم دەکرد کاتێ کە بڕیارم دا کۆچ بکەم لەڕێی قاچاخچییەکانەوە. بۆ ئەو کاسانەی کە بەڕێگەیەکی نایاسایی دەگەن بە ئەوروپا، پرۆسەیەکی درێژخایەن و ماندووکەریان لە پێشە. ئەگەر بمزانیبا کە کۆچکردن و وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە ئەوروپا بەم جۆرەیە، ئەوا بە هیچ شێوەیەک بڕیاری کۆچکردنم نە ئەدا و ژیانی خۆمم نەدەخستە مەترسییەوە و پارەکەم لە گەشتێکی لەو جۆرە خەرج نەدەکرد”.
ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنى باڵای کاروباری پەنابەرانى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)
ئاماژەی بەوە داوە کە ژمارەی کۆچبەرانی عێراقی بە پلەی سێیەم دێت لە پاش سوری و ئەفغانییەکان، و ٪١٨ی دەستگیرکراوانی وڵاتی بولگاریا لە ساڵی ٢٠١٧ پێکدەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لەو عێراقییانەی کە بەتەمای کۆچکردنن ڕێگای بولگاریایان پشتگوێ خستووە بەهۆی ئەو ڕاپۆرتانەوە کە لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبینرێن لەبارەی خراپ مامەڵەکردنی پۆلیسی بولگاریا لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی کە دەچنە ناو وڵاتەکەوە بەشێوەیەکی نایاسایی و لەلایەن پۆلیسی بولگارییەوە دەستگیر دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمسیۆنى باڵای کاروباری پەنابەرانى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)،
لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧، دەسەڵاتدارانی ڕۆمانیا و بولگاریا داوایان لە پاسەوانانی سنوورى دەریایى تورکیا کردووە کە ڕێبگرن لە کەشتییەکانی ناوچەی گەڕان و ڕزگارکردنی بولگاریا، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٠٠ کەسی بە ڕەگەز سووری و عێراقی گەڕێندرانەوە بۆ تورکیا.
ڕێکەوتننامەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا ڕێگە بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەدات کە ئەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرێتی وەرناگرن بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا وڵاتانی ئەوروپی یاسای نوێیان پێشکەش یان پەسەند کردووە، کە ئەو یاسا نوێیانە بەشێوەیەکن وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی و مانەوە لە ئەوروپا بۆ ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتیان ڕەتکراوەتەوە قورستر دەکات، هەروەها چەند مافێکی دیاریکراوی تریشیان سنووردار دەکات.
*ناوی خوازراو
گەیشتنی پەنابەرە عێراقی و سوورییەکان لە تورکیاوە بە سکالا سیکامیس، دوورگەی لێسبۆس، یۆنان
TMP – 22/05/2018
ئەم وتارە شەیر بکە