بەردەوام ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیزیدا دەکرێت

ڕۆژی 28ی کانونی دووەمی 2021، بەرپرسانی بەریتانیا 17 کۆچبەری تریان دەستگیرکرد کە گەیشتبوونە کەنارئاوەکانی ئەو وڵاتە دوای دەربازبوونیان لە نۆکەندی ئینگلیزی، هەر هەمان ڕۆژ، هێزەکانی کەناردەریای فەڕەنسا ڕێگریان لە 78 کۆچبەری تر کە لە هەوڵدابوون بە چوار بەلەمی بچوکەوە نۆکەندەکە تێپەڕبکەن.

کریس فلیپ، وەزیری کۆچی بەریتانیا ڕایگەیاند، “هەماهەنگییە هەواڵگرییەکانمان لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکانمان لە ناوەندی نوێی ئۆپراسیۆنەکان، بووەهۆی دانانی هێزی زیاتری دەریایی لە شوێن و کاتی خۆیدا، بەوەش ڕێگری لە 130 کۆچبەر کرا کە لەهەوڵدابوون بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.”

کریس فلیپ بەڵێنیشیدا کە “هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێنەبەر بە مەبەستی ڕێگری لە چوونی قبوڵنەکراوی کۆچبەرانی نائاسایی.”

ساڵی ڕابردوو، چوونی کۆچبەرانی نائاسایی بۆ بەریتانیا گەیشتە لوتکە و هەشت هەزار و 400 کەس خۆیان دەرباز کرد، ئەوە لەکاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی 2019دا تەنها دوو هەزار کەس بوو.

 

پڕۆژەی کۆچبەر _ 3/2/2021

خاوەنی وێنە: کریستین بێرد
ناونیشانی وێنە: ڕامسگەیت، بەریتانیا – 7ی حوزەیرانی 2020: کاروانێکی هێزی دەریایی بەریتانیا بە بەندەری ڕامسگەیتدا تێپەڕدەبێت.