پێدانی زانیاریی ڕاست و گرنگ لەبارەی كۆچی نائاساییەوە

ئەگەر بیر لە كۆچی نائاسایی دەكەیتەوە یان لە ئێستادا لە ڕێگای كۆچدایت، پڕۆژەی كۆچبەر دەتوانێت زانیاریی باوەڕپێكراو و بێبەرانبەر و گرنگت پێبدات، ئێمە دەتوانین ئەو مەترسییانەت نیشان بدەین پێش ئەوەى گەشتەکەت دەستپێبکەیت، هاوکات ژیانی ئەو وڵاتانەشت بۆ ڕوون دەکەینەوە کە دەتەوێت کۆچیان بۆ بکەیت.

ئێمە دەتوانین یارمەتیت بدەین لە دۆزینەوەى جێگرەوەکانى کۆچکردن لە خولی پێگەیاندن و هەلی کار و بازرگانی لە وڵاتەکەى خۆتدا.

دۆزینەوەى زانیاریی باوەڕپێکراو و گرنگ لەبارەى کۆچکردنەوەوە زۆر قورسە، میدیا، قاچاخچییەکان و تەنانەت ئەو کەسانەشی کە پێشتر کۆچیان کردووە لەوانەیە زانیاری نادروستت پێبدەن لەبارەى گەشتەکە و ڕاستی ژیان لەو وڵاتانە، قاچاخچییەکان درۆت لەگەڵ دەکەن بۆ ئەوەى قازانج بکەن، لەوانەش زیاتر، لەئێستادا یاسای کۆچی وڵاتان گۆڕاوە و ڕێگاکانیش زیاتر مەترسیدار بوون.

ئەگەر دەتەوێت کۆچ بکەیت یاخود ئێستا لە ڕێگای کۆچدایت، ڕاوێژکارە ناوخۆییەکانی ئێمە دەتوانن ڕاستی و زانیاریی گرنگ و باوەڕپێکراوت پێبدەن لە ڕێگەى بینین و قسەکردنی ڕووبەڕوو یاخود بە تەلەفۆن بۆ وەڵامدانەوەى سەرجەم پرسیارەکانتان، گفتوگۆ و زانیارییەکانى ئێوە بە تەواوی پارێزراو دەبن.

هەروەها لە لاپەڕەى تایبەتی پڕۆژەکەمان لە فەیسبوک  دەتوانیت زانیاری گرنگ وەربگریت و ئاگاداری سەرجەم بۆنە و چالاکییەکانمان بیت لە ناوچەکەى خۆت پێش ئەوەى هەر بڕیارێک بدەیت.

ئێمە کێین؟

پڕۆژەى کۆچبەر دەیەوێت زانیاریی دروست و تەواوت پێبدات لەبارەى کۆچی نائاساییەوە بۆئەوەى کۆچبەران یاخود ئەوانەى دەیانەوێت کۆچ بکەن بتوانن بڕیارێکی دروست بدەن، لەڕێگەى ماڵپەڕەکەمانەوە و بە چەندین زمانی جیاواز، ڕاستیی و هەواڵی دروست لەبارەى کۆچکردنەوەوە بڵاودەکەینەوە بۆئەوانەى لە وڵاتی خۆیاندان یان لەڕێگای کۆچ.

ئێمە ئاسانترین و بڵاوترین ڕێگا بەکاردەهێنین بۆ گەیشتن و دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ئەوانەى دەیانەوێت کۆچ بکەن، لەوانە، چەند ژمارە تەلەفۆنێک کە کۆچبەر دەتوانێت بە زمانی خۆی قسە لەگەڵ ڕاوێژکارەکانی کۆچکردندا بکات، ماڵپەڕێک کە دەتوانیت لەڕێگەى موبایلەکەشتەوە سەردانی بکەیت و چەندین بۆنە و چالاکی گرنگ لە ناوچەکەى خۆتدا بەڕێوەدەچێت. پڕۆژەى کۆچبەر لە کیشوەری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەوروپاش چالاکە.