لەماوەى یەک هەفتەدا، تورکیا چوار هەزار کۆچبەری دەستگیرکرد
لە یەکەم هەفتەى مانگی تشرینی دووەمدا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەلایەنی کەمەوە سێ هەزار و 893 کۆچبەری نائاسایی لە سەرانسەری وڵات دەستگیرکرد. لە چەند مانگی ڕابردوودا، هێزی دەریاوانی و سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنەکانیان چڕترکردووەتەوە بۆ ڕێگریکردنی لە دەربازبوونی کۆچبەرانی نائاسایی بۆ یۆنان و بولگاریا.
لەو ماوەیەدا و تەنها لە پارێزگای ئیدرنە کە هاوسنورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی یۆنان و بولگاریا، دوو هەزار و 489 کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون. لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2019ەوە تاوەکو مانگی ئەیلول، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا 90 هەزار کۆچبەریان تەنها لە پارێزگای ئیدرنە دەستگیرکردووە.
هەر لە هەمان ئەو هەفتەیەدا، لە شارەکانی موگڵە، چاناکاڵ، ئیزمیر، بۆردروم، ئەنتاڵیا و ئایدن کە هەموویان دەکەونە سەر دەریا، زیاتر لە هەزار کۆچبەر لەلایەن هێزەکانى پۆلیسی دەریاوانی و جەندرمەوە دەستگیرکراون.
هاوکات لە پارێزگاکانی کیرکلاریل و تێکیرداگ لە باکوری ڕۆژهەڵات و پارێزگای هاتای لە باشوری تورکیا 273 کۆچبەری تر دەستگیر کراون.
سەرجەم ئەو کۆچبەرە نائاساییانە کە لەو هەفتەیەدا دەستگیرکراون براون بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی یان نێردراون بۆ بنکەکانى کۆچبەران لەو پارێزگایانە.
بەپێی نوێترین ئامار کە سولێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆیی تورکیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە 373 هەزار و 500 کۆچبەر لەڕێگای چوونیان بۆ یۆنان و بولگاریا دەستگیرکراون کە ئەوەش زۆر زیاتر لەو کەسانەى کە ساڵی 2018 دەستگیرکران کە 268 هەزار بوو.
هەربەپێی قسەکانى سۆیلۆ، لە ماوەى سێ ساڵی ڕابردوودا، 172 هەزار کۆچبەری نائاسایی لەلایەن تورکیاوە دیپۆرتی وڵاتانى خۆیان کراونەتەوە.
TMP 18/11/2019
Photo credit: فیشمان 64 – شەتەرستۆک
Photo caption: کۆچبەران بۆ ئەوروپا کۆچ دەکەن
ئەم وتارە شەیر بکە