شەش منداڵی کوردی سوریا بەهۆى نوقمبونی بەلەمەکەیانەوە لە کەناراوەکانى تورکیا خنکان

ڕۆژی ٣ی حوزەیران، کاتژمێر ٢:٢٢ خولەکى سەرلەبەیانى بەکاتى تورکیا، ڕاوچییەکی ماسی لە کەناراوەکانى دێمر لە کەناراوەکانى پارێزگای ئەنتاڵیا پاسەوانى کەناراوەکانى لەنوقمبوونى بەلەمێک ئاگادارکردەوە. بەلەمەکە ١٥ کۆچبەری بە ڕەگەز سوری تێدا بوو کە بەشێکیان کورد بوون، و ویستبوویان لە گەشتێکی پڕ مەترسیدا بۆ یۆنان بپەڕنەوە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا چوار بەلەم و فڕۆکەیەک و هێلیکۆپتەرێکیان نارد بۆ هەوڵی ڕزگارکردنی سەرنشینەکانی ناو بەلەمەکە. پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا بە هاوکاری ڕاوچییەکان توانیان شەش کۆچبەر لە خنکان ڕزگار بکەن، بەڵام نۆ کۆچبەرى دیکەیان گیانیان لەدەستدا. لەو نۆ کەسەی کە گیانیان لە دەستداوە، شەش کەسیان منداڵ بوون و پێنج لەوانیش خوشک و برای یەکتر بوون، دایک و باوکی پێنج منداڵەکە لە نێوان ئەو کەسانەدا بوون کە ڕزگار کران و لە پاش ڕزگارکردنیان گەیەندرانە نەخۆشخانە.

پێنج منداڵە کوردەکە پێکهاتبوون لە (دێرین ڕەشیدی تەمەن ١٣ ساڵ، دڵدار ڕەشیدی تەمەن 10 ساڵ، شیار ڕەشیدی تەمەن ٨ ساڵ، دژوار ڕەشیدی تەمەن 8 ساڵ، و ئامینە ڕەشیدیی تەمەن ٣ ساڵ).

خێزانەکە لە سوریاوە کۆچیان کردبوو بەرەو شاری هاتای تورکیا بەوهیوایەی کە بتوانن لەوێوە کۆچ بکەن بەرەو یۆنان و پاشان بۆ وڵاتانى دیکەى ئەوروپا.

ئیدریس ڕەشیدی باوکی پێنج منداڵە خنکاوەکە بە ڕۆژنامەی دەیلی صەباحی تورکی وتووە “قاچاخچییەکان ئێمەیان خستە ناو بەلەمێکەوەو پێیان وتین کە بڕۆین، وامدەزانی کە ئەوان کاپتنى بەلەمەکە دەبن، بەڵام کەس لەگەڵماندا نەهات. هیچ کام لەو کەسانەی کە لە ناو بەلەمەکەدا بوون نەیاندەزانی کە چۆن بەلەمەکە ئاڕاستە بکەن. بەلەمەکە بۆ ئەوەی کە بگات بە کەناراوەکانی یۆنان پێویستی بە دە خولەک بوو، بەڵام ئێمە زیاتر لە دوو کاتژمێر لە شوێنی خۆمان ماینەوە. لە کۆتایدا، بەلەمەکە نوقم بوو” هەروەها وتووشیەتى کە ئەگەر پاسەوانى کەناراوەکانى تورکیا نەبوونای ئەوه لەگەڵ خێزانەکەشی گیانیان لە دەستدەدا.

بە پێی زانیارییەکانی پاسەوانی کەناراوەکانى تورکیا، لە نێوان مانگی کانونی دووەم و ئایاری ئەمساڵدا لە هەوڵی گەشتکردن و پەڕینەوەی دەریای سپی ناوەڕاست بۆ یۆنان، ٢٦ کۆچبەر گیانیان لە دەستداوە.

هێشتا ڕوون نیە کە ئامانجی سەرەکی بەلەمەکە کوێ بووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا پێیانوایە کە کۆچبەرەکان هەوڵیانداوە بگەن بە دوورگەی کاستێلۆریزۆی یۆنانی بۆئەوەى لەوێ داوای مافی پەنابەرێتی بکەن.

 

ئیدریس و زەینەب، دایک و باوکی ئەو پێنج منداڵەی کە گیانیان لە دەست دا لە ئەنجامی نوقمبونی بەلەمەکەیان لە نزیک ئەنتاڵیا لە تورکیا

TMP – 08/06/2018