تەنها لە مانگی یەکی ئەمساڵدا 92 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، هێشتا تێپەڕبوونی بەلەمی بچوکی کۆچبەران بە ڕێگای مەترسیداری دەریای ناوەڕاستدا بەردەوامە ولە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا بە لایەنی کەمەوە 92 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەى قوربانیان زۆر کەمترە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2019 کە تێیدا 216 کەس گیانی لەدەستدابوو، بەڵام ئامارەکە لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە تورکیا و یۆنان دەبەستێتەوە زۆر بەرزبووەتەوە، مانگی کانونی دووەمی ساڵی ڕابردوو تەنها دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبوون بەڵام ئەمساڵ 63 حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەى کۆچبەرانی نیشتەجێی دورگەکانی یۆنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە مانگی کانونی دووەمی 2019دا، 14 هەزار و 500 کۆچبەری لێ بوو، بەڵام لە هەمان مانگی ئەمساڵدا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 42 هەزار کۆچبەر.
بەهۆی ئەوەوە وڵاتانی دراوسێ لە ڕۆژئاوای بەڵکان چاوەڕیی گەیشتنی ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەران دەکەن، پیتەر ڤان دێر ئاووەڕایت، سەرپەرشتیاری هەرێمی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، “زۆربەى کۆچبەران دەیانەوێت بگەنە بە وڵاتانی تری ئەوروپی و بە دڵنیاییەوە لەگەڵ گەرمکردنی کەشوهەوا و نەمانی بەفر لە شاخەکان دەست دەکەن بە کۆچکردن.”
وتیشی، “بەڵام ناوەندەکانی پێشوازی لە بۆسنە و سیبریا پڕ بوون، بۆیە پێویستە هەر لە ئێستاوە خۆمان ئامادە بکەین، چونکە دەزانین ئێمە لە کاتەکانی بەهاردا ڕوبەڕووی ئاڵنگاری زۆر دەبینەوە.”
TMP – 15/02/2020
وێنەگر: ڤەرڤەردیس ڤاسیلیس/ شەتەرستۆک
ناونیشانی وێنە: یسبۆس، یۆنان، 11ی تشرینی یەکەمی 2015: پەنابەران و کۆچبەران بەسەر بەلەمی بچوکەوە دەگەنە دورگەی لیسبۆسی یۆنان دوای ئەوەى لە تورکیاوە دەریای ئیجەیان تێپەڕاندووە
ئەم وتارە شەیر بکە