بەریتانیا و فەڕەنسا هەوڵەکانیان دوو هێندە دەکەن بۆ ڕێگری لە کۆچبەران لە ئاوی ئینگلیزی
بەریتانیا و فەڕەنسا ڕێککەوتنێکی نوێیان واژۆ کرد بۆ ڕێگریکردن لەو کۆچبەرە نائاساییانەى کە بە بەلەمی بچوک بە نۆکەندی ئینگلیزیدا تێپەڕ دەبن و خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا کە 29ی تشرینی دووەمی دەریکردووە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە کە حکومەتی بەریتانیا ناوەڕۆکەکەى بڵاویکردووەتەوە، هێزی پاسەوانی دەریایی فەڕەنسا لە کەنارئاوەکان دوو هێندە زیاد دەکرێن، ئامێری چاودێریکردنی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕادار و دوربینی گەورە و کامێرای جێگیر زیاد دەکرێن.
پریتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، “سوپاس بۆ زیادکردنی پۆلیسی زیاتری فەڕەنسا لە کەناردەریاکان، هەروەها برەودان بە ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگرییەکان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی هەردوو، بە چاوی خۆمان دەبینین کە هاتنی کۆچبەر کەمی کردووە.”
ئەمساڵ تاوەکو ئێستا، نزیکەى 615 بەلەمی بچوک کە بە لایەنی کەمەوە هەشت هەزار و 90 کۆچبەری نائاسایی و پەناخوازیان هەڵگرتبوو لە نۆکەندی ئینگلیزییەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ئەو ژمارەیەش چوار هێندەى ساڵی 2019یە.
پڕۆژەی کۆچبەر _ 3/12/2020
خاوەنی وێنە: جاڕێترا
ناونیشانی وێنە: نۆکەندی ئینگلیزی
ئەم وتارە شەیر بکە