کۆچبەرانى کوردى عێراق کە داواى مافى پەنابەرێتى لە ئەوروپا دەکەن: بیخوێننەوە بەر لە پێشکەشکردنى داواکارى پەنابەرێتى
کۆچبەرانى کوردى عێراق کە داواى مافى پەنابەرێتى لە ئەوروپا دەکەن: بیخوێننەوە بەر لە پێشکەشکردنى داواکارى پەنابەرێتى
ئەو مەرجانە چین کە پێویستن لە کوردێکى عێراقیدا هەبێت بۆ وەرگرتنى مافى پەنابەرێتى؟ چى ڕوودەدات کاتێک ئەو داواکارییە ڕەت دەکرێتەوە؟ هەروەها کەى مافى پەنابەرێتى وەردەگیرێت؟ جیاوازى چییە لەنێوان کۆچبەر، و داواکارى مافى پەنارێتى (پەناخواز) و پەنابەر؟ لێرەدا زانیارى سەرەکى لەوبارەیەوە وەردەگریت بەرلەوەى کە داواى مافى پەنابەرێتى بکەیت لە وڵاتێکى ئەوروپى.
پەناخواز و پەنابەر مانایان چییە؟
پەناخواز (داواکارى مافى پەنابەرێتى): بارودۆخى کەسێکە کە وڵاتەکەى خۆى جێهێشتووە بەهۆى جەنگ یان مەترسى ڕاستەوخۆى سەرکوتکردن یان ترسى زۆرى هەیە لەوەى لە وڵاتەکەى خۆى زیانى پێبگەیەنرێت و لەبەرئەوە داواى پاراستنى نێودەوڵەتى و مافى پەنابەرێتى دەکات لە وڵاتێکى دیکە.
پەیماننامەى پەنابەرى ساڵى ١٩٥١ مافى پەناخوازان دەپارێزێت. هەرچەندە ئەوان بەشێوەیەکى نائاسایى دەچنە وڵاتێکى دیکە، بەڵام پێویستە دەسەڵاتداران بەپێى ڕێوشوێنى عادیلانە و گونجاو مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، هەروەها بەشێوازێک کە دڵنیابن لەوەى کە ژیانیان سەلامەت بێت لەکاتێکدا داواکارییەکەیان هەڵدەسەنگێنرێت.
پەنابەر کەسێکە کە داواکارى مافى پەنابەرێتییەکەى قبووڵکراوە. ئەو کەسە ڕێگەى پێدراوە کە لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە کە مافى پەنابەرێتى پێ بەخشیووە بۆ کاتێکى دیاریکراو، کە دەبێت ئەو کەسە بەڵگەى پێویستى خستبێتە بەردەست کە ژیانى لە وڵاتەکەى خۆیدا لە مەترسیدایە و ڕووبەڕووى سەرکوتکردن دەبێتەوە.
لەلایەکى ترەوە ئەوانەى کە مافى پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە پێویستە وڵاتەکە جێبهێڵن یان بەهەمانشێوەى پەنابەرانى نائاسایى دووردەخرێنەوە.
جیاوازى کۆچبەر، کۆچبەرى نائاسایى و کۆچبەرى ئابوورى
کۆچبەر زاراوەیەکە بەکاردێت بۆ هەموو ئەوانەى کە وڵاتەکەى خۆیان جێدەهێڵن، ئیتر بۆ داواکردنى مافى پەنابەرێتى بێت بەهۆى ئەوەى ژیانیان لەمەترسیدایە، یان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان، یان بۆ خوێندن بێت یان بۆئەوەى کە بارودۆخى ئابوورى و کۆمەڵایەتییان پێشبخەن.
کۆچبەرى ئابوورى کەسێکە کە بەشێوەیەکى خۆبەخشانە کۆچى کردووە بۆ وڵاتێکى دیکە بۆئەوەى ئاستى ژیانى خۆى پێشبخات. کۆچبەرى ئابوورى دەبێت بەشێوەیەکى ڕێکخراو (بۆنمونە لەڕێگەى ڤیزاوە) کۆچ بکەن و ژیان بەسەر بەرن. ئەوانەى کە ڤیزایەکى یاساییان نییە بۆ کارکردن ئەوا ڕووبەڕووى دەستگیرکردن و دوورخستنەوەیان بۆ وڵاتەکەى خۆیان دەبنەوە.
کۆچبەرى نائاسایى کەسێکە کە بەشێوەیەکى نائاسایى کۆچى کردبێت بۆ وڵاتێکى دیکە. ئەوە ماناى ئەوەیە کە ئەو کەسە دۆکیومێنتێکى تەواوى گەشت و کۆچکردن یان ڤیزایەکى دروستى نیە. لەبەرئەوە ئەو کەسە پێگەى یاسایى نییە بۆمانەوە لەو وڵاتەى کە پێیدا تێیدەپەڕێت یان میواندارى دەکات.
داواکردنى مافى پەنابەرێتى لە ئەوروپا لەلایەن کوردێکى عێراقەوە
تەنها ئەوانەى کە بەڵگەى بەهێزیان هەیە کە ژیانیان لە مەترسی سەرکوتکردندایە یان لەژێر هەڕەشەدایە دەتوانن داواى مافى پەنابەرێتى بکەن. پڕۆسەى داواکردنى مافى پەنابەرێتى درێژخایەنە و پێویستى بە وردەکارى و بەڵگەى زۆر هەیە.
لە زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپیدا ، زۆربەى داواکارى مافى پەنابەرێتى لەلایەن هاووڵاتیانى عێراقییەوە ڕەت دەکرێتەوە، هەندێک لە وڵاتانى ئەوروپا تەنها لەسەدا ٧ى داواکارى مافى پەنابەرێتى عێراقییەکان قبووڵ دەکەن، بەوشێوەیە زۆرینەى عێراقییەکان ناچار دەکەن کە بگەڕێنەوە لەدواى ئەوەى کە پارەیەکى زۆر لەڕێگەى کۆچکردندا خەرج دەکەن.
هەر بۆنمونە، فینلاند یاساکانى خۆى نوێکردووەتەوە و عێراقى وەکو وڵاتێکى سەلامەت ناوزەد کردووە. بەوهۆیەوە، زۆرینەى داواکارى مافى پەنابەرێتى لەلایەن عێراقییەکانەوە ڕەتدەکرێتەوە بەبێ ئەوەى کەیسە جیاوازەکان لەبەرچاو بگیرێن. بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵى ٢٠١٦دا، لەدواى ئەڵمانیا، فینلاند دووەم وڵات بووە لە ڕیزبەندى ئەو وڵاتانەى کە عێراقییەکان ویستوویانە کۆچى بۆ بکەن. لەئێستادا، داواکردنى مافى پەنابەرێتى لەو وڵاتە چیتر بژاردەیەک نییە بۆ عێراقییەکان.
کۆچبەران کاتێک داواى مافى پەنابەرێتى ددەکەن ناتوانن خۆیان ئەو وڵاتە هەڵبژێرین کە دەیانەوێت لێى بژین. دەبێت ڕاستەوخۆ لەو وڵاتە ئەوروپیەى کە لێوەى داخڵ دەبن داواى مافى پەنابەرێتى بکەن و پێدەچێت ئەگەر لەو وڵاتەوە کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکى دیکە ئەوا بۆ هەمان وڵات دیپۆرت بکرێنەوە.
چاوەڕوانى بۆ بڕیار
داواکارانى مافى پەنابەرێتى ڕێگەى کارکردنیان پێنادرێت لە ئەوروپادا لەکاتێکدا کە داواکارى مافى پەنابەرێتیان لە پڕۆسەى هەڵسەنگاندندایە. کە هەندێجار دەکرێت ساڵێک زیاتر بخایەنێت.
پەناخوازان پێویستە لە کامپدا بمێننەوە یان بەھاوبەشی لەگەڵ خەڵکی دیکە لە شوێنێکی نیشتەجێبوون بمێننەوە، زۆربەی جار لە ناوچە دوورەکاندا دەبن و دوورن لە ھاوڕێ و لە شار و لە دەرفەتی کار. لە ناوەندەکانی نیشتەجێکردن خواردن وەردەگرن، بەڵام زۆر بە دەگمەن پارەیان پێدەدرێت، لەبەرئەوە سەختە کە بتوانن پارە پاشەکەوت بکەن لەکاتێکدا چاوەڕوانی یەکلابوونەوەی کەیسەکانیان دەکەن.
محمد، کە کوردێکە و گەڕاوەتەوە بۆ ھەولێر* بە پەشیمانییەوە باسی لەوە کرد: “کاتێک گەیشتمە ئەڵمانیا، لەدوای ئەوەی کە لە تورکیا ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوومەوە و لە یۆنان زیندانی کرام، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە پڕۆسەی داواکردنی مافی پەنابەرێتی زۆر سەختە، بەھیچ شێوەیەک وەکو ئەوە نەبوو کە پێشبینیم دەکرد لەکاتێکدا کە بڕیاری ئەوەمدا کە لەڕێگەی قاچاخچییەکەوە کۆچ بکەم. ئەوانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆچ دەکەن، پڕۆسەی ھەڵسەنگاندنی کەیسەکانیان پڕۆسەیەکی درێژخایەن و بێزارکەرە. ئەگەر بمزانیبایە کۆچکردن بۆ ئەوروپا بەوشێوەیە دەبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە بڕیارێکی لەوشێوەیەم نەدەدا، و ژیانی خۆمم نەدەخستە مەترسییەوە و پارەیەکی زۆرم لەو کۆچکردنە خەرج نەدەکرد.”
شوێنی مانەوە و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ پەناخوازان
وڵاتانی ئەوروپا شوێنی مانەوەی سەرەتایی و یارمەتی پزیشکی پێشکەش دەکەن بە پەناخوازان. بەڵام، پەناخوازان ناتوانن بڕیار بدەن لەبارەی شوێنی ژیانی خۆیانەوە، و ئازادییەکی سنوورداریشیان ھەیە لەبارەی جێگۆڕکێیان، کە ھەندێجار شوێنی مانەوە لە ھەندێ ناوچەی دەرەوەی شار دەبێت. ئەگەر پەناخوازەکە تەنانەت خزمو کەسوکاریشی ھەبێت لەو وڵاتەدا، قورس دەبێت بتوانێت سەردانیان بکات.
پەناخوازان تەنھا چارەسەری پزیشکی سەرەتاییان پێدەبەخشرێت بەشێوەیەکی سنووردار. بەشداربوون لە بیمەی تەندروستی لەڕووی یاساییەوە ھەندێ ڕێوشوێنی ھەیە کە بۆ پەناخوازان نابێت بەتایبەت لە بەلجیکا، ئەڵمانیا و ھۆڵەندا. لەکاتێکدا کە ھۆڵەندا لە ڕابردوودا پارەی دەدا بە پەناخوازان بۆئەوەی چارەسەری پزیشکی خۆیان بکەن، لە ٢٠١٧ـەوە چیتر ئەو یارمەتییانە بۆ پەناخوازان خەرج ناکرێت. کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێنماییەکی تێروتەسەلی بڵاوکردووەتەوە لەبارەی چۆنیەتی دابینکردنی بیمە بۆ پەنابەران لە زۆرێک لەو وڵاتانەی پەناخوازان ڕوویان تێدەکەن.
ئەوکاتەی مافی پەنابەرێتی ڕەتدەکرێتەوە چی ڕوودەدات
ئەو پەناخوازانەی کە مافی پەنابەرێتییان ڕەت دەکرێتەوە دەبێت لەماوەی یەک مانگدا بگەڕێنەوە بۆ عێراق و زۆربەی کات لەناوەندەکانی دەستبەسەرکردن زیندانی دەکرێت کە ھەروەکو زیندانێک وایە.
بەزۆر ناردنەوە مانای ئەوەیە کە ئەو کەسە بەزۆر ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێتەوە کە لێوەی ھاتووە، یان ئەو وڵاتەی پێیدا تێپەڕیوە یان وڵاتی سێیەم لەسەر بنەمای بڕیارێکی حکومی یان بڕیاری دادگا. دیپۆرتکردنەوە و دوورخستنەوە جۆرێکن لە جۆرەکانی بەزۆر ڕەوانەکردنەوە.
وڵاتانی ئەوروپا کۆچبەران بۆ عێراق دەنێرنەوە
وڵاتانی ئەوروپا لەم دواییانەدا یاسا و ڕێوشوێنەکانی خۆیان گۆڕیوە بەشێوەیەک کە زۆر ئاسانتر و خێراتر کۆچبەرانی نائاسایی دەگێڕنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. ھەندێ وڵات مەرج لەسەر کۆچبەران دادەنێن کە دەبێت بڕێک پارە بدەن بە حکومەت وەکو گرەنتییەک تاوەکو ئەوەی کۆچبەرەکە دەچێتە ناو فڕۆکە و دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.
حکومەتەکانی ئەوروپا بەبەردەوامی چاودێری بارودۆخی ئەمنی ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەکەن بۆئەوەی بزانن کە ئایا دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی عێراق بۆ نیشتمانی خۆیان دژ بە یاساکانی ئەوروپایە یاخود نا. ئەوانەی خوارەوە نمونەی چەند گۆڕانکارییەکی ئەم دواییەن لە یاساکانی وڵاتانی ئەوروپادا، بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش ھەمان سیاسەتیان ھەیە.
بەریتانیا یاساکانی خۆی بەرامبەر بە پەناخوازان بۆ ٢٠١٧ نوێکردەوە. لەوکاتەوە، کۆچبەری نائاسایی دەکرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ کەرکوک، چونکە ئەو ناوچەیەش وەکو ناوچەیەکی سەلامەت تەماشا دەکرێت. لەئێستادا ناردنەوەی پەناخوازان بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق شتێکی ئاساییە. ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئەو کەسانەی لە کوردستانی عێراقەوە دەچنە ئەوروپا ئەگەرێکی کەمیان ھەیە کەیسەکانیان قبووڵ بکرێت.
تێبینی ئەوەش بکەن ئەو گۆڕانکارییانە بەسەر ئەو کۆچبەرە نائاسایی و پەناخوازانەشدا جێبەجێ دەکرێت کە دەچنە ئەوروپا. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، ڕێگای یاسایی ھەیە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا کە لە ڕێگادا ھیچ مەترسییەک ڕووبەڕووی پەناخواز نابێتەوە.
ژیان لە ئەوروپا وەکو پەنابەرێک
چی ڕوودەدات کاتێک کەیسی پەناخوازێک قبووڵ دەکرێت؟ بوون بە پەنابەر لە ئەوروپا کێشە و تەحەدای دیکەش لەخۆدەگرێت. ئەوانەی کە ئەوانەی کە مافی پەنابەرێتی وەردەگرن بۆ چەندین مانگ و ھەندێجار بۆ چەندین ساڵ ڕێگەیان پێنادرێت کە کار بکەن بۆئەوەی پارە پەیدا بکەن. زۆر سەختە بتوانن ئەو پارەیە بەدەست بھێننەوە کە لەڕێگای کۆچکردن خەرجیان کردووە.
ئەو کۆچبەرانەی کە مافی پەنابەرێتیان قبووڵ دەکرێت مافی مانەوەیان پێدەدرێت و مافی کارکردنیان دەبێت. مافی مانەوەکە بۆ کاتێکی دیاریکراوە، بەڵام، لە ھەندێک وڵاتدا ئەو ماوەیە تەنھا سێ ساڵ دەبێت. لەدوای تەواو بوونی ئەو ماوە دیاریکراوە، کۆچبەران دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەوەش مانای ئەوەیە کە داھاتوویان و ژیانیان لە ئەوروپا مایەی دڵنیایی و سەقامگیری نیە.
چانسی نوێکردنەوەی مافی نیشتەجێ بوون بۆ ماوەیەکی درێژتر لەدوای تەواو بوونی ئەو ماوەیە کەمە، و ئەگەر کۆچبەرەکە توانی سەرکەوتوو بێت، لەوانەیە ڕێگەیان پێبدرێت بۆ چەند مانگێکی دیکە یان چەند ساڵێکی دیکە بمێننەوە.
دۆزینەوەی کار وەکو پەنابەر لە ئەوروپا
کاتێک مافی پەنابەرێتی قبووڵ کرا، ھێشتا قورسە بتوانیت کە دەرفەتی کار بەدەست بھێنیت، بەتایبەت کە ئەو کەسە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا نەبێت. ئەگەر کۆچبەرەکە زمان نەزانێت و لێھاتوویی پێویستی نەبێت لەوانەیە چەند ساڵێک بخایەنێت تاوەکو کارێک دەدۆزێتەوە.
بۆنمونە لە ئەڵمانیا، نزیکەی نیوەی پەنابەران کە (٤٨٤٠٠٠) پەنابەر دەبن ھێشتا بەدوای دەرفەتێکی کاردا دەگەڕێن. وەزیرێکی حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت لەوانەیە لە ھەندێ حاڵەتدا دۆزینەوەی کار لەئەڵمانیا نزیکەی ٥ ساڵی پێویست بێت.
ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ کوردستانی عێراق بە ڕێکخراوی سیفاڕیان وتووە کە زۆر بێزاربوون لەوەی کە نەیانتوانیووە دەرفەتێکی کاری یاسایی لە ئەوروپا بەدەست بھێنن، ھەر بەوھۆیەشەوە نەیانتوانیوە پارەی پێویست بۆخۆیان یان بۆخاوخێزانیان دابین بکەن.
گەڕانەوە بۆ کوردستان
ئەو بارودۆخە سەختانەی ڕووبەڕووی کۆچبەران دەبێتەوە وادەکات کە زۆرێک لە عێراقییەکان بڕیاری گەڕانەوە دەکەن بۆ وڵاتی خۆیان سەرەڕای ئەو پارەیەی کە لەڕێگای کۆچدا خەرجیان کردووە.
گەڕانەوەی خۆبەخشانە ئەو زاراوەیە بەکاردێت بۆ ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی پشتیوانییەکی داراییەوە یان سەربەخۆیانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێی ھاتوون، یان پێدا تێپەڕیون یان بۆ وڵاتی سێیەم لەسەر بنەمای خواستی ئازادەی خۆیان.
ئەو کۆچبەرانەی بیر لە گەڕانەوە دەکەن دەتوانن داوای یارمەتی بکەن لە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی. بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی خۆبەخشانە گەڕانەوە، داواکردنی مافی پەنابەرێتی و بارودۆخی پەناخوازان، پەیوەندی بەم ژمارانەمانەوە بکە کە لەڕێگەی واتساپ و ڤایبەریش دەتوانیت پەیوەندی بکەیت.
لە کۆتاییدا
کۆچبەر، پەنابەر، کۆچبەری نائاسایی، پەناخواز ئەو زاراوانەن کە لەلایەن زۆرکەسەوە بەکاردێن بەبێ لێکدانەوە بۆ پێگە یاسایی و جیاوازییەکانی ئەو زاراوانە. پەنابەران، پەناخوازان، و کۆچبەرانی نائاسایی ھەموویان کۆچبەرن، بەڵام ھەریەکێکیان مافی جیاوازیان ھەیە.
ڕێوشوێنەکانی داواکردنی مافی پەنابەرێتی درێژخایەن و سەختە. پەناخوازان لەکاتی ھەڵسەگاندنی کەیسەکانیان مافی سەرەتاییان ھەیە بۆ خزمەتگوزارییەکان.
زۆرینەی کەیسەکانی مافی پەنابەرێتی کوردستانی عێراق ئەگەر ھەیە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا ڕەت بکرێتەوە. ئەوەش بەومانایە دێت ئەوانەی کە داواکارییەکەیان ڕەتکراوەتەوە ناچار دەکرێن وڵاتەکە جێبھێڵن.
وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی مافێکی کاتییە بۆ ژیان و کارکردن لەو وڵاتەی کە مافی پەنابەرێتی تێدا وەرگیراوە. بەڵام، پێدەچێت پەنابەرێکی کوردستانی عێراق چەند ساڵێک بخایەنێت تاوەکو کارێک دەدۆزێتەوە.
زۆرێک لە کوردانی عێراق لەئێستادا دەگەڕێنەوە، سەرەڕای ئەو پارە و کات و وزەی کە لەڕێگای کۆچدا خەرجیان کردووە، ئەمەش بەھۆی ئەو بارودۆخە سەختەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە و ئەو قازانجە کەمەی کە لە ژیان لە ئەوروپا دەستیان دەکەوێت وەکو کۆچبەرێکی نائاسایی، یان پەناخواز و پەنابەر.
بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی کۆچکردن بۆ ئەوروپا بۆ کوردانی عێراق، ئەمانە بخوێنەرەوە:
- کۆچبەرانی کوردی عێراق لە ئەوروپا: ئەو یاسایانەی کە پێویستە بیانزانیت
- ئەو مەترسییە سەرەکییانەی کە کوردانی عێراق وەکو کۆچبەری نائاسایی لە ئەوروپا تووشی دەبن
- کۆچبەری نائاسایی بۆ ئەوروپا: تێچووی ڕاستەقینە بۆ کوردانی عێراق
- کۆچی نائاسایی: ئەڵتەرناتیڤە سەرنجڕاکێشەکان بۆ کوردانی عێراق
ئەگەر ئەو زانیارییانە بۆتۆ سوودمەند بوون، تکایە شەیری بکە.