کۆچکردنی نائاسایی بۆ ئەوروپا، تێچوویەکی ڕاستەقینە بۆ کوردانی عێراق
کۆچکردنی نائاسایی بۆ ئەوروپا، تێچوویەکی ڕاستەقینە بۆ کوردانی عێراق
زۆرێک لە کۆچبەرانى کوردی عێراق کات و پارە بەفیڕۆ دەدەن و لە گەشتى کۆچکردنی نائاساییدا بۆ ئەوروپا ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە. تێچووی ڕاستەقینەی گەشتی نائاسایی بەرەو ئەوروپا بۆ کوردانی عێراق چین؟ ئایا بریتین لە لەدەستدانی پارەیەکی زۆر و کات و ژیانی کەسێک؟ لە خوارەوە چەند نمونەیەکى زیندوو بخوێنەوە.
هەموو مانگێک، کۆچبەران کە پێشتر بڕە پارەیەکى زۆریان لە گەشتکردندا خەرجکردبوو بە شێوەیەکى ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق. تەنها لە ساڵی ٢٠١٦دا، نزیکەى ١٣ هەزار کەس لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە عێراق. زۆرێک هەژارتر دەبن بەراورد بەو کاتەى کە لە نیشتمان بوون. ئەمە بۆچی؟ چونکە زۆرجار قاچاخچییەکان درۆ دەکەن لەبارەى خەرجی گەشتەکەوە کە لە کۆتاییدا درێژتر و مەترسیدارتر و کەمتر قازانجی هەیە وەک لەوەى چاوەڕێ دەکرێت. لە خوارەوە چەند هۆکارێک باسکراون.
کۆچکردنی نائاسایی بڕیارێکى دارایی مەترسیدارە
کۆچکردن بە تایبەت بە نائاسایی سەرمایەگوزارییەکی گەورەیی داراییە و بێکاربوونی تێدایە و لەوانەشە نەتوانیت بۆ ماوەیەکی زۆر بژێوی خۆت دابین بکەیت و ژیانى کەسێک بکەوێتە مەترسییەوە.
هەزاران عێراقی بڕیاریانداوە لە ئەوروپاوە بگەڕێنەوە عێراق و پارە و کاتەکەشیان بەفیرۆچووە. ئەوان وەها بڕیارێکیان داوە چونکە:
- داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە
- داواکاری مافی پەنابەرێتی کاتێکی زۆری پێدەچێت و کۆچبەران ماندوو دەبن لە چاوەڕوانی.
- ژیان لە ئەوروپا سەخت و گرانە.
- ئەوان بیری خێزانەکانیان دەکەن و ناتوانن هاوکارییان بکەن.
ساڵی ٢٠١٥، دلاوەر عومەر هەموو پارە پاشەکەوتکراوەکەى خەرجکرد بۆ کۆچکردن لە ڕەواندوزەوە بۆ ئەوروپا. دواتر بۆی دەرکەوت کە واقیعی ئەوێ زۆر دورە لەو چیرۆکانەى کە خزمەکانی بۆیان باس کردبوو. ” لەدوای یەک ساڵ و نیو و خەرجکردنی ١٣ هەزار دۆلاری ئەمەریکی، بۆم دەرکەوت هەموو ئەو شتانە درۆ بوون. ئەمتوانی بەو پارەیە ژیانێکى زۆر خۆشترم هەبێت لە هەولێر. ئەمتوانی شتانێکی زۆر بکەم لە هەولێر، زۆر خۆشتر لەو ژیانەى کە لە کەمپەکاندا بەسەرمبرد بە چاوەڕێکردن.” دەسەڵاتدارانى ئەڵمانیا داواکاری مافی پەنابەرێتی دلاوەریان ڕەتکردەوە و زۆریان لێکرد بگەڕێتەوە. ئەو ئێستا کارێکی نوێی دەستپێکردووە لە هەولێر و دەیەوێت ئەو پارەیەی دەستبکەوێتەوە کە لە گەشتکردنی نائاسایی بۆ ئەوروپا خەرجی کردووە.
ئەو بڕە پارەیەی کە قاچاخچی داوای دەکات بۆ گەشتەکە
قاچاخچییەکان لەوانەیە بڵێن ڕێگاکە سەلامەت و هەرزانە و بەڵێنى هەلی کار بدەن لە ڕێگادا و هەروەها لە ئەوروپاش. بەڵام ئەوە ڕاست نییە. زۆرجار زۆر خەرجی زیادەى چاوەڕواننەکراو دێتەپێشەوە و قاچاخچییەکان پارەی زیاتر لە کۆچبەران دەسێنن لە گەشتەکاندا. لە کۆتاییدا، زۆرجار کۆچبەران قەرزار دەبن و کاتێک هەوڵی گەشتکردن دەدەن بۆ ئەوروپا بە شێوەیەکى نائاسایی پارە لەدەستدەدەن.
گەشتەکە نزیکەى شەش هەزار دۆلاری ئەمەریکی تێدەچێت و هەندێجار دەگاتە ٢٠ هەزار دۆلار یان زیاتر. بۆ نمونە لە ٢٠١٨دا، باندێکى قاچاخچی دەستگیرکرا کە ئەندامەکانیان قاچاخییان بە کۆچبەرانەوە کردووە لە چەند وڵاتێکی وەک عێراق و ١٨٠٠ بۆ ٨ هەزار دۆلاری ئەمەریکییان لە کۆچبەرەکان وەرگرتووە بۆئەوەى بیانگەیەننە ئەوروپا.
بەبێ هاوکاری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، خەرجی ژیان زۆر قورسە بۆ کۆچبەران و قاچاخچییەکانیش نرخەکانیان بەرزکردووەتەوە. ساڵی ٢٠١٧، کۆچبەرێک بە سیفاری وت کە پێشتر قاچاخچییەکان گەڕەنتی بردنی کۆچبەریان دەکرد بۆ بەریتانیا تەنها بە ٨٥٠٠ دۆلار بەڵام ئێستا ٧٠٠٠ هەزار دۆلار وەردەگرن تەنها بۆ گەیاندنی کۆچبەر بە فەڕەنسا و داوای ٥٠٠٠ دۆلاری دیکە دەکەن بۆ ئەوەى بیانبەنە بەریتانیا کە گەڕەنتیشی لەگەڵ نییە.
پێشئەوەى گەشت بکەیت، ئەم شتانە بزانە
لە هەندێ حاڵەتدا، کۆچبەران باسیان لەوە کردووە کە نیوەی پارەکە لە سەرەتای گەشتەکەدا دەدرێت و دواتر لە ڕێگادا یان لە وڵاتی مەبەست بەشەکەی دیکە دەدرێت. دلاوەر وتیشى، ” قاچاخچییەکان داوای ٨٠٠٠ دۆلاری ئەمەریکییان کرد کە نیوەی لە سەرەتادا پێمدان و نیوەکەى تری کاتێک کە گەیشتمە ئەڵمانیا.” بەڵام ئەمە کۆچبەر دەخاتە بەر هەڕەشەی بەکارهێنان (ئیستیغلالکردن) و بازرگانیکردن چونکە ئەوان قەرزاری قاچاخچییەکانن.
کاتێک کۆچبەران گەشتەکەیان دەستپێدەکەن، زۆرجار نازانن تا کۆتایی چەند پارەی تێدەچێت، چونکە قاچاخچییەکان لەڕێگادا داوای پارە دەکەن و نرخەکەشى بەپێی مەترسی ڕێگاکە زیاد دەکەن. ئەوان نەک تەنها پارە لەدەستنادەن، بەڵکو چەند هەلێکیش لەدەست دەدەن بۆ بەدەستهێنانی پارە لەکاتی گەشتەکەیاندا.
خەرجی ژیان لە ئەوروپا
جیاواز لە خەرجی گەشتەکە، کۆچبەران پارەیان پێویستە بۆ خواردن و شوێنی نیشتەجێبوون بەدرێژایی ڕێگاکە و هەندێجاریش دەبێت بەرتیل و سەرانە بدەن. زۆرجار دزی و تاڵانیان لێ دەکرێن لە گەشتەکەیاندا یان لە کەمپی پەنابەران و کەمپە کاتییەکان کە پێویستە تێدا بمێننەوە لە نیوەی ڕێگادا یان ئەو وڵاتەى کە داوای مافی پەنابەرێتی تێدا دەکەن.
سولەیمان کۆچبەرێکی نائاسایی لە پاریس دەڵێت، “خەڵکێکی زۆر شێتی لێیە… من دوێنێ شەڕم کرد. خەڵک موبایلەکەیان بردم، من ٣٠٠ یۆرۆم پێبوو، هەمووی برا.”
خەرجی ڕۆژانەى شوێنی مانەوە و گواستنەوە و خواردن لە شارەکانی ئەوروپا زۆر بەرزە. لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، خێزانێکی مامناوەند هەفتانە ٧٠٠ دۆلار خەرجدەکات بۆ ئەوەى بە ئاسودەیی بژی. هاوکات لە بەریتانیا خەرجی ژیان بۆ هەر هەفتەیەک ٥٨٩ پاونە و جیاوازییەکى ئەوتۆی نییە لەگەڵ وڵاتانی دیکەى ئەوروپا.
چەند شتێک دەربارەى دۆزینەى کار لە ئەوروپا
ڕێگە نادرێت بە کۆچبەرانى نائاسایی و ئەوانەشی کە چاوەڕێی وەرگرتنەوەى وەڵامی داواکاری مافی پەنابەرێتى دەکەن کار بکەن.
بەبێ کار زۆر سەختە بژیت و هەرگیز ناتوانیت پارە پاشەکەوت بکەیت. کۆچبەر نزیکەى دوو ساڵی دەوێت بۆ ئەوەى ئەو پارەیە بەدەستبهێنێتەوە کە لە گەشتەکەیدا بۆ ئەوروپا خەرجیکردووە. ناشتوانیت پارە پاشەکەوت یاخودا حەواڵەى بکات.
*ژیان ئەحمەد، دایکى سێ منداڵ کە دوای ئەوەى شەش ساڵ لە سوید ژیاوە و بە زۆر دیپۆرتکراوەتەوە دەڵێت، “ئای خوایە گیان، ژیانێکى زۆر ناخۆشمان هەبوو، بێ کار، هیچ داهاتێکمان نەبوو، زۆرجار خزمەکانمان لە عێراقەوە پارەیان بۆ دەناردین، بەراستى ئەگەر مافی نیشتەجێبوونت نەبێت لەوێ، هیچ مافێکت نابێ.”
لە کۆتاییدا
- هەزاران کوردی عێراقی بە شێوەیەکى مەترسیدار و نائاسایی بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی کۆچکردن لە ئەوروپا گۆڕاوە و چەندین یاسای بۆ داواکاری مافی پەنابەرێتى دەرکراوە.
- داواکاری مافی پەنابەرێتى لە ئەوروپا چەند ساڵێکى پێدەچێت. داواکارانى مافی پەنابەرێتى کە هەزاران دۆلاری ئەمەریکی خەرج دەکەن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا ناتوانن کار بکەن هەتاوەکو وەڵامی داواکارییەکەیان نەدرێتەوە.
- گەشتەکە نزیکەى شەش هەزار دۆلاری ئەمەریکی تێدەچێت، هەندێجار دەگاتە ٢٠ هەزار دۆلار و زیاتریش.
- زۆرجار قاچاخچییەکان نیوەى پارەکە وەردەگرن و دواتر لەڕێگادا داوای بەشەکەى دیکە دەکەن، واتە کاتێک کۆچبەر دەگاتە ئەوروپا قەرزاری قاچاخچییە.
- لەکاتێکدا کۆچبەر ناتوانێت کار بکات، ئەوان دەکەونە ژێر هەڕەشەی سوکایەتى و بەکارهێنان (ئیستیغلالکردن) و بازرگانیکردن. نەبوونى ئاسایش لە کەمپەکاندا زۆر باوە.
- لە زۆرێک لە شارەکانى ئەوروپا، ئاستى خەرجی خێزان نزیکەى ٧٠٠ دۆلاری ئەمەریکییە بۆ هەر هەفتەیەک تاوەکو بە ئاسودەیی بژیت.
- نزیکەى دوو ساڵی پێدەچێت تاوەکو کۆچبەر بتوانێت ئەو پارەیەی بەدەستبهێنێتەوە کە لە گەشتەکەیدا خەرجیکردووە. بەبێ بوونى کاریش، پێویستە داوای پارەی زیاتر بکەن لە خێزانەکانیان بۆ پێداویستى رۆژانەیان.
- کۆچکردنی نائاسایی لەڕوی داراییەوە مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆسەر ژیان. بۆیە تەنها لە ساڵی ٢٠١٦دا، نزیکەى ١٣ هەزار عێراقی لە وڵاتانی ئەوروپا گەڕاونەتەوە بۆ عێراق.
زانیاری زانستە، زانستیش هێزە، بۆیە تکایە ئەمە بڵاوبکەرەوە بەڵکو یارمەتى کەسێک بدات
چەند جێگرەوەیەک ببینە بۆ کۆچکردنی نائاسایی