کوردستانى عێراق

کۆچبەرانى کوردی عێراقی لە ئەوروپا: پێویستە چەند سیاسەتێک بزانن

کۆچبەرانى کوردی عێراقی لە ئەوروپا: پێویستە چەند سیاسەتێک بزانن

ئەو پێداویستییانە چین کە کۆچبەرێکى کوردی عێراق پێویستێتى بۆ بەدەستهێنانی کار لە ئەوروپا؟ ئایا ئەوانەى داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن دەتوانن کار بکەن؟ چ وڵاتێک سیاسەتەکانیان بەرامبەر کۆچی نائاسایی گۆڕیوە؟ چی ئەبێت ئەگەر من زمانەکەیان نەزانم؟

گرنگترین گۆڕانکاری لە سیاسەت و مەرجەکانى ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کەسێک کە دەیەوێت کۆچ بکات یان کۆچبەری نائاسایی لە کوردستان عێراقەوە بزانە. بە زانینی ئەم بابەتانە، لەوانەێ کات و داهاتێکی زۆرت بۆ بگەڕێنێتەوە.

ژیان لە ڕاگوزەردا (ئەو وڵاتانەى کە پێیدا تێپەڕدەبیت)

زۆرجار کۆچکردنی نائاسایی کاتی زیاتری پێدەچێت وەک ئەوەى چاوەڕێ دەکرێت. تێپەڕبوون بە سنوری وڵاتانى ئەوورپادا پڕە لە ئاڵنگاری. بۆیە زۆرجار کۆچبەرانى کوردی عێراق چەند مانگێک یان هەندێجار چەند ساڵێک لە وڵاتانی ڕاگوزەردا بەسەردەبەن بەتایبەت یۆنان و تورکیا و فەڕەنسا.

ژیان لە ڕاگوزەردا پڕ ئاڵنگارییە چونکە هیچ پاڵپشتییەکى یاسایی و پاراستنت نییە، داهاتێکى زۆر سنوردارت هەیە. زۆرجار کۆچبەران لە ڕێگادا کار دەکەن بۆئەوەى شتێک لەو پارەیەیان دەستبکەوێتەوە کە لە گەشتەکەیاندا خەرجیان کردووە. ئەوان دەبنە نێچیری بەکارهێنانی کار (ئیستیغلالکردن) یان بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. زیاتر بزانە دەربارەی نۆ لە مەترسییەکان کە ڕوبەڕوی کۆچبەری نائاسایی کورد دەبنەوە لە ڕێگای چوونیان بۆ ئەوروپا.

ئەو کۆچبەرانەى کە هیچ داهاتێکیان نییە لەژێر هەڕەشەی بێ ماڵ و خانوویدان و زۆرجار لەسەر شەقامەکان دەژین. لەجیاتى هاوکاریکردن خێزانەکانیان، زۆرجار کۆچبەران لە ئەوروپا پێویستە داوای پارەی زیاتر لە ماڵەوە بکەن بۆ ئەوەى زیندوو بمێنن.

سیاسەتەکان لەدژى کۆچکردنی نائاسایی لە ئەوروپا

بەبێ بوونی ڤیزایەکى گونجاو گەشتکردن بۆ ئەوروپا بۆ باشکردنی باری ئابوری نائاساییە. وڵاتانی ئەوروپا یاساکانی کۆچیان توندتر کردووەتەوە، مانەوە و ڕاگوزەری کۆچبەرانیان سەختتر کردووە (زانیاری زیاتر لە خوارەوە هەیە)، فشاریان لە زۆر کۆچبەری کوردی عێراق کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ کوردستان.

وڵاتانی یەکێتى ئەوروپا پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە دۆخی پەنابەرانیان واژۆ کردووە و دەیانەوێت ئەو پەنابەرانە بپارێزن کە یاساکان جێبەجێ دەکەن. هاوکات پێویستە سنورەکانیان بپارێزن و پشکنین بکەن کە ئایا کۆچبەران مەرجی وەرگرتنی پەنابەرێتییان تێدایە یان نا. پێویستە لەسەر حکومەتەکان بزانن کێ دێتە وڵاتەکەیان یان دەچێتە دەرەوە بۆ ئەوەى خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هاوڵاتیانیان لە تیرۆرستان و ماددە هۆشبەرەکان و تاوان بپارێزن.

کارکردن لە ئەوروپا وەک کۆچبەرێکى کوردی عێراقی

دۆزینەوەى کار لە ئەوروپا زۆر جیاوازترە لە دۆزینەوەى کار لە هەرێمی کوردستان. سەرەتا پێویستە ڤیزات هەبێت چونکە بازاری هەلی کار فەرمییە و هەموو کەسێک پێویستە مۆڵەتی یاسایی هەبێت تاوەکو بتوانێت کار بدۆزێتەوە. کۆچبەرانی نائاسایی ناتوانن کار بەدەستبهێنن و حکومەتیش هیچ ئۆفەرێکت پێشکەش ناکات.

داواکاری مافی پەنابەرێتی لە ئەوروپا ناتوانێت کار بکات هەتاوەکو کەیسەکەى یەکلایی نەبێتەوە. کوردانی عێراق لەدوی مافی پەنابەرێتى دەگەڕێن، ئەمانە بخوێنەوە پێش پێشکەشکردنی داواکاری.

چەند دەزگایەکى تایبەت بە چاودێری یاسا هەن پێیان دەوترێت پشکنەرانى کار کە تەنها کاریان دۆزینەوەی کرێکارانى نایاساییە. ئەوانەى بە نایاسایی کار دەکەن هەمیشە لەژێر هەڕەشەی دەستگیرکردندان. خاوەن کارە خراپکارەکان ئەوە دەزانن و دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی کۆچبەران (ئیستغلال کردن).

ڤیزا کارت پێ نادات

زۆرجار پێویستە کۆچبەران شارەزاییەکی نوێ بەدەستبهێنن بۆ دۆزینەوە کار. جۆری کارەکان لە ئەوروپا زۆر جیاوازترن لە کارەکانى هەرێمی کوردستان و شارەزایی جیاوازیان دەوێت. زۆرجار خاوەنکارەکانی ئەوروپا دان بە شارەزایەتی و کارامەییەکان لە عێراق نانێن. هەروەک کوردستان، زۆرجار سەختە کارێک بدۆزیتەوە بەبێ پەیوەندی و ناسینی کەسانى دیکە.

ڕەگەزپەرستى و گومان بەرامبەر کۆچبەران زۆرجار دەبێتە بەربەرست لەبەردەم وەرگرتنى کاردا. کۆچبەرێکى کوردی تەمەن ٣٧ ساڵی عێراقی کە قسەى بۆ سیفار کردووە لە ساڵێ ٢٠١٧دا دەڵێت، “کاتێک لە ئەڵمانیا بووم، کەسانى ڕەگەزپەرستی زۆرم بینی، پێم دەوترا “سەر ڕەش”، خەڵکی وام بینی کە پێیان دەوتم” بۆچی ناچیتەوە بۆ وڵاتەکەى خۆت و وەک موسڵمان بژیت؟” بەڕاستى زۆر بە ئازارە لە وڵاتێکدا بیت کە تێیدا خەڵکی بەو شێوەیە هەڵسوکەوتت لەگەڵ بکەن.” هەرچەندە لەوانە کەمینەیەک بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکەن بەڵام ئەو شتە بوونی هەیە، هەروەها کەمە نەتەوایەتییەکانیش ڕوبەڕوی ڕەگەزپەرستی دەبنەوە لە وڵاتانی ئەوروپا.

ئایا تۆ زمانی خۆجێی دەزانیت؟

چەندین بەربەستی زمان هەیە بۆ ئەو کۆچبەرانەى دەگەنە ئەوروپا. توانستی قسەکردن یان نوسین بە زمانی ئەو وڵاتە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئەوە بتوانیت بە سەربەخۆیی کار بکەیت یان هەلی کار بدۆزیتەوە لە ئەوروپا.

بۆ نمونە، شارەزاییەکی سەرەتایی لە زمانی ئینگلیزی زۆرجار گەرەنتی کارت بۆ ناکات. خوێندنەوە و نوسین بە زمانی خۆجێی زۆر پێویستە بۆ ئەوەى کارێک بەدەستبهێنیت لە ئەوروپا. گەیشتن بە ستانداردە پێویستەکان زۆرجار کات و داهاتی دەوێت.

ڕێژەى بێکاری لە وڵاتانی وەک یۆنان و ئیتاڵیا زۆرە بە تایبەت لەناو گەنجان. زۆرجار دۆزینەوەى کار لەلایەن خەڵکی وڵاتەکەوە زۆر سەختە و بۆ کۆچبەرنیش سەختتر کە ئەگەر بە پاراوی بە زمانی ئەو وڵاتە قسە نەکەن.

وڵاتانی ئەوروپا سیاسەتی کۆچی خۆیان دەگۆڕن

زۆرێک لە وڵاتان بەردەوامن لە گۆڕینى سیاسەت و یاساکانی خۆیان تاوەکو هاتنەناوەوە و دەرچوون و نیشتەجێبوونی کۆچبەرانی نائاسایی لە ئەوروپا سەختر بکەن.

مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨، حکومەتى ئیتاڵیا گۆڕا و لەئێستادا چەند وەزیرێکى باڵی ڕاستڕەوەکاندایە لە حزبێکى پۆپۆلیست حکومەت پێکهێنراوە کە پێی دەوترێت (جوڵانەوەى پێنج ئەستێرە) کە هەڵوێستێکی زۆر توندی هەیە بەرامبەر کۆچبەران. بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیان لەسەر بەڵێنی دیپۆرتکردنەوەى ٥٠٠ هەزار کۆچبەر بنیادنابوو. مانگی شەشی ٢٠١٨، وەزیرى ناوخۆی وتى کە “کۆچبەران پێویستە جانتا و کەلوپەلەکانیان بپێچنەوە”. لە مانگەکانی دوایشدان ئیتاڵیا ڕێگەی نەدا بەلەمەکانى کۆچبەران بگەنە کەنار دەریاکانی ئەو وڵاتە و هەزاران کۆچبەریان لەناو ئاودا ناچارکرد بەدوای شوێنێکی دیکەدا بگەڕێن.

مانگی تەموزی ٢٠١٨، حکومەتى ئەڵمانیا ڕەزامەندبوو لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر لەدژی کۆچبەران لەدوای فشاری ناوخۆیی و ئەندامانی حکومەت. سەنتەرەکانى پڕۆسەى گواستنەوەى کۆچبەران دەگۆڕێن بۆ سیستمێک کە راستەوخۆ پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات لەگەڵ پڕۆسەکانی گواستنەوە.

مانگی نیسانی ٢٠١٨، فەڕەنسا یاسایەکى نوێ و توندی بۆ کۆچبەران دەرکرد کە بەپێی یاساکە کاتی دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانى دوو هێندە زیاد کرد. هاوکات سزای یەک ساڵ زیندانی هەرکەسێک دەکرێت کە بەشێوەیەکى نایاسایی بچێتە فەڕەنسا.

مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، کەمپی پێشووی کۆچبەرانى فەڕەنسا لە کالاس کە بە “جەنگەڵ” ناسرابوو داخرا و دەسەڵاتدارانى فەڕەنسا کۆچبەرانیان گواستەوە بۆ چەند سەنتەرێک کە تێیاندا کۆچبەران دەتوانن لە وڵاتانی دیکەى ئەوروپا داوای مافی پەنابەرێتى بکەن. لەئێستادا هێزە ئەمنییەکان ڕێگەنادەن کە کۆچبەران بگەڕێنەوە ئەو شوێنانە. ڕێکخراوە خێرخوازییەکانیش ناتوانن خواردن و خێمە دابەشبکەن بۆ ئەو کۆچبەرانەى کە بەدوای پەناگەیەکدا دەگەڕێن. زۆرجار پۆلیسى فەڕەنسا بە گازی فرمێسکڕێژ و لێدان و شکاندن و دەستبەسەرداگرتنى شتومەک کۆچبەران بە ئامانج دەگرێت.

نەمسا کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، حکومەتێکى هەڵبژارد کە هەڵوێستێکی دژە کۆچکردنی هەیە و سەرۆکایەتى یەکێتى ئەوروپای گرتە دەست لە تەموزی ٢٠١٨دا. حکومەتى نەمسا رایگەیاند کە دەیەوێت سەرۆکایەتییەکە بەکاربهێنێت بۆ وەڵامدانەوەیەکى توندتری ئەوروپا لەبەرامبەر کۆچکردنی نائاساییدا. هەروەها حکومەتە نوێیە پلانێکى ڕاگەیاند بۆ کەمکردنەوەى ژمارەى ئەو پەنابەرانەى کە وەریدەگرێت، هاوکات هاوکارییەکانی کۆچبەرانیان کەمکردەوە و مۆڵەتیاندا بە دەستبەسەرداگرتنى کەلوپەلی کۆچبەرانى نائاسایی وەک موبایل.

هەنگاریا یاسایەکی دەرکرد کە ڕێگە بە دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانى نائاسایی دەدات و هێزی زیاتری لە سنورەکان بڵاوەپێکرد. مانگی حوزەیرانى ٢٠١٨، پەرلەمانی هەنگاریا یاسایەکى دەرکرد بۆ تاوانبارکردنی ئەو کەس و گروپانەى کە یارمەتی کۆچبەرانی نائاسایی دەدەن لە داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنى مافی پەنابەرێتى.

لە ساڵی ٢٠١٧دا، پۆڵەندا و سلۆڤینیا چەند ڕێکارێکیان ڕاگەیاند بۆ داخستنى سنورەکانیان بەڕوی داواکەرانى مافی پەنابەڕێتی.

حکومەتى دانیمارک یاسایەکى دەرکرد کە ڕێگە بە پۆلیس دەدات کە دەستبەسەر کەلوپەلی کۆچبەرانى نائاسییدا بگرن لەکاتی چوونیان بۆ ئەو وڵاتە.

شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) یەکێتى ئەوروپا بەجێدەهێڵێت. کۆچکردن بەشێک بوو لە گفتوگۆکانی بڕێکزت. لەوانەیە ئاسایشى سنوریی توندوتۆڵتر بکرێت لە بەریتانیا.

هۆڵەندا ئاسایشی سنورەکانی چڕترکردووەتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچبەرانی نائاسایی لە چوونیان بۆ بەریتانیا لەڕێگەى بەندەرەکانییەوە.

هاوکات سوید کۆچبەرانى نائاسایی دیپۆرت دەکاتەوە. وەک *ژیان ئەحمەدی تەمەن ٤٥ ساڵ کە دایکی سێ منداڵە و ماوەى شەش ساڵ لە سوید ژیاوە، ئەو لە دوای گەڕانەوەى بۆ کوردستان وتی، “ئەوان منیان بردە زیندانییەک کە حەوت کاتژمێر لە ماڵەکەم دور بوو، سەرەتا منیان خستە زیندانی تاکە کەسى، پاشان منیان خستە هۆڵێک کە ٥٠ کۆچبەری دیکەى تێدا بوون کە چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوە بوون”.

لە حوزەیرانى ٢٠١٨دا، سەرکردەکانى یەکێتى ئەوروپا گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی کۆچکردن لەڕێگەى بەرنامەیەکى یەکگرتووی نوێ. ئەوان ڕێککەوتن لەسەر دانانی سەنتەرەکانى کۆنتڕۆڵکردن لە تەواوی ئەوروپا بۆ خێراکردنی پڕۆسەى داواکاری مافی پەنابەرێتی.

یەکێتى ئەوروپا هەوڵەکانی لەگەڵ تورکیا یەکخستووە بۆ چارەسەرکردنی کۆچکردنی نائاسایی

مانگی ئازاری ٢٠١٦، یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد بۆ ڕێگریکردن لە چوونی کۆچبەرانى نائاسایی بۆ ئەوروپا. ئەوان ڕێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەى هەر کۆچبەرێکى نائاسایی بۆ تورکیا کە لە وڵاتەوە بچێتە ئەوروپا.

زۆرجار قاچاخچییەکان بە بەلەم کۆچبەران لە تورکیاوە دەگەیەننە دورگەکانى ڕۆژهەڵاتی یۆنان. ئەو دورگانە زۆر بچوکن و سەرچاوەیەکى سنورداریشیان هەیە، زۆریش دورن لە خاکی سەرەکی یۆنان و وڵاتانی دیکەى ئەوروپاوە.

بەهۆى دەرئەنجامەکانى ڕێککەوتنى تورکیا و یەکێتى ئەوروپاوە، لەئێستادا یۆنان سیاسەتێکى لەخۆگرتنى هەیە و ڕێگەنادات زۆربەى کۆچبەران بەرەو خاکی سەرەکی ئەو وڵاتە گەشت بکەن. لەکاتێکدا کە گەشتنکردن بۆ خاکی سەرەکی یۆنان قەدەغەکراوە و گەڕانەوە بۆ تورکیا ڕێگەپێدراوە، هەزاران کۆچبەر لە دورگە بچوکەکاندا گیریان خواردووە.

هەندێکیان زیاتر لە ساڵێک لەوێ چاوەڕێ دەکەن و دۆخی ژیانیان زۆر خراپە بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکى زۆر خراپی جەستەیی و دەرونی کردووەتە سەر کۆچبەران.

لە کۆتاییدا

لەوانەیە هەندێ کەس پێیان وابێت گەیشتن بە ئەوروپا ناڕەحاتترین قۆناغ بێت لە گەشتى کۆچکردنی نائاسایی لە کوردستانی عێراقەوە. لەکاتێکدا کۆچبەرانى نائاسایی ڕوبەڕوی هەڕەشەی مەترسیدار دەبنەوە لە دەرەوەى ئەوروپا، بەڵام چەندین ئاڵنگاری گرنگ هەیە کە لە ئەوروپا ڕوبەڕوویان دەبێنەوە.

  • هەندێجار لەوانەیە کوردانی عێراق لە کۆتاییدا نەگەنە وڵاتی مەبەست. بەهۆى ئەوەی گەشتکردن بە وڵاتانی ڕاگوزەر زۆر گرانترە، مەترسیدارترە و کاتی زیاتری پێدەچێت وەک لەوەى چاوەڕێ دەکرێت. لەوانەیە کۆچبەران لەگەڵ گەشتنیان بە تورکیا و وڵاتانی سەرەتای ئەرووپا چەند مانگێک یان تەنانەت چەند ساڵێک بەسەربەرن لەو وڵاتانەدا و پاشان دەستگیربکرێن و دیپۆرتی عێراق بکرێنەوە.
  • وڵاتانی ئەوروپا ڕێگەنادەن کۆچبەر یان داواکاری مافی پەنابەرێتی کاربکات. ئەو کۆچبەرانەشى کە ڕێگەیان پێدەدرێت بە یاسایی کاربکەن چەند ئاڵنگارییەکیان توش دەبێت لەکاتی گەڕانیان بۆ دۆزینەوەی کار، وڵاتانی ئەوروپا دان بە شارەزایی و کارامەیی ئەو کەسانەدا نانێن کە زمانی خۆجێی نازانن، بۆیە دۆزینەوەى کار زۆر سەخت دەبێت.
  • زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا سیاسەتەکانیان لەبەرامبەر کۆچبەران دەگۆڕن بە تایبەت کۆچبەرانى نائاسایی. کوردانى عێراق، وەک هەموو کۆچبەرانى دیکەى نائاسایی، لەوانەیە دەستگیربکرێن یان دەستبەسەربکرێن یان دیپۆرتی وڵاتەکەى خۆیان بکرێنەوە.
  • لە کۆتاییدا، هەوڵدان بۆ کۆچکردنی نائاسایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ ئەوروپا لە هەموو کات زیاتر بڕیارێکی مەترسیدارترە کە لەوانەیە هەموو سامانەکەت لەدەست بدەیت، هەندێجاریش گەنجێتی و ژیانی خۆت لەدەستدەدەیت. خۆشبەختانە چەند جێگرەوەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە بۆ کۆچکردنی کوردانى عێراق بۆ ئەوروپا.

تکایە ئەم زانیارییە بڵاوبکەرەوە لەوانەیە یارمەتی کەسێک بدات

"بەشداریکردن بۆ وەرگرتنى هەواڵەکان "

خۆت تۆماربکە و نوێترین هەواڵ لەبارەى کۆچکردن وەربگرە
Success - we'll be in touch shortly
Sorry! Please try again.