هەشت مەترسی کە کۆچبەرانى کوردی عێراقی ڕوبەڕووی دەبنەوە لە ڕێگای نائاسایی بۆ ئەوروپا
هەشت مەترسی کە کۆچبەرانى کوردی عێراقی ڕوبەڕووی دەبنەوە لە ڕێگای نائاسایی بۆ ئەوروپا
بڕیاری ڕۆشتنى کوردانی عێراق بۆ ئەوروپا بڕیارێکى زۆر مەترسیدارە، لە خوارەوە نۆ لە سەرەکیترین مەترسییەکان کە کۆچبەر توشی دەبێت لە ڕێگە نائاساییدا بۆ ئەوروپا دەخەینەڕوو.
زانین هێزە، بۆیە بە هۆشیاربوون لە مەترسی و کێشەکان، ئاسایش و سەلامەتی بەدەستدەهێنین، بیخوێنەوە و بڵاویبکەرەوە.
بەکارهێنان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە (ئیستیغلال کردن)
یەکەم شتێک کە مرۆڤ ئەبێ لە مێشکیدابێت ئەوەیە کە قاچاخچییەکان تاوانبارن. ئەوان وا نیشان دەدەن کە گەشتکردن و نیشتەجێبوون لە ئەوروپا ئاسان بێت بۆ ئەوەى پارەیان دەستبککەوێت. قاچاخچییەکان زۆرجار درۆ دەکەن لەبارەى سەلامەتى ڕێگا و کەلوپەلى گەشتکردن، بە تایبەت بەلەمی پەڕینەوە بە دەریای ناوەڕاستدا.
ناسینى خێزان یان هاوڕێی کۆچبەر، ڕێگر نابێت لە قاچاخچییەکان کە بەکاریان نەهێنن و نەیانخەنە دۆخێکى مەترسیدارەوە کە زۆرجار ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە. زۆرجار قاچاخچییەکان لە ڕێگەدا مامەڵە بە کۆچبەرەوە دەکەن و دەیانفرۆشن بە قاچاخچی دیکە. کۆچبەر ناتوانێ ناڕەزایەتى دەرببڕێت یان بەجێیبهێڵێت، بەڵکو پێویستە پارەی زیاتر بدات لەوەى سەرەتا لەسەری ڕێککەوتوون. کۆچبەرەکان ژیانیان دەخەنە دەستى قاچاخچییەکان کە بە تەواوەتى نەناسراو و نامۆن بۆیان.
توندوتیژی جەستەیی و داواکردنی سەرانە لە خێزانی کۆچبەرەکان لەپێناو سەلامەتى گیانى کۆچبەرەکان، تاکتیکێکى زۆر باوی قاچاخچییەکانە.
دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن
کۆچبەرانی نائاسایی لە کوردستانی عێراقەوە پێویستە بە ڕێگەى قاچاخدا و بە سنوری چەند وڵاتێکدا تێبپەڕن بۆ ئەوەى بگەنە ئەوروپا. هەر وڵاتێکیش پاراستن و سیاسەتى سنوریی خۆیی هەیە.
کۆچبەرانى نائاسایی لە گەشتەکەیاندا لەژێر مەترسی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن و دیپۆرتکردنەوەدان. هەروەها کۆچبەران باسى ئەوەشیان کردووە کە لەلایەن پۆلیسەوە لێیاندراوە و کەلوپەلەکانیشیان دزراوە.
دەریای ناوەڕاست، مەرگبارترین ڕێگا
دەریای ناوەڕاست هەرە مەترسیدارترین ڕێگای ئەوروپایە بۆ کۆچبەرانى نائاسایی. زۆرجار قاچاخچییەکان درۆ دەکەن لەبارەى دور و درێژی گەشتەکە و بە کۆچبەرەکان ناڵێن کە بەلەمەکان زۆر قەرەباڵغن و ناگونجێن بۆ گەشتکردن بە دەریادا و لە مەترسی نقومبووندان.
لە ساڵی ٢٠١٨دا، زیاتر لە ١٥٠٠ کۆچبەر خنکاون و بێسەروشوێن بوون لەکاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بە دەریای ناوەڕاستدا. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو نیوەى ٢٠١٦، ١٦٨٥٠ کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.
زۆربەى ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە کوردی عێراقین. لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠١٦دا، ٢٤ کەس خنکان کاتێک بەلەمەکەیان، کە بۆ ٣٠ کەس دروستکرابوو بەڵام ٥٦ کەسی تێدابوو، لە کەنارئاوەکانى یۆنان نقوم بوو. کۆچبەرێکى گەڕاوەى کورد بە سیفاری وت، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٧ بە دەریای ناوەڕاستدا تێپەڕیوە، بەلەمێک ژێرئاو کەوتووە و تێکشکاوە و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کۆچبەران ناتوانن بڕیار بدەن کە ئاخۆ لەڕێگەى وشکانییەوە دەڕۆن یاخود بە ڕێگەى دەریایی بۆ گەیشتن ئەوروپا. زۆربەى کۆچبەرانى عێراقی هێشتا ڕێگای دەریای ناوەڕاست بەکاردەهێنن. کوردێکى عێراقی گەڕاوە بۆ نیشتمان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سیفار رایگەیاند، پێی وتراوە بە درێژایی سنوری تورکیا بۆ یۆنان تەکسییەک دەگرن و دەیانبات، بەڵام دواتر بە زۆر و بە زەبری دەمانجە، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە سواری بەلەمێک کراوە.
دەریای ڕەش، ڕێگایەکى مەترسیداری نوێ
لەم دواییانەدا قاچاخچییەکان هەوڵیان دەدا کۆچبەرەکان بگەیەننە ئەوروپا لە ڕێگەى دەریای ڕەشەوە لە تورکیاوە بۆ ڕۆمانیا.
ئەم گەشتە دەریاییەش زۆر مەترسیدارە، زۆرێک لەم ڕێگایەدا گیانیان لەدەستداوە کە کوردی عێراقیشی تێدابووە. مانگی ئەیلولی ٢٠١٧، بەلەمێک کە چەندین کۆچبەری بە ڕەگەز عێراقی هەڵگرتبوو نقوم بوو و بەهۆیەوە ٣٧ کۆچبەریان خنکان.
شاردنەوەی کۆچبەر لە بارهەڵگرەکاندا بۆ گەشتکردن بە وشکانیدا
گەشتکردن بە وشکانیشدا دەکرێت مەترسیدار بێت. قاچاخچییەکن کۆچبەرەکان لە ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان و سندوقی ئۆتۆمبیلەکاندا دەشارنەوە. هێزەکانی سنوریش زۆر وردن و ئەفسەرەکان بەئاگان لە زۆربەى فێڵەکان کە قاچاخچییەکان بەکاریدەهێنن، دواتر کۆچبەرە نائاساییەکان دەستگیردەکەن.
ساڵى ٢٠١٥، ٧١ کۆچبەری نائاسایی بە مردوویی لە ناو ئۆتۆمبیلێکى بارهەڵگردا لە نەمسا دۆزرانەوە دوای ئەوەى قاچاخچییەکە لە دەرەوە دەرگاکەى قوفڵکردبوو و جێی هێشتبوون. بەلایەنی کەمەوە پێنجیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و نزیکەى هەشت هەزار دۆلاری ئەمەریکییان دابوو بە قاچاخچییەکى کوردی عێراق، کە خێزانەکانیان ناسیبوویان، بۆ ئەوەى بیانگەیەننە ئەڵمانیا. دواتر درابوونە دەستى قاچاخچییەکى دیکەى ئەفغانی کە بارهەڵگرەکە ببات و دواتر سەرجەمیان مردن.
ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنانەت ئەگەر خێزانی کۆچبەرەکان قاچاخچییەکانیش بناسن، هێشتا ئەوان بەڵێنەکانیان دەشکێنن و لەڕێگادا کۆچبەرەکان دەدرێنە دەستى قاچاخچییەکى دیکە.
ڕۆشتن بە سنورەکاندا
زۆرجار پێویستە کۆچبەر بۆ ماوەى چەند ڕۆژ و بەبێ شوێنى حەوانەوە و بە پێ بە ناوچەى جیاوازەکاندا بڕوات کە دارستان و ڕوباریشی تێدایە. مانگی تشرینى دووەمی ٢٠١٧، دوای ٢٦ کاتژمێر ڕۆشتن بە پێ، ئەحمەدی تەمەن ٢٠ ساڵ کە کوردی عێراقە لە بولگاریا دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە. لەوێ چاوی بە چەندین کۆچبەری دیکەی کورد و وڵاتانى دیکە دەکەوێت کە هەوڵیان دابوو بە ڕێگاکەدا بڕۆن بەڵام دەستگیرکرابوون.
گەشتەکە لەوانەیە چەند مانگێک بخایەنێت، یان چەند ساڵێک بخایەنێت، زۆر بە کەمیش کۆچبەران لە ڕێگادا شوێنی حەوانەوەى کاتییان دەستدەکەوێت، زستانی ئەوروپا زۆر سەختە. مانگی کانونی دووەمی ٢٠١٧، کوردستان٢٤ بڵاویکردەوە کە دوو کۆچبەری عێراق لە ڕێگای بولگاریا لە سەرما ڕەقیان بردووەتەوە و مردوون.
سوکایەتیکردن و بەکارهێنانی (ئیستیغلالکردن) منداڵ و هەرزەکاران
مێرمنداڵە بێ هاوڕێکان زاراوەیەکە بۆ هەموو ئەو کۆچبەرانەى کە تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوەیە و بەبێ خێزانەکانیان گەشت دەکەن. هەلی وەرگرتنى مۆڵەتى نیشتەجێبوونی هەمیشەییان لە کەسانى گەورە زیاتر نییە، هەر کەیسێکى کۆچکردن و داواکاری مافی پەنابەرێتى لە ئەوروپا بە تەنها مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
گەشتى کۆچکردنی نائاسایی زۆر مەترسیدارە بۆ منداڵ. منداڵ بەبێ خوێندن و بە گۆشەگیری دەمێنێتەوە. زۆرێک لە مێرمندڵەکان پێویستە کار بکەن بۆ ئەوەى پارەی قاچاخچییەکان بگێڕنەوە لە گەشتەکانیاندا. چەندین ڕاپۆرت باس لە بێسەروشوێنبوونى منداڵ دەکرێت کە دواتر لە مەترسی بەکارهێنان سێکسی و کارکردندا بوون. منداڵە کۆچبەرەکان زیاتر ڕوبەڕوی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەبنەوە.
توندوتیژی و بەکارهێنانی ژنان
کۆچکردنی نائاسایی بە تایبەت بۆ ژنان و کچان مەترسیدارە. زۆرێک لە ژنان ڕوبەڕوی دزی و تاڵانکردن، سوکایەتى جەستەیی، ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی، بە بەندەکردن و چەندین جۆری دیکەى سوکایەتى سایکۆلۆجی دەبنەوە لە گەشتەکانیاندا.
بکەرانی توندوتیژی دژى ژنان بە درێژایی گەشتەکە بریتین لە گروپە چەتەییەکان، قاچاخچییەکان، بازرگانەکان، پاسەوانى سنوریی، پۆلیس و هاوڕێ کۆچبەرەکانیان.
تەنانەت لە ئەوروپاش، شوێنەکانى دەستبەسەرکرن و سەنتەرەکانى نیشتەجێکردن پێداویستییەکانى پاراستنى ژنان و کچانی تێدا نییە. ئەوان ڕوبەڕوی چەندین جۆری هەراسانکردن دەبنەوە. دەستدرێژی سێکسی زۆر بڵاوە تەنانەت لە سەنتەرەکانى پێشوازیکردن و کامپەکاندا لە ئەورپا.
زانیاری زیاتر لەسەر پێویستى پاراستنى ژنان.
لە کۆتاییدا
کۆچکردنی نائاسایی لە کوردستانی عێراقەوە بۆ ئەورپا زۆر مەترسیدارە. قاچاخچییەکان تاوانبارن و بەڵێنى درۆ دەدەن، ئەوان تەنها بیر لە پارە دەکەنەوە.
- ئەوان درۆ دەکەن لەبارەى خەرجییەکان و زۆرجار پارەی زیاتر دەسێنن بەدرێژایی گەشتەکە.
- قاچاخچییەکان درۆ دەکەن لەبارەى ژیان لە ئەوروپا و پڕۆسەى داواکاری مافی پەنابەرێتى، ئەو دەڵێن ئاسانە و دەتوانن پارە بەدەستبهێنن.
- ئەوان درۆ دەکەن لەبارەى سەلامەتی ڕێگا و هۆیەکانی گواستنەوە، بە تایبەت بەلەمەکان.
- ئەوان زۆرجار کۆچبەران دەدەنە دەست قاچاخچی دیکە کە ناکرێت متمانەى پێ بکرێت و زۆرجار کەسە لاوازەکان بەکاردەهێنن (ئیستیغلالیان دەکەن).
دەریای ناوەڕاست هەرە مەترسیدارترین ڕێگایە بۆ ئەوانەى بە نائاسایی گەشت دەکەن. لە ساڵى ٢٠١٤دا، ١٦٨٥٠ کۆچبەر لەکاتى هەوڵدانیان بۆ تێپەڕین بە دەریاکەدا خنکاون. ساڵی ٢٠١٧، لە هەر ١٠٠ کۆچبەرێک کە هەوڵی تێپەڕینی دابێت، دوانیان خنکاون.
گەشتنکردن بە وشکانیشدا زۆر مەترسیدارە، بە تایبەت لەکاتی تێپەڕبوونیان بە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتی داعشدا، خۆشاردنەوەیان لە ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان و سندوقی ئۆتۆمبیلەکان یاخود ڕۆشتن لە کەشوهەوا و دۆخێکى سەختدا.
ژنان و منداڵانی بێ هاوڕێ (ئەوانەى خێزانەکانیان لەگەڵدا نییە) زۆرتر بەکاردەهێنرێن لە گەشتەکەیاندا، ژمارەیەکی بێشومار ڕاپۆرت هەیە لەسەر سوکایەتیکردن و بەکارهێنانی ژنان (ئیستیغلالکردن).
لەوانەیە ئەم زانیارییە یارمەتی کەسێک بدات و ڕێگە بگرێت لە تراژیدیایەک، تکایە بڵاویبکەرەوە
دەتوانیت زانیاری زیاتر وەربگریت لەبارەى ڕاستییەکانی کۆچ بە پەیوەندیکردن بە هێڵێ گەرمەوە