منداڵێکى کوردى تەمەن دوو ساڵ بەهۆی گوللـەى فیشەکى پۆلیسەوە گیان لەدەست دەدات
کوژرانی کچێکی کوردی عێراقی تەمەن دوو ساڵ. مەودا یەکێکە لە دواهەمین قوربانیانى کۆچکردنی نائاسایی.
سەر لە بەیانی ١٧ی ئایار، پۆلیسی بەلجیکا تێبینی ئۆتۆمۆبیلێکی جۆری ڤانی گوماناوی کرد لە شارۆچکەی مۆنس نزیک سنووری نێوان بەلجیکا و فەرەنسا. لە کاتی ڕاوەدوونانی پۆلیس لە نێوان نەمور و مەیسیریس دا ئەفسەرانی پۆلیس دەستیان کرد بە تەقەکردن لە ئۆتۆمۆبیلەکە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە جوڵەى ئەو ئۆتۆمبێلە.
ئۆتۆمۆبیلە ڤانەکە کە لە لایەن قاچاخچییەکەوە لێدەخوڕدرا توشی پێکدادان بوو لەگەڵ ئۆتۆمۆبیلێکی دیکە، وە شۆفێری ڤانەکە بۆ ئەوەی خۆی لە دەستگیرکردن ڕزگار بکات خۆی فڕێداوەتە دەرەوەی ئۆتۆمۆبیلەکە. سەرنشینانی تری ئۆتۆمۆبیلەکە کە ژمارەیان ٣٠ سەرنشین بوو و کۆچبەری بە ڕەگەز کورد بوون هەموویان دەستگیر کران و گوازرانەوە بۆ بنکەی پۆلیس بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت.
ڕاپۆرتی بەرایی لایەنی خزمەتگوزاری لەناکاو بە هەڵە ئەوەی ڕاگەیاند کە هۆکاری کوژرانى ئەو منداڵە بەهۆى پێکانی سەریەوە بووە، بەڵام داواکارى گشتیى، فرێدریک باریسۆ بە ئاژانسى هەواڵى (AFP) ڕاگەیاند کە “لە ئەنجامی پشکنین دەرکەوتووە کە هۆکاری مردنەکە فێشەکێک بووە کە ڕوومەتی کچەکەى پێکاوە.”.
گیانلەدەستدانی مەودا لەناو ئۆتۆمبيلى فرياكەوتن ڕاگەیەندرا لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک لە ڕووداوەکە. دایک و باوکی مەودا و برا تەمەن سێ ساڵانەکەی لە ناو ئۆتۆمۆبیلەکەدا بوون لە کاتی ڕووداوەکە، بەڵام کەسیان بریندار نەبوون.
یاسای ڕێگەدانی پۆلیس بە تەقەکردن لە بەلجیکا زۆر توندەو تەنها لە کاتی مەترسیداردا بۆیان هەیە کە دەست بە تەقەکردن بکەن. پۆلیس دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوەی ناوخۆى خۆى لە ڕووداوەکە بۆ دۆزینەوەی چۆنییەتی گیانلەدەستدانی کچەکە و دۆزینەوەی ئەوەی ئایا چەک لە ناو ئۆتۆمۆبیلە ڤانەکەدا هەبووە یان نا؟
پازدە (١٥) ئۆتۆمۆب
لی پۆلیس و نزیکەی سی (٣٠) ئەفسەری پۆلیس لەکاتى ڕاوەدوونانەکەدا بەشدار بوون.
شایانی باسە کە سنووری نێوان بەلجیکا و فەڕەنسا یەکێکە لەو شوێنانەی کە کۆچبەران ڕادەکێشێت بەو هیوایەی بگەن بە بەریتانیا لە ڕێگەی بە قاچاخ بردنیان بە ئۆتۆمۆبیلی گەورە بەرەو سنوورەکانى بەریتانیا.
TMP – 30/05/2018
ئەم وتارە شەیر بکە