یۆنان کەمپێکی کۆچبەرانی کەرەنتینەکرد دوای ئەوەى چەند حاڵەتێکی کۆرۆنا تۆمارکرا
یۆنان کەمپێکی کۆچبەرانی کەرەنتینەکرد کە دوو هەزار و 300 کۆچبەری تێدایە دوای ئەوەى پشکنینی کۆرۆنای 20 لە کۆچبەران پۆزەتیڤ دەرچوون. کەمپی ڕیتسۆنا لە خاکی سەرەکی یۆنان بۆ ماوەى دوو هەفتە بە تەواوەتی دادەخرێت و پۆلیس بە چەندین ڕێکاری توند چاودێری دەکات، وەزارەتی کۆچی یۆنانیش دەڵێت، هەموو ئەو کەسانەى کە پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ بووە هیچ نیشانەیەکیان نییە.
هەفتەى ڕابردوو یۆنان یەکەم حاڵەتی کۆرۆنای لەناو کۆچبەراندا تۆمارکرد دوای ئەوەى ژنێک لە نەخۆشخانەیەکی نزیک لە کەمپی ڕیتسۆنا منداڵی بوو و پشکنینی بۆ کرا، بەرپرسان دەڵێن کە بەهۆی دۆزینەوەى ئەو حاڵەتەوە پشکنین بۆ دەیان کەسی ناو کەمپەکە کراوە و 20 حاڵەیتان دۆزیوەتەوە.
بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە کەمپی ڕیتسۆنا یەک هەفتە دوای ئەوە هات کە یۆنان داوای “پشتگیری بەپەلەی” یەکێتی ئەوروپای کرد تاوەکو ئامادەکاری بکات بۆ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە کەمپەکاندا.
پێشتر ڕێکخراوە مرۆییەکان نیگەرانی جدیی خۆیان دەربڕیبوو کە ئەو کۆچبەرانی لەناو کەمپەکانی یۆنان دەژین لە ژێر مەترسی توشبوونن بە کۆرۆنا بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری پزیشکی.
پڕۆژەى کۆچبەر _ 5/4/2020
وێنەگر: میشێل بروسینی
ناونیشانی وێنە: قەیرانی کۆچبەران لە یۆنان
ئەم وتارە شەیر بکە