چەند قاچاخچییەک ژمارەیەک کۆچبەری کوردیان بە بارمتە گرت بۆ ئەوەى پارە لە خێزانەکانیان بکشێننەوە

                   فیدراسیۆنى سەراسەری پەنابەرانى عێراق لە هەرێم رایگەیاند، شەش کۆچبەری کورد، کە تەمەنیان لە نێوان ١٧ بۆ ٢٠ ساڵدایە، لە ئەستەنبوڵ بە بارمتە گیراون و ئەشکەنجە دراون و زۆریان لێکراوە گرتە ڤیدیۆییەک تۆماربکەن و وا خۆیان نیشان بدەن کە گەیشتوونەتە فەڕەنسا.

ڕۆژ کەریم، نوێنەری فیدراسیۆنەکە رایگەیاند، قاچاخچییەکان لەگەڵ کۆچبەرەکان ڕێککەوتوون کە بیانگەیەننە فەڕەنسا، بەڵام کاتێک پلانەکە شکستی هێناوە، قاچاخچییەکان زۆریان لە کۆچبەرەکان کردووە کە ڤیدیۆیەک تۆماربکەن و وا خۆیان نیشان بدەن کە گەیشتوونەتە فەڕەنسا. دواتر ڤیدیۆکە بەکارهێنراوە بۆ کێشانەوەى پارەی زیاتر لە خێزانی کۆچبەرەکان.

ڕۆژ وتی، ” قاچاخچییەکان، دووانیان کوردی شاری هەولێر بوون و ئەوانی تر تورک بوون، کۆچبەرەکانیان لە شوقەیەکدا بۆ ماوەى چوار ڕۆژ بە بارمتەگرتووە، لێیان داون و ئەشکەنجەیان داون، هەڕەشەیان لێکردوون و تەنانەت خواردنیشیان پێ نەداون، زۆریان لێکردوون ڤیدیۆیەک تۆمار بکەن و تێیدا خێزانەکانیان دڵنیا بکەنەوە کە ئەوان لە شاری لیۆنی فەڕەنسان، چونکە پێشتر لەگەڵ قاچاخچییەکان ڕێککەوتبوون.”

لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە بە مۆبایلی یەکێک لە کۆچبەرەکان گیراوە و لەلایەن قاچاخچییەکان نێردراوە بۆ خێزانی کۆچبەرەکان دەردەکەوێت کە وا خۆیان نیشان دەدەن گەیشتوونەتە شاری لیۆن و یەکێک لە کۆچبەرەکان دەڵێت “سوپاس بۆ خوا، سوپاس بۆ ئەحمەد و ڕێبوار (هەردوو قاچاخچییەکە) بۆ ئەوەى ئێمەیان گەیاندە فەڕەنسا، هەر وەک دەبینن ئێمە سەلامەتین، هیچ کێشەیەکمان نییە و هیچ نیگەرانى ئێمە مەبن.”

قاچاخچییەکان هەوڵیانداوە گرتە ڤیدیۆییەکە بەکاربهێنن بۆ کێشانەوەى پارەى زیاتر لە خێزانی کۆچبەرەکان.

ئیبراهیم مەولود، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو وتی، ” دواتر ئێمە تێگەیشتن کە ڤیدیۆییەکە ساختەیە و قاچاخچییەکان هەڵیانخەڵەتاندووین. ئەوان لەژێر فشار و هەڕەشەدا وا خۆیان نیشانداوە لە فەڕەنسان، دواتر قاچاخچییەکان ڤیدیۆکەیان بۆ ناردین و داوای پارەی زیاتریان کرد.”

دوای چەند ڕۆژێک لە بارمتەگرتن، یەکێک لە کۆچبەرەکان لە پەنجەرەی شوقەکەوە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە بۆ ئەوەى هاوکاری بەدەستبهێنێت. کاتێک پۆلیس دەگاتە شوێنى ڕووداوەکە، بابەتە بڵاودەبێتەوە و سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن، بەڵام قاچاخچییەکان هەڵهاتوون و پاسپۆرتی سەرجەم کۆچبەرەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ڕۆژ کەریم وتیشى، “دوان لە شەش کۆچبەرەکە خەڵکی شاری سلێمانین و ئەوانی دیکە خەڵکی شاری ڕانیەن. یەکێکیان هێشتا لە نەخۆشخانەیە و ئەوانی دیکە لە شوقەیەکى دیکە چاوەڕێن کونسوڵخانەى عێراقن لە ئەستەنبوڵ تاوەکو پاسپۆرتی نوێیان بۆ دەربکات.”

چاوەڕێ دەکرێت کۆچبەرەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستانی عێراق.

TMP – 18/09/2018

             ئەستەنبوڵ، ئۆتۆمبیلێکى پۆلیس ڕێگاکەى گرتووە