بۆسنە؛ هەزار و 200 کۆچبەری تر بێحاڵ و ماڵ دەبن

هەزار و 200 کۆچبەری تر لە بۆسنە ناچاربوون لە زستانی سەختی ئەو وڵاتەدا لە دەرەوە بخەون دوای ئەوەى کەمپەکەیان لە باکوری ڕۆژئاوا سوتێنرا کە لەوانەیە لەلایەن کۆچبەران خۆیانەوە بوو بێت وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر داخستنی کاتی کەمپەکەدا بەبێ دابینکردنی جێگرەوە، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران کە 23ی کانونی یەکەمی بڵاویکردەوە.

بەرپرسی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران لە بۆسنە دەڵێت، “کەمپی لیپا کە دەکەوێتە شاری بیهاج “هەرگیز پەیوەست نەبووە بە ئاوی سەرەکی و کارەبای نیشتمانییەوە، هەروەها هەرگیز ئامادەکاری زستانی تێدا نەکراوە، ئێستاش لەدوای ئەو ئاگرەوە، دۆخەکە زۆر خراپتر بووە.”

کەمپەکە بە بیانووی چاککردن داخرا بەڵام هیچ جێگرەوەیەک یاخود شوێنێکی تر دابین نەکراوە بۆ کۆچبەران، بیلال کە کۆچبەرێکی خەڵکی پاکستانە بە ڕۆیتەرزی وتووە، “شەوی ڕابردوو نەمتوانیوە بخەوم، هەموو شەوەکە بە خەبەر بووم.”

لەئێستا نزیکەى هەزار و 500 کۆچبەری تر لە بۆسنە بێ ماڵ و حاڵن و لە دەرەوە دەخەون. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ هۆشداری دەدات لەوەى “نەبوونی چارەسەری بەپەلەی کێشەکان ژمارەى گشتیی ئەو کۆچبەرانەی کە پێویستی بەپەلەیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە لە بۆسنە بەرزدەکاتەوە بۆ سێ هەزار کەس.”

 

پڕۆژەی کۆچبەر – 29/12/2020

خاوەنی وێنە: ئاجدین کامبەر

ناونیشانی وێنە: بیهاج، بۆسنە، 21ی کانونی یەکەمی 2020: کەمپی پەنابەرانی لیپا. زیاتر لە هەزار و 200 کۆچبەر لە دۆخێکی زۆر خراپدا لە ڕۆژئاوای بۆسنە دەژین.