بەریتانیا تۆمەتبار دەکرێت بۆ ناردنەوەى کۆچبەران بۆ فەڕەنسا
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەى گاردیان، ڕێکخراو و گروپە مرۆییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەریتانیا دەیەوێت کۆچبەران بنێرێتەوە بۆ فەڕەنسا پێش ئەوەى داواکاری مافی پەنابەرییان وەربگرێت. پڕۆسەی گەڕاندنەوەکانیش ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە بە بەلەمی بچوک بە ئاوی ئینگلیزیدا تێپەڕبوون و خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
لیلی پارۆت، پارێزەر لە دەزگای دەنکن لویس دەڵێت، “ئێمە زۆر نیگەرانین لەبارەى خواست و هەوڵی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا کە دەیەوێت ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە فەڕەنسا کە لەڕێگەى بەلەمی بچوکەوە ئاوی ئینگلیزییان تێپەڕاندووە و خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. ئێمە هەست دەکەین ئەو کارە بە نایاسایی دەکرێت.”
دەستپێشخەرییەکە ناوی لی نراوە “ئۆپراسیۆنی سیلاس” و لەوانەیە وەڵامێک بێت بۆ بەرزبوونەوەى ژمارەى ئەو کەسانەی خۆیان گەیاندووەتە کەنارئاوەکانی بەریتانیا. لە ڕۆژی 13ی ئازارەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا داخستنی تەواوەتی لە بەریتانیا سەپێنرا، بە لایەنی کەمەوە 836 کۆچبەری نائاسایی لەلایەن هێزی دەریایی بەریتانیا لە ئاوەکانی ئینگلیزیدا دەستگیرکراون.
پڕۆژەى کۆچبەر _ 30/5/2020
وێنەگر: کریستیان بێرد
ناونیشانی وێنە: ڕامسگەیت، بەریتانیا – 9ی نیسانی 2020، کەشتییەکی هێزەکانی کۆنتڕۆڵکردنی سنوری بەریتانیا کە پێی دەوترێت ڤیجیڵانت ئین ڕامسگەیت ڕۆیڵ هابەر.
ئەم وتارە شەیر بکە