دەستگیرکردنی ڕۆژانەى کۆچبەران لە ئاوی ئینگلیزیدا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد

ژمارەى دەستگیرکردنی ڕۆژانەى ئەو کۆچبەرە نائاساییانەى کە هەوڵ دەدەن لەڕێگای ئاوی ئینگلیزییەوە خۆیان بگەیەنن بە بەریتانیا ئاستێکی پێوانەیەی نوێی تۆمارکرد دوای ئەوەى لە یەک ڕۆژدا 145 کۆچبەر لەسەر هەشت بەلەم دەستگیرکران، ڕووداوەکە ڕۆژی 8ی ئایار ڕوویدا، بۆ ڕۆژی دواتریش 82 کۆچبەری تر دەستگیرکران.

بەپێی داتاکان، ناسنامەى کۆچبەرەکان بە زۆری ئێرانی، عێراقی، کوەیتی، سوری و ئەفغانین.

کریس فیلیب، وەزیری ڕوبەڕوبوونەوەى کۆچکردن بە بی بی سی وتووە کە قاچاخچییەکان ژیانی خەڵکی دەخەنە مەترسییەوە کە ئەوەش “بە تەواویی قبوڵنەکراوە”. وتیشی کە حکومەتى بەریتانیا لێپێچینەوە دەکات لەو “تاوانبارانەى کە ئەو جۆرە تاوانە قێزەونانە” ئەنجام دەدەن.

هاوکات پریتی پاتێڵ، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا زۆربوونی ژمارەى پەڕینەوەى کۆچبەرانی بەستەوە بە ڕاگەیاندنی داخستن و قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە 23ی ئازارەوە سەپێنراوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، 836 کۆچبەری نائاسایی لەلایەن هێزی پاسەوانی سنوری بەریتانیاوە دەستگیرکراون.

وێنەگر: سوسان پڵیچەر

ناونیشانی وێنە: گرەیت ستۆون، کێنت، بەریتانیا – 31ی کانونی یەکەمی 2018. هێزی سنوری بەریتانیا بەلەمێکی چوپی بچوکی دەپشکنن دوای ئەوەى زانیاری دراوە 12 کۆچبەری تێدا بووە.