ئەڵمانیا پڕۆسەی ناردنەوەی کۆچبەران خێراتر دەکات

ڕۆژى 3ى ئایار، ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پۆلیس لە ئەڵمانیا هەڵیان کوتایە سەر شەڵتەرى پەنابەران لە شارۆچکەیەکی باشووری ئێلوانگێن، و سێ ڕۆژ دوای ئەوەش گروپێک لە کۆچبەران ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پۆلیس بەهۆى بڕیارى ناردنەوەی پەنابەرێکی بە ڕەگەز تۆگۆیی تەمەن ٢٣ ساڵ.

ناردنەوەى کۆچبەران لەمیانەى ئۆپەراسیۆنێکدا ئەنجام دەدرێت لە ژێر ناوی (ماستەرپلانی كۆچکردن) کە پڕۆژەیەکە بەم دواییانە لەلایەن وەزیری ناوخۆى ئەڵمانیا (هۆرست سیهۆفەر)ەوە پێشکەشکراوە.

سیهۆفەر پەیمانی داوە کە ڕێوشوێنى قورستر بگرێتەبەر لەپێناو کپکردنەوەی کۆچکردنی نایاسایی، و خێراکردنی ڕێکارەکانی پێدانی مافی پەنابەرێتی و ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە داوای مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە.

بە پێی ئاژانسى ئەسۆشیەت پرێس، سیهۆفەر ڕایگەیاندووە “ئەوەی کە ڕوویدا (لە ئێلوانگێن) هێرشێک بوو بۆسەر خەڵکانی پابەند بە یاساوە”.

سیهۆفەر وتی “مافی میواندارێتی نابێت بەوشێوەیە ژێرپێ بخرێت” هەروەها لە باسی هێزەکانی ئاسایشدا وتی “هەموو هێز و توانا و هەوڵێکیان دەخەنەگەڕ” بۆ دادگایی کردنی ئەو پەنابەرانەی کە ڕێگەیان لە پۆلیس گرت بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ناردنەوەکە.

پۆلیسی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆپەراسیۆنە سنوور فراوانەکە پێویست بووە بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە ئەفسەران تووشی دەبوون لە کاتی گواستنەوەی ئەو کەسانەی مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە.

بێرنارد ویبەر، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەی (ئالێن)ی نزیک ئێلوانگێن وتی “ئەوان لە لایەن ١٥٠ بۆ ٢٠٠ پەنابەری ئەفریقییەوە بەشێوەیەکی زۆر توندوتیژانە ڕێگیریان لێکراوە لە گواستنەوەکە”.

وێبەر وتی بڕیار دراوە لەسەر ناردنەوەی کۆچبەرە تۆگۆییەکە بۆ ئیتالیا، کە ئەو کۆچبەرە لەڕێگەی هاتنی بۆ ئەڵمانیا بە ئیتاڵیادا تێپەڕبووە. بە پێی یاساى کۆچى یەکێتی ئەوروپا (ناسراو بە یاساى دوبلین)، دەبێت کۆچبەران لەگەڵ گەیشتنیان بە یەکەم وڵاتی یەکێتی ئەروپا داوای مافى پەنابەرێتی بکەن.

وەک بەشێک لە پلانە نوێیەکەى کۆچکردن، ئەڵمانیا دەیەوێت کە شوێنی مانەوە دابین بکات بۆ ئەو کەسانەی کە داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە لە سەنتەری تایبەت بەخۆیان، ئەم سەنتەرانە توانای وەرگرتنی ١٥٠٠ کۆچبەریان هەیە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەم سەنتەرانەدا دەمێننەوە، هەروەها کۆچبەران دابەش ناکرێن بەسەر ناوچەکانی وڵاتدا هەتا داوای مافی پەنابەرێتییان پەسەند نەکرێت.

دادوەرەکان لەناو ئەم سەنتەرانەدا کار دەکەن، ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە ڕاستەوخۆ لە سەنتەرەکانەوە دەنێردرێنەوە وڵاتانی خۆیان.

سیهۆفەر دەیەوێت ژمارەی ئەو سەنتەرانەی دابین کراوە بۆ ئەو کەسانەی دەنێردرێنەوە زیاد بکات بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێبکات لەوەی کە خۆیان لە پرۆسەی ناردنەوەکە بەدوور بگرن.

TMP – 30/05/2018