قاچاخچییەکی کوردی عێراقی لە ئیسپانیا بە چوار ساڵ زیندانی سزا درا
شوانە ڕەفیقی 36 ساڵ کە کوردی عێراقە و ڕەگەزنامەى ئیسپانی هەیە بە چوار ساڵ زیندانی سزا درا بە تاوانی سەرکردایەتیکردنی باندێک کە کۆچبەرانی کوردی لەناو ساردکەرەوەى بارهەڵگرەکاندا گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا. شوانە دانیناوە بەوەى لەنێوان 2017 بۆ 2018، زیاتر لە 100 کەسی گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا و 850 هەزار جونەی ئیستەرلینی دەستکەوتووە.
لە سەرەتادا داواکاری گشتیی ئیسپانیا داوای 14 ساڵ زیندانی بۆ شوانە کرد بە تۆمەتی سپیکردنەوەى پارە و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەڵام دواتر بەهۆی دەربڕینی پەشیمانیی سزاکەى کەمکرایەوە بۆ چوار ساڵ زیندانی.
ژنەکەى شوانە و شەش کەسی تری باندە قاچاخچییەکە بە ماوەیەک زیندانیکردن سزادران کە لە شەش مانگەوە بۆ دوو ساڵ دەستپێدەکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی پێشینەى تاوان لە ئیسپانیا، سزاکەیان جێبەجێ ناکرێت.
شوانە و باندەکەى دەرگای ساردکەرەوەی بارهەڵگرەکانیان کردووەتەوە و کۆچبەرەکانیان تێکردووە، تەنانەت شۆفێرەکەش نەیزانیوەکە کە بارهەڵگرەکەى کۆچبەری تێدایە.
ساڵی 2017، پۆلیسی فەڕەنسا خێزانێکی شەش کەسی عێراقییان لەناو بارهەڵگرێکدا دۆزییەوە کە چواریان منداڵ بوون، ئەوان بۆ چەند کاتژمێرێک هاواریان کردووە تاوەکو شۆفێرەکە پێیان بزانێت.
وتەبێژی پۆلیسی فیدڕاڵی ئیسپانیا ڕایگەیاند کە “باندەکە ئاگاداری مەترسییەکانی ئەو جۆرە گەشتانە بوون بەڵام بە هیچ شێوەیەک گوێیان بە ژیان و تەندروستی ئەو خەڵکە نەداوە کە ویستوویانە بە قاچاخ بیاننێرن بۆ بەریتانیا.”
دەشڵێت، بە شێوەیەکی گشتی “ئەو کۆچبەرانە بۆ ماوەى 30 تا 40 کاتژمێر لەناو بارهەڵگرەکان و لە پلەى گەرمی کەمتر لە چوار پلەى سەدی ماونەتەوە.”
باندەکانى تری بە قاچاخبردن هەمان ڕێگایان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەى کۆچبەران وەک ئەوەى لە تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ڕوویدا کە تەرمی 39 کۆچبەری ڤێتنامی لەناو ساردکەرەوەى بارهەڵگرێکدا لە لەندەن دۆزرانەوە.
TMP 03/12/2019
Photo credit: جیڤانتۆ پڕۆدەکشن
Photo caption: بەشی لای چەپی بارهەڵگرێک لەکاتی ڕۆشتندا لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بەریتانیا
ئەم وتارە شەیر بکە