ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆن کاریگەری کردووەتە سەر کۆچبەران؟

لەدوای دەرکەوتنی لە شاری ووهانی چین، ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە 787 هەزار کەس گیرۆدەی ڤایرۆسەکە بوون و نزیکەى 38 هەزاریشی کوشتووە، بەڵام بۆ ئەو کۆچبەرانەى هێشتا لە ڕێگادان یاخود لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێبوون ئاڵنگارییەکی نوێ و زیادەى بۆ دروستکردوون.
ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئەوروپا بڵاوبووەتەوە، تاوەکو 30ی ئازار، نزیکەى 380 هەزار حاڵەتی کۆرۆنا لە کیشوەری ئەوروپا تۆمارکراوە، بۆیە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چەند ڕێکارێکی توندیان گرتووەتەبەر کە کاریگەریشی خستووەتەسەر کۆچبەران.
لەدوای کۆبوونەوەى ڕۆژی 17ی ئازار، وڵاتانی یەکێتییەکە بڕیاریاندا بە توندوتۆڵکردنەوەى سنورەکانی و سەرجەم گەشتە ئاسمانییە ناپێویستەکانی  ڕاگرت بۆ ماوەى 30 ڕۆژ، تەنها ئەوروپا ئەو کارەى نەکرد، بەڵکو زیاتر لە 80 وڵات هەمان ڕێکاریان گرتووەتەبەر و دەروازە ئاسمانیی و وشکانیی و ئاوییەکانیان داخستووە.

زۆربەى وڵاتانی ئەوروپی هاتوچۆیان لە وڵات قەدەغە کردووە و شارەکانیان کەرەنتینە کردووە، واتە خەڵکی ناتوانێت ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بۆ شتی زۆر پێویست نەبێت بۆ نمونە کڕینی خواردن و پێداویستی پزیشکی، ئەو کەسانەى سەرپێچی ڕێکارەکان دەکەن ڕوبەڕوی دەستبەسەرکردن و غەرامەی یاسایی دەبنەوە، بۆیە کۆچبەرانیش لە ئەوروپا دەبێت پابەندی ئەو ڕێکارە قورسانە ببن و زۆربەیان لە کەمپ و ناوەندەکانی پێشوازیدا کەرەنتینە کراون.

هاوکارییە خزمەتگوزارییەکان بۆ کۆچبەران و پەناخوازان لە سەرانسەری ئەوروپا لە نزمترین ئاستیدایە بەهۆی قەرەباڵغی خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانەوە. بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەى گاردیان، ئەو کۆچبەر و پەناخوازانەى کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە لە بەریتانیا پێشتر پشتیان بە هاوکاری ڕێکخراوە خێرخوازی و کڵێساکان بەستبوو بۆ خواردن و پێداویستییەکانی ڕۆژانە، بەڵام لە ئێستادا دەستیان بەو هاوکاریانە ناگات.

هاوکات کەشتیگەلە خێرخوازییەکان کە لە دەریای ناوەڕاستدا کار دەکەن توشی کێشە و گرفت بوونەتەوە و ناتوانن بە تەواوی گەڕان و پشکنین بکەن بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی کۆچبەران لە دەریا، ئەوەش کۆچکردنی لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بۆ کۆچبەران زیاتر مەترسیدارتر کردووە.

هەروەها ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن لەوەى کۆچبەران لە کەمپە قەرەباڵغەکانی یۆناندا ڕوبەڕوی مەترسی جدی بوونەتەوە، بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەکان، کەمپەکان بە “شوێنێکی زۆر لەبار” وەسفکراون بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشی کۆرۆنا.

سەرباری بڵاوبوونەوەى پەتاکە، داوا دەکرێت سەلامەتی و تەندروستی کۆچبەران بپارێزرێت و سەرجەم ڕێکارەکان بۆ کەمکردنەوەى هەڕەشەی کۆرۆنا لەسەر کۆچبەران بگیرێتەبەر.

پڕۆژەى کۆچبەر _ 31/3/2020

وێنەگر: دیجیتاڵ مامۆس

ناونیشانی وێنە: نەخشەی جیهانیی بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا (کۆڤید-19)، ئەو وڵاتانەى کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە لە بازنەیەکی سوردان.