بەرنامەى “بەرەوپێشەوە” 550 هەلی کار و خولی ڕاهێنان دەڕەخسێنێت بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان
دەزگای ڕوانگە بەرنامەی “بەرەوپێشەوە”ی دەستپێکرد بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە تایبەت بۆ گەنجان و ژنان، بەرنامەکە پڕۆژەیەکی هاوبەشە و هەردوو ڕێکخراوی پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) و پڕۆگرامی نیشتەجێکردنی مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN-Habitat) بەگەڕخستووە.
ئامانجی پڕۆژەکە زیادکردنی توانای باوەڕبەخۆبوونە لەنێوان گەنجانی تەمەن 22 بۆ 35 ساڵ تاوەکو پەرە بە تواناکانیان بدەن بۆ دۆزینەوەی کار. بەرنامەى بەرەوپێشەوە بە تەواوەتی لەلایەن سندوقی متمانەی ‘مەدەد’ی سەر بە یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەک دەکرێت.
بە قسەى داستان قادر، بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی دەزگای ڕوانگە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بەرنامەکەدا، سێ ملیۆن و 800 هەزار دۆلار بۆ پڕۆژەکە دابینکراوە بۆ دۆزینەوەى 400 هەلی کار و 150 خولی ڕاهێنان کە سەرجەمیان 550 سودمەندن.
داستان قادر باسی لەوەشکرد کە دەزگای ڕوانگە داوای لە 550 کۆمپانیا دەکات کێبرکێ بکەن بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەکە، پاشان 50 کۆمپانیا هەڵدەبژێردرێن تاوەکو ئەو کەسانە دابمەزرێنن کە ڕوانگە دەیاننێرێت.
لە شەش مانگی یەکەمی دامەزراندنی ئەو کەسانەدا، دەزگای ڕوانگە پارەکەى دەدات، دوای ئەو ماوەیە کۆمپانیاکە دەبێت دایانبمەزرێنێت.
داستان قادر وتیشی، “ئامانجمانە یارمەتی خەڵکی هەژار بدەین لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان تاوەکو داهاتووی خۆیان بنیاد بنێن لەڕێگەی پێدانی خولی ڕاهێنان و دۆزینەوەى کارێکی گونجاو، لەگەڵ ئەوەشدا، بەرنامەکە دەبێتە پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان تاوەکو کەسانى شارەزایان دەستبکەوێت.”
پڕۆژەکە ماڵپەڕێکی کردووەتەوە بۆ تۆمارکردنی ئەو کۆمپانیایانەى خوازیارن بەشداری بکەن، کۆتا ڕۆژ بۆ تۆمارکردن 10ی کانونی دووەمی 2020ـە. هەموو کۆمپانیا کوردییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا دەتوانن بەشداری کێبرکێکە بکەن.
هاوکات فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، “بەڕاستی دەمانەوێت گرنگی بەو دەرچووانەى زانکۆ بدەین کە تائێستا بەهۆی نەبوونی دامەزراندنی حکومییەوە بێکارن بۆئەوەى بتوانن لە کەرتی تایبەتدا کارێکی باش بدۆزنەوە.”
وتیشی، “دابینکردنی هەلی کار کاری لە پێشینەی ئێمەیە، ئێمە پشتگیری ئەو جۆرە بەرنامانە دەکەین کە یارمەتی خەڵک بدەن و هاوکاریان بن لە دۆزینەوەى هەلی کار.”
TMP 12/11/2019
Photo credit: فریدۆمز / شەتەرستۆک
Photo caption: بەخێرهاتنی هاوکارێکی نوێ، تەوقەکردن لەکاتی چاوپێکەوتنی کاردا، کاندیدێکی نێر تەوقە لەگەڵ ئەو کەسەدا دەکات کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکات.
ئەم وتارە شەیر بکە