حکومەتى عێراق قەرز و خولی ڕاهێنان پێشکەشی ئەو کۆچبەرانە دەکات کە دەگەڕێنەوە
وەک هەوڵێک بۆ هاندانی پەناخوازان و پەنابەرانی عێراقی لە وڵاتانی ئەوروپی بۆئەوەى بگەڕێنەوە نیشتمان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق قەرزێکی هەشت ملیۆن دیناری (شەش هەزار و 720 دۆلار) دەداتە کۆچبەرە گەڕاوەکان.
عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا کە 25ی ئەیلولی 2019 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “قەرزەکە دەدرێت بە هەموو ئەو هاوڵاتیانەى لە وڵاتانی یەکێتى ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق بە شێوەیەکی خۆبەخشانە.” بەڵام ڕاگەیەنراوەکە باسی وردەکاری و ڕێکارەکانى وەرگرتنی ئەو قەرزەى باس نەکردووە.
ئەو کۆچبەرە گەڕاوانەى کە سود لە پڕۆگرامەکە وەردەگرن خولی ڕاهێنانی بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان و پشتگیری تەواو وەردەگرێت، عەلی عەباس وتیشی، “پارەکە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە تەرخان کراوە بۆ دامەزراندنی بازرگانی بچوک.”
دەشڵێت، “پڕۆگرامەکە ئامانجێتی ژیان و بژێوی خەڵکی باشتر بکات و ڕێگری بکات لە کۆچکردنی نائاسایی.”
لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 600 هەزار بەهۆی ناکۆکی سیاسیی و قەیرانی ئابورییەوە وڵاتیان بەجێهێشتووە و لە 34 وڵاتی جیهان داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە کە زۆربەیان لە یەکێتى ئەوروپا بوون. زۆرجاریش کۆچبەرانی عێراقی ڕوبەڕووی گەشتێکی سەخت بوونەتەوە یان هەندێکیان لە ڕێگادا مردوون، لە دوای گەیشتنیشیان دەبێت کاتێکی زۆر چاوەڕێ بکەن داواکارییەکەیان قبوڵ بکرێت و هەندێکیشیان دیپۆرتی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە.
چەند پڕۆگرامێکی تری هاوشێوە هەن بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەى کۆچبەرانی عێراق لە وڵاتانی ئەوروپا وەک پڕۆگرامیی هاوکاری گەڕانەوەى خۆبەخشانە و دووبارە یەکگرتنەوەی کۆچبەرانی نائاسایی لە تورکیا کە سەرەتای ئەمساڵ دەستیپێکردووە.
TMP 14/10/2019
Photo credit: Shutterstock.com
وێنە: پیرایوس، یۆنان، 23ی شوباتی 2016، کۆچبەران و پەنابەران دەگەنە بەندەری پیرایوس. سوری و عێراقییەکان بەردەوامن لە گەشتنیان بە بەندەرەکە.
ئەم وتارە شەیر بکە