بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، نیوەی ئەڵمانییەکان دژی زیادبوونی ژمارەى کۆچبەرانن

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی ناوەندی بێرتیلسمان، نیوەی دانیشتوانی ئەڵمانیا پێیانوایە چیتر وڵاتەکەیان ناتوانێت کۆچبەری زیاتر وەربگرێت چونکە پڕ بووە و سنوری تێپەڕاندووە، پێش قەیرانى کۆچبەران لە ساڵی 2015دا، تەنها 40%ی ئەڵمانییەکان لە دژی زیادبوونی کۆچبەران بوون.

ناونیشانی توێژینەوەکە بریتییە لە “کلتوری پێشوازیکردن لەنێوان گومان و پراگماتیگی” کە ڕۆژی 29ی ئابی 2019 بڵاوکرایەوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ دوو هەزار ئەڵمانی ئەنجام دراوە لەبارەى کۆچکردن و پەنابەران، دواتر دەرئەنجامەکەى بەراورد کراوە لەگەڵ هەمان ئەو توێژینەوانەى کە حەوت ساڵ پێش ئێستا ئەنجام دراون.

زیادبوونی هەڕەشە و قورسایی بۆسەر سیستمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەربڵاوترین نیگەرانی ئەڵمانییەکان بووە کە ڕێژەکەى 71%ـە، دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە دەڵێن مەترسی پێکدادان هەیە لەنێوان کۆچبەران و ئەڵمانییەکاندا.

تێڕوانینی خەڵکانى گەنجی لەبارەى کۆچبەرانەوە زیاتر ئەرێنییە وەک لە خەڵکانى بەتەمەن، ئەوان پێیانوایە کۆچ کاریگەری کەمتری هەیە بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوون، بەپێی توێژینەوەکە، “پێشینە و ئاشنایەتی لەگەڵ کۆچبەران لەناو گەنجانی تەمەنی 15 بۆ 30 ساڵ زیاترە و 30%ـەیە، لەکاتێکدا ئەو ڕێژەیە لە کەسانى بەتەمەندا 20%ـە، زیاتر لەوەش، پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ڕۆژانەى گەنجان زیاتر لەگەڵ کۆچبەران.

پەروەردە و هۆشیاریش کاریگەری خۆیی هەیە لەسەر هەڵوێست و شێوازی بیرکردنەوەى ئەڵمانییەکان لەبارەى کۆچبەرانەوە، ئۆرکان کۆسیمن، یەکێک لە نوسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، “ئەو کەسانەى کە هۆشیاری کەمتریان هەیە لە بوارێکدا کاردەکەن کە موچەیان کەمە، بۆیە خێرا نیگەران دەبن لەبارەى زیادبوونی کۆچبەران چونکە پێیانوایە موچەکەیان دادەبەزێت.”

بەپێی ئاماری یۆرۆستات، لە 10 ساڵی ڕابردوودا، ژمارەى کەسانى بیانی لە ئەڵمانیا بەڕێژەى 62% زیادیکردووە، لە قەیرانی ساڵی 2015ی کۆچبەراندا، ئەڵمانیا لە هەموو وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا زیاتر کۆچبەری وەرگرت کە نزیکەى یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس بوون.

ئەڵمانیا ڕووبەڕووی دیاردەى پیربوونی دانیشتوان بووەتەوە و کۆمپانیاکان دەستی کاری گەنجیان کەمە، بۆیە حکومەتى ئەو وڵاتە یاسایەکی نوێی بۆ کۆچبەران دەرکرد بۆ وەرگرتنی کرێکاری شارەزا کە ئەوەش تاوەکو ساڵی 2020 ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە.

TMP – 28/09/2019

Photo credit: کاپریک / شەتەرستۆک

Photo caption:بەرلین، ئەڵمانیا، 1ی کانونی یەکەمی 2018، خۆپیشاندانی دژە کۆچبەران، دەروازەى براندبێرگ

كۆچ دەكەیت؟ پەیوەندی بە شارەزای كۆچەوە بكە بۆ ئامۆژگاری

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر