بۆنە پێشەگەرییەکان لە کوردستان – هیوایەکی نوێ بۆ گەنجانی کورد

رۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨، زانکۆی کوردستان–هەولێر بۆنەیەکی پیشەگەری بە سەرکەوتووی ئەنجامدا لە ناو کامپی زانکۆ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق. “بۆنەی پیشەگەری” پلاتفۆرمێکە کە پردنی پەیوەندی لە نێوان خاوەن کار و خوێنکاری دەرچووی نوێی زانکۆکان و ئەو کەسانەی بە دوای خولی کاری ڕاهێنان دەگەڕێن دروست دەکات.

زیاتر لە ٢٠ کۆمپانیا بەشداری بۆنەکەیان کرد کە لە بوارەکانی (پەیوەندی، کاری مرۆیی، میکانیک، خواردەمەنی، نەوت و گاز) کار دەکەن، وە ئەم کۆمپانیایانە زیاتر لە ١٠٠ هەلی کاریان دابین کردبوو.

ئەکرەم صاڵح، خوێنکاری دوا قۆناغی کۆلێژی کارگێڕی کارە و یەکێک بوو لە بەشداربووی بۆنەکە وتی “کۆمپانیاکان هەردەم بە دوای کەسانی خاوەن ئەزموون دەگەڕێن و خوێنکارە تازە دەرچوەکان هیچ هەلی دەستکەوتنی کاریان نییە لەبەر نەبوونی ئەزموون، لە هەمان کاتدا بۆ دەستکەوتنی ئەزموون پێویستییان بە کار هەیە. بەڵام لەم بۆنەیەدا هەلی ڕاهێنانی زۆر دەبینرێت کە کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان دابینیان کردوە، لەگەڵ ئەوەدا کە بڕێکی کەم پارە دەدەن بەڵام هەلی ئەوەمان هەیە ئەزموون پەیدا بکەین لە ئەنجامدانیان لە پاش دەرچوون لە زانکۆ”.

خوێندکارێکی دەرچووی کچ وتی “قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان وای کردوە کە کەسانێکی زۆر بێ کار بمێننەوە. من دوو ساڵ لەمەوپێش لە زانکۆ دەرچووم و تا ئێستا تەنها بۆ ٦ مانگ کارم کردوە لە کۆمپانیایەک کە دوای ئەو ماوە بڕیاریاندا کە ژمارەی کارمەندەکانیان کەمبکەنەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە. هەوڵی زۆرم داوە و داواکاری کارکردنم لە زۆر شوێن پێشکەشکردوە، بەڵام هیچ کامێکیان وەڵامیان نەداومەتەوە، تەنانەت بیرم لە ڕۆشتن بۆ تورکیا و دوبەی کردۆتەوە بۆ مەبەستی کارکردن. بەڵام لێرە ئەمڕۆ داواکاری کارم پێشکەشی چوار کۆمپانیای جیاواز کردوە وە هیوایەکی زۆرم پێیان هەیە، هیوادارم ئەم جارە وەڵام بدرێمەوە و لە کۆتاییدا دەست بکەم بەکارکردن”.

پلاتفۆرم و بۆنەی پیشەگەری لە ساڵی ٢٠١٣ لە کوردستان بۆ یەکەم جار ئەنجامدرا. بەشداریکردن و سپۆنسەری کارەکان لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ کەمی کرد بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ خاوەن کارەکان زیاتر هاتوونەتە پێشەوە و بەشداری زیاتر دەکەن. زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی و پرۆژەی ڕوانگە فورەسی دەزگای ڕوانگە و زانکۆی کوردستان – هەولێر ساڵانە بەناوبانگترین پلاتفۆرم و بۆنەکانی پیشەگەری ئەنجام دەدەن لە هەرێمی کوردستان.

TMP – 22/07/2018

وێنە: ماڵپەڕی زانکۆی کوردستان – ‌هەولێر

خوێندکارێک لەگەڵ یەکێ لە کۆماپانیاکان دەدوێت لە بۆنە پیشەگەرییەکە