ژمارەیەک کۆچبەری هەرێمى کوردستانى عێراق کەوتنە دەستى بەرەی نوسرە لە سوریا
ڕۆژی ٢ی مانگی تەموزى ٢٠١٨، حەوت کۆچبەری هەرێمى کوردستانى عێراق لەلایەن بەرپرسانى تورکیاوە ڕادەستى بەرەی نوسرە کران دوای ئەوەى لەلایەن کەشتى پۆلیسی تورکیاوە لە دەریای ڕەشدا دەستگیرکران. کۆچبەرەکان لە هەوڵدابوون بە بەلەمێک بگەنە ڕۆمانیا و لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا کۆچ بکەن.
لەکاتى لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی هەرێم بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کۆچبەرە کوردە عێراقییانە لە تورکیا خۆیان بە هاوڵاتی سوری خەڵکی قامیشلۆ ناساندووە، بۆیە دیپۆرتی سوریا کراونەتەوە و لای چەکدارانى بەرەی نوسرە زیندانی کراون.
ئاری جەلال رایگەیاند، “قاچاخچییەکان بە کۆچبەرەکانیان وتووە کە ئەگەر خۆیان بە هاوڵاتی سوری بناسێنن، پۆلیسی تورکیا ئازادیان دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە فێڵێکى ترە لە فێڵەکانی قاچاخچییەکان، بۆیە من بە کۆچبەرانى کورد دەڵێم، چیتر ئەو کارە نەکەن”
حەوت کۆچبەرەکە خەڵکی هەولێر و سلێمانی و گەرمیان بوون، لە دەروازەى سنوری باب ئەلهەوای نێوان تورکیا و سوریاوە ڕادەستى بەرەی نوسرە کراونەتەوە دەکەوێتە ٥٠ کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی حەلەب.
ئاری جەلال داواش دەکات هەردوو حکومەتى عێراق و کوردستان کاربکەن بۆ ڕزگارکردنى ئەو کۆچبەرانە لەبەر ئەوەى ژیانیان لە مەترسیدایە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێم، لە ساڵی ڕابردووەوە، تورکیا سەدان کۆچبەری کوردی عێراقی دیپۆرتی سوریا کردووەتەوە بەهۆى ئەوەى زانیاری هەڵەیانداوە لەکاتى لێکۆڵینەوەدا بەوەى کە کوردی سوریان، دواتر فیدراسیۆنەکە بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان ئەو کۆچبەرانەیان گەڕاندووەتەوە بۆ هەرێمی کوردستانى عێراق.
بەپێی دواین ئاماری فیدراسیۆنى پەنابەرانی هەرێم لە عێراق کە لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاویکردووەتەوە، لە نێوان مانگی شەشی ٢٠١٧ بۆ مانگی شەشی ٢٠١٨، زیاتر لە ٥٦ هەزار کەس عێراقیان بەجێهێشتووە و لە ٤٣ وڵاتی جیهان داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە، بەڵام ٥٩ کەسیان لەڕێگای چوونیان بۆ ئەو وڵاتانە، گیانیان لەدەستداوە.
TMP – 25/07/2018
ئەم وتارە شەیر بکە