یۆنان بەربەستێک سەرئاوکەوتوو دروست دەکات بۆ ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەرانی نائاسایی لە تورکیاوە
حکومەتى یۆنان پلانی داناوە بۆ دانانی بەربەستێکی دەستکردی سەرئاوکەوتوو لە دەریای ئیجە بۆ ڕێگری لە گەیشتنی بەلەمی کۆچبەران بە دورگەکانی، ئەو هەنگاوەى حکومەت ڕوبەڕوی ڕەخنەى توندی ڕکابەرە سیاسی و ڕێکخراوەکانی مافی کۆچبەران بووەوە.
بەربەستەکە کە وەک پەرژینێک وایە درێژییەکەى 2.7 کیلۆمەتر دەبێت و نزیکەى 1.1 مەتریش بەرز دەبێت، هەروەها نزیکەى 50 سانتیمەتر لە ڕووی ئاوەکەوە دیار دەبێت و گڵۆپ و ئامێری تیشکدەری پێوە دەکرێت تاوەکو لە دوورەوە و لە شەودا دیار بێت.
نۆتی میتاراکیس، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان ڕایگەیاند، بەربەستەکە کە لە شێوەى تۆڕدایە لە نزیک دورگەى لیسبۆس دادەنرێت و پەیامێکی ڕوونە بۆ قاچاخچییەکان کە “یاسای یارییەکە گۆڕاوە”.
نۆتی لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆییدا وتی، “یەکەم شت ئەمە بەربەستە پەیامێک دەنێرێت کە ناوچەى ئێمە چیتر بەرەڵا نییە کە هەموو کەسێک و هەموو شتێک پێیدا تێپەڕبێت، ئێمە هەموو ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ پاراستنی سنورەکانمان.”
هەنگاوەکەى حکومەت لەلایەن پارتی چەپڕەوی سیریزای ئۆپۆزسیۆنەوە ئیدانە کرا و بەربەستەکەی بە “ڕێکارێکی قێزەون” وەسف کرد و ڕایگەیاند، “ئەو کارە سوکایەتی بە مرۆڤایەتی دەکات و پێشێلکاری یاسا ئەوروپی و نێودەوڵەتییەکانە.”
هاوکات ماسیمۆ مۆراتی، بەڕێوەبەری توێژینەوەى ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، “پلانەکە چەندین کێشەى جدی دروستدەکات بۆ توانستی تیمەکانی ڕزگارکردن کە بەردەوام هەوڵی پاراستن و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی دەدەن لە چوونیان بەناو دەریای مەترسیداردا بۆ لیسبۆس.”
دەشڵێت، “ئەو پێشنیازە هەوڵەکانی حکومەتی یۆنان مەترسیدارتر دەکات بۆ زیاتر سەختکردنی ڕێگای گەیشتن بە دورگەکانی لەلایەن پەنابەران و کۆچبەرانەوە.”
TMP – 13/02/2020
وێنەگر: تۆم جاسترام، شەتەرستۆک
ناونیشانی وێنە: بەلەمێکی تێکشکاوی کۆچبەران کە هەوڵیانداوە لە شەڕ ڕابکەن کەوتووەتە دورگەکانی یۆنان و خێمەکانیش لەو ناوەدا کەوتوون. کۆس، دۆدیکانیس.
ئەم وتارە شەیر بکە