ژمارەى ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە ئەوروپا نزمترین ئاستە لە ساڵی 2013ەوە

ساڵی ڕابردوو 124 هەزار کۆچبەری نائاسایی سنورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپایان بەزاندووە، ژمارەکە 13% کەمی کردووە و نزمترین ئاستە کە لە ساڵی 2013ەوە تۆمار کرابێت، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای پاسەوانی سنوری و کەناردەریاکانی ئەوروپی (فرۆنتێکست) کە 8ی کانونی دووەمی 2021 بڵاویکردەوە.

ئەوەش بە زۆری بەهۆی ئەو ڕێکار و ئاستەنگەکانە بووە کە بۆ ڕێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە جێبەجێکراون، جارێکی تر سورییەکان لە ڕیزبەندی یەکەمدان، بەدوای ئەوان مەغریبییەکان و ئەنجا تونسی و جەزائیرییەکان، بەپێی ڕاپۆرتەکە زیاتر لە 80%ی کۆچبەران پیاو بوون.

ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە خەڵکی لەڕێگەی تورکیاوە دەچنە یۆنان و پاشان بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا، زۆرترین کەمبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە، ژمارەکە سێ ئەوەندە کەمی کردووە و تەنها 20 هەزار کۆچبەر پێیدا تێپەڕبوون لە ساڵی 2020دا.

پڕۆژەی کۆچبەر _ 16/1/2021

خاوەنی وێنە: ئاجدین کامبەر

ناونیشانی وێنە: تەلی دڕکاوی لە کەمپێکی کۆچبەراندا، کۆچبەران لە پشتی پەرژێنێکەوە وەستاون. بیرۆکی زیندان، ئازادی، بەربەست، ئاسایش و کۆچ.