یۆنان دەیەوێت هەزار و 450 کۆچبەر بگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا
یۆنانی بەنیازە هەزار و 450 کۆچبەر دیپۆرتی تورکیا بکاتەوە کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە و لەئێستادا لە ناوەندەکانی هێشتنەوەى کۆچبەراندا دەژین لە دورگەی لیسبۆس و دورگەکانی تری سەر دەریای ئیجە.
بۆ ئاسانکردنی پرۆسەکەش، یۆنان داوایەکی پێشکەشی نێردەی ئەوروپی و دەزگای پاسەوانی سنور و کەناردەریای یەکێتی ئەوروپا (فرۆنتێکس) کردووە و داواش لە تورکیا دەکات ڕێزی لە ڕێککەوتنی ساڵی 2016ی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بگرێت بۆ گەڕاندنەوەى کۆچبەران.
نۆتیس میتاراچی، وەزیری کۆچ و پەنابەری یۆنان ڕایگەیاند، “پێشبینی دەکەین تورکیا هەوڵەکانی خێراتر بکات، سەرەتا بە ڕێگریکردن لەو بەلەمانەی کە لەوێوە بەرەو کەنارئاوەکانی یۆنان دێن، پاشان بە قبوڵکردنی گەڕاندنەوەى کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی.”
ساڵی ڕابردوو گەڕاندنەوەى کۆچبەران لە یۆنانەوە بۆ تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاوی کەمی کرد بەهۆی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێوان هەردوو وڵات.
پڕۆژەی کۆچبەر _ 19/1/2021
خاوەنی وێنە: نیکۆڵاس ئیکۆنۆمۆ
ناونیشانی وێنە: کەمپی نوێ و کاتیی قەرە تەپە کە لەسەر دورگەی لیسبۆس دروستکراون. 20ی ئەیلولی 2020.
ئەم وتارە شەیر بکە