کچێکی کۆچبەری عێراقی کە لە بۆسنە گیریخواردووە: زۆر بیری قوتابخانە دەکەم

زەینەف هەرگیز نەیدەزانی گەشتەکەی بۆ ئەوروپا سێ ساڵی پێ دەچێت و سەرباری چەندین مەترسی، هێشتاش لە باکوری بۆسنە لەگەڵ دایک و باوک و خوشک و براکانی گیریان خواردووە، وەک خۆیان دەڵێن، ئەوان هەر خەریکی “یارین” بۆ ئەوەى خۆیان بگەیەننە وڵاتی کرواتیا کە بەشێکە لە یەکێتی ئەوروپا.

زەینەف کە کچێکی 11 ساڵی خەڵکی عێراقە بە ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، “لێرە دەمێنمەوە، ناچم بۆ قوتابخانە، زۆر زۆر بیری قوتابخانە دەکەم، ئێمە هەر خەریکین دەچین بۆ یاری و دێینەوە، دەچین بۆ یاری و دێینەوە”، مەبەستی زەینەف لە یاری، هەوڵدانیانە بۆ چوونە ناو کرواتیا و گەڕاندنەوەیان لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتە.

خێزانەکەی زەینەف پێکەوە لەگەڵ خێزانێکی تری پێنج کەسی ئەفغانی لە ژورێکدا لە ماڵێکی چۆڵی نزیک سنور ژیان بەسەر دەبەن.

حسێن خەلەف جەبار کە باوکی زەینەفە دۆخی خۆیان بۆ ڕۆیتەرز باس دەکات کە چۆن لەلایەن پۆلیسی کرواتیاوە لێی دراوە و ئەشکەنجە دراوە، “گوناه و هەڵەی ئەو منداڵانە چییە؟! کوا مافەکانی مرۆڤ؟!”

پڕۆژەی کۆچبەر _ 22/1/2021

خاوەنی وێنە: ئاجدین کامبەر

ناونیشانی وێنە: بیهاج، بۆسنە و هەرسک، 21ی تشرینی دووەمی 2020، کەمپی پەنابەرانی لیپا، زیاتر لە هەزار و 200 کۆچبەری تێدا دەژی لە باکوری ئەو وڵاتە.