دوو خێزانى عێراقی لە دەریای ئیجە خنکان

ڕۆژی ٩ی ئاب، بەلەمێک کە ١٣ کۆچبەری هەڵگرتبوو، ١٢یان عێراقی بوون و یەکێکیان سوری، نقوم بوو لە دەریای ئیجە لە باشوری پارێزگای ئەدرنە لە تورکیا. نۆ کەس کە لەناو بەلەمەکەدا بوون گیانیان لەدەستدا، ئەوان لەهەوڵدابوون خۆیان بگەیەنن بە یۆنان و دواتر بۆ ئەوروپا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسى ئەنادۆڵو تورکیا، پۆلیسى دەریاوانى تورکیا دوو بەلەم و هێلیکۆپتەرێکى ناردووە بۆ شوێنى ڕووداوەکە، تیمەکە توانیویەتى سێ پیاو و منداڵێک ڕزگار بکەن، بەڵام تەرمی دوو ژن و حەوت کچی ئەو دوو ژنەیان لە ئاوەکە دەرهێناوە.

هونەر ڕەعد و کوڕەکەى لەو کارەساتە ڕزگاریان بووە، بەڵام ژنەکەی و سێ کچەکەى کە تەمەنیان لە نێوان شەش بۆ ١٠ ساڵ بوون گیانیان لەدەستداوە، ئەوان خەڵکی شاری دوزخورماتوو بوون لە پارێزگای کەرکوک.

خێزانەکەى دیکە خەڵکی پارێزگای بەسرە گیانیان لەدەستدا کە دایکێک و سێ کچەکەى بوون، سەرجەم کچەکانیشی کەم ئەندام بوون.

هونەر رەعد بە ئاژانسى ئەنادۆڵوی رایگەیاند، “هەر یەکە لە خێزانەکەى من و خێزانەکەى دیکە یەکی سێ هەزار دۆلارمان دا بە قاجاخچییەکان، من داوای چاکەتى سەلامەتیم کرد لێیان، بەڵام وتیان نەخێر، تەنها سەرکەون، ئەگەرنا دەتانکوژین”.

هەر وەک کوردستان ٢٤ لەزاری کۆچبەرەکانەوە نوسیویەتى، قاجاغچییەکان بە کۆچبەرەکانیان وتووە کە بە شێوەیەکى سەلامەت و بە بەلەمێکى گەورە کۆچ دەکەن، بەڵام کاتێ گەیشتوونەتە کەنار دەریا ئەنجا تێگەیشتوون کە بەلەمەکە پلاستیکی بوو و ئەوەندەش بەهێز نەبووە بۆ پەڕینەوە لە ئاوەکە.

هاوکات شەماڵ رەعد، برایەکى هونەر رەعد بە کوردستان ٢٤ی وت، “داوامان لە هەردوو حکومەتى عێراق و کوردستان کردووە کە بە خێرایی کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەى تەرمەکانیان بۆ ئەوەى لێرە، لە کوردستان، بنێژرێن”

ڕۆژی ١٥ی ئاب، بەهەماهەنگی حکومەتى هەرێم و فیدراسیۆنى پەنابەرانى هەرێم، تەرمی هەردوو خێزانەکە لە تورکیاوە گەڕێنرانەوە عێراق، خێزانە کوردەکە لە دوزخورماتوو نێژران و ئەوی دیکە لە شاری نەجەف.

TMP – 19/08/2018

هونەر رەعد کە ژن و سێ کچەکەى لەدەستداوە لە ڕووداوەکەدا