هەموو ڕۆژێک پێنج کۆچبەر لە ڕێگای گەیشتن بە ئەوروپا گیانلەدەست دەدەن

سەرباری ڕێکار و کەرەنتینەی سەخت و داخستنی سنورەکان لەنێوان وڵاتان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمساڵ بەلایەنی کەمەوە هەزار و 773 کۆچبەر لە ڕێگای گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە 18ی کانونی یەکەمی 2020 بڵاویکردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەموو ڕۆژێک پێنج حاڵەتی مردن لەناو کۆچبەراندا تۆمار کراوە. لەو ئامارە، 729 حاڵەتیان تەنها لە ڕێگای دەریای ناوەڕاستدا تۆمار کراون.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، “ئەو ژمارەیە تەنها ئەوانەن کە ئێمە دەیزانین، ئەگەرنا ژمارەى حاڵەتەکانی مردن لەناو کۆچبەراندا زۆر زیاترە.”

بەپێی قسەى فرانک لازیکۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی شیکردنەوەى داتاکانی کۆچکردن لە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، “سەرباری بوونی ڕێکاری توند بۆ ڕاگرتنی گەشتەکان لە ساڵی 2020دا، بەڵام خەڵکی بەردەوامن لە کۆچکردن و بە بەردەوامی حاڵەتی مردن هەیە لە ڕێگادا، بۆیە ئەوان پێویستیان بە هەڵبژاردەیەکی سەلامەت و یاسایی هەیە بۆ کۆچکردن.”

پڕۆژەی کۆچبەر _ 22/12/2020

وێنەگر: Aleksandra H. Kossowska

ناونیشانی وێنە: مۆڵیڤۆس، یۆنان – 29ی ئەیلولی 2019. هێلەکی سەلامەتی و بەلەمی چوپی لەلایەن ئەو کۆچبەرانەوە بەجێهێڵراون کە ویستوویانە لە تورکیاوە بەرەو دورگەی لیسبۆسی یۆنان بڕۆن.