خێزانێکى کوردی کۆچبەر لەدوای چەندین هەوڵێکی کۆچکردن، تەواوی سامانەکەیان بە قاچاخچییەکان دۆڕاند

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی عێراق لەدەستى هەژاری و ناکۆکییەکان هەڵهاتوون و سەدان هەزار دۆلاریان داوا بە قاچاخچییەکان بۆ ئەوەى بیانگەیەننە ئەوروپا، کە هەندێکیان لەدوای گەشتنیان بە ئەوروپا، دیپۆرت کراونەتەوە.

پڕۆژەى کۆچبەر قسەى لەگەڵ ئەحمەد حسێن کرد لە کوردستانی عێراق کە یەکێکە لەو کوردانەى عێراق کە ژیانیان خستووتە مەترسییەوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

مانگی کانونی دووەمی ٢٠١٨، خێزانی ئەحمەدی تەمەن ٢٦ ساڵ کە پێنج کەس بوون بڕیاریاندا کۆچبکەن بۆ ئەوروپا تاوەکو چارەسەری سروشتی بۆ ئەندامێکى خێزانەکەیان بەدەستبهێنن کە شەلەل دەماغی هەیە.

“هەموو شتێکمان فرۆشت، خانوو و ئۆتۆمۆبێلەکەمان، هەموو پارەکەمان خستە دەستى قاچاخچییەکانەوە.”

قاچاخچییەکان بە خێزانەکەى ئەحمەدیان وتووە دەتوانن ڤیزای شنگنیان بۆ وەربگرن، بەڵام دوای سێ مانگ چاوەڕوانی، قاچاخچییەکان پێیانوتوون کە ناتوانن ڤیزای شنگنیان بۆ وەربگرن بەڵام دەتوانن ڤیزای ئۆکرانیان بۆ وەربگرن و دواتر لەوێوە بیانپەڕێننەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

ئەحمەد وتی “قاچاخچییەکان تەنها خەریکى پارە دزین بوون لە ئێمە”. قاچاخچی یەکەم بە قاچاخچی دووەمیان دەناسێنێت، بەڵام قاچاخچی دووەمیش دوای سێ مانگ پێیان دەڵێت کە وەرگرتنى ڤیزای ئۆکرانیا ئەستەمە بەڵام لەوانەیە بتوانن ڤیزای ڕوسیا وەربگرن.

لەدوای چاوەڕوانییەکى دور و ناخۆش، خێزانەکە ڤیزای ڕوسیایان پێدرا.

“نزیکەى دوو مانگ ئێمە لە شارۆچکەیەکى نزیک مۆسکۆ ماینەوە، دوای چەندینجار بەڵێنی دۆر، قاچاخچییەکە پێی وتین کە ئامادەى دەرچوون بین.”

وەک ئەحمەد وتی، بە ئومێدی پەڕینەوە و گەیشتن بە خاکی ئەوروپا، قاچاخچییەکان خێزانەکەى ئەحمەد و چەند کۆچبەرێکى دیکەیان خستووتە ناو پاسێکەوە و سەرجەم موبایل و ئامێرەکانى پەیوەندییان لێ سەندوون. دوای سێ کاتژمێر گەیشتوونەتە دارستانێک.

قاچاخچییەکان پێیان وتوون دوای چەند خولەکێک بەپێی ڕۆشتن، دەگەنە سنوری ئیستوانیا و ڕوسیا و بە سەلامەت دەگەنە کەمپی کۆچبەرانى ئیستوانیا یەکسەر قاچاخچییەکە بەجێی هێشتوون.

ئەحمەد وتی، “زۆر بەپێ ڕۆشتین، بەڵام هیچ سنورێکمان نەبینی، نزیکەى چوار کاتژمێر بەردەوام بوین، باوکم برا نەخۆشەکەمانی بە کۆڵ هەڵگرتبوو، زۆر زۆر ماندوو بوو، کەشوهەواش زۆر سادر بوو، هیچ شتێکمان نەبوو بیخۆین.”

دوای گەشتێکى ماندووکەر، خێزانەکەى ئەحمەد گەیشتنە بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سنوری ئیستوانیا و ڕوسیا، بەڵام خەونی ژیانێکى خۆشگوزەران لە ئەوروپا تێکچوو، ئەوان خۆیان ڕادەستى هێزی سنورپارێزی ڕوسیا کرد.

ئەحمەد بە هەناسەهەڵکێشانەوە وتی، “داوامان لە بەرپرسانى ڕوسیا کرد دیپۆرتی عێراقمان بکەنەوە، ئێمە دووجار دادگایی کراین و دواتر دیپۆرت کراینەوە.”

خێزانی ئەحمەد زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکییان داوە بە قاچاخچییەکان بۆ گەیاندنیان بە ئەوروپا. ئەوان هیچ بژاردەیەکى دیکەیان نییە جگە لە دەستپێکردنەوە لە بناغەوە. ئەوان ئێستا لە کوردستانى عێراق دەژین و خانوویەکیان بەکرێ گرتووە و باوکی دەستیکردووەتەوە بە کارکردن بۆ ئەوەى جارێکى دیکە ژیان دەستپێبکەنەوە.

TMP – 15/02/2019