بەریتانیا سزای زیندانیکردنی بۆ تۆڕێکی قاچاخچی دەرکرد کە سەرۆکەککەیان کوردە

ڕۆژی چوارشەممە، پۆلیسی بەریتانیا 13 ئەندامی تۆڕێکی تاوانکاری سزادا کە خەڵکیان لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە قاچاخ بردووە بۆ بەریتانیا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی یەکەى تاوانە ڕێکخراوەکانی هەرێمی باشوری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا، تۆڕەکە کە سەرۆکەکەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانە بە بەریتانیا و ئەوروپا و کیشوەری ئاسایدا بڵاوبوونەتەوە و پەیوەندییەکانیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوە و بە قاچاخبردنی کۆچبەران، زۆرجار تا فەڕەنسا بردوونیان و دواتر لەوێوە دەربازی بەریتانیایان کردوون.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، کۆچبەرەکان بە تەکسی لە فەڕەنساوە براون بۆ بەلجیکا، دواتر لە سندوقی ئۆتۆمبێل یان لە ژێر لۆری و بارهەڵگرەکان گوازراونەتەوە بۆ بەریتانیا.

یەکەکە دەڵێت، “گروپەکە سودیان لە پەیوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی کۆچبەران و دەستکەوتنى پارە، هیچ گرنگییان بە ژیان و سەلامەتی کۆچبەران نەداوە.”

دەشڵێت، “ئەوان چاویان لەسەر کۆمەڵگەى کوردی هەبووە تاوەکو سود و قازانج لە هەر کەسێک وەربگرن کە دەتوانن بەکاریبهێنن، ئەوان تەنها پارەیان بەلاوە گرنگ بووە، گروپەکە نزیکەى 11.5 ملیۆن دینار بۆ 14.42 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە لە هەر کۆچبەرێک.”

دوو کەس سەرۆکایەتى تۆڕەکەیان کردووە بە ناوەکانی ئالان هۆگر (33 ساڵ) و گۆران ئەحمەد (34 ساڵ)، هەردووکیان کوردی هەرێمی کوردستانن بەڵام لە بەریتانیا ژیاون، هۆگرە بە 10 ساڵ زیندانیکردن و گۆڕانیش بە هەشت ساڵ زیندانیکردن سزا دراون.

دوو شۆفێری لۆریش کە خەڵکیان گواستووەتەوە یەکێکیان بە پێنج ساڵ و ئەوی تریان بە چوار ساڵ سزا دراون.

پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، “دۆسییەکە هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ ئەو کەسانەى تێوەگلاون لە بە قاچاخبردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ بەریتانیا، دڵنیا بن کە لێکۆڵینەوەى تەواومان کردووە و چەند ڕێکارێکی پێویست گیراونەتە بەر بۆ ڕوبەڕووبوونەوەى کرداری تاوانکاری، ئێمە بە شوێنیان دەکەوین و دەیانبەینە بەردەم دادگا.”

هەرچەندە داتایەکی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەى 200 هەزار کورد لە بەریتانیا دەژین، زۆربەیان لە ڕێگای قاچاخدا ڕوبەڕوی بەرکاهێنان بوونەتەوە لەلایەن قاجاخچییەکانەوە.

TMP – 25/08/2019