زیاتر لە ٣٠ کۆچبەر کە زۆربەیان کوردن بەهۆى نقومبوونی بەلەمەکەیان لە دەریای ئیجەدا گیانیان لەدەستدا

ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، بەلەمێک کە ٣٥ کۆچبەری نائاسایی هەڵگرتبوو کە بەشێکی زۆریشیان کورد بوو لە دەریای ئیجەدا نقومبوو، سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا تەنها ژنێک نەبێت کە ڕزگاری بووە. بەپێی زانیارییەکانى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێم، ژنەکە بەهۆی ئەوەى توانیویەتى مەلە بکات و چاکەتى سەلامەتی پێبووە، دوای چەند کاتژمێرێک مەلەکردن ڕزگاریبووە و دواتر لەلایەن پۆلیسى دەریاوانییەوە ڕزگارکراوە.

ئەو ژنە، کە ناوی مهاباد ئیسماعیلە، مێردەکەی و پێنج منداڵی لە ڕووداوی نقومبوونی بەلەمەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ئەو دەڵێت، بەلەمەکە لە نیوەی ڕێگادا سوتەمەنی نەماوە و دواتر نقومبووە.

لانیکەم ١٩ کەس لە کۆچبەرەکان خەڵکی دهۆک و زاخۆن و زۆربەیانى ئەندامی دوو خێزانن. بەپێی قسەى خزمی یەکێک لە خێزانەکان کە قسەى بۆ تۆڕی میدیایی ڕوداو کردووە دەڵێت، یەکێک لە قوربانییەکان پێشمەرگە بووە و دژی داعش شەڕی کردووە، بەڵام بەهۆی نەخۆشی کوڕێکییەوە کە نەخۆشی شەکرەی هەبووە، کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا بۆئەوەى هاوکاری تەندروستی بەدەستبهێنن.

بەپێی زانیاریی میدیاکان، تائێستا ١٤ تەرمی قوربانییەکان لە کەنار دەریاکانی ئەزمیر لە تورکیا دۆزراونەتەوە. پۆلیسى دەریاوانی تورکیا دوو بەلەم و هێلیکۆپتەرێکیان تەرخانکردووە بۆ گەڕان بەدوای تەرمی ئەوانی دیکەدا. هاوکات پێدەچێت چەند ئەفغانییەکیش لەناو قوربانییەکاندا بن.

بەپێی ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا، تورکیا کۆنتڕۆڵی سنورەکانی لەگەڵ ئەوروپا توندترکردووەتەوە، بەڵام هێشتا سەدان کەس ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە و بە بەلەمی نەگونجاو بە دەریای ئیجەدا تێدەپەڕن کە ئەمەش پەیوەندی بە شەری داعش و قەیرانى داراییەوە هەیە لە کوردستانی عێراق.

ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێم بە ئاژانسى ئەنادۆڵوی تورکی رایگەیاند، “ژمارەی قوربانیان کۆچبەرانى کورد لەڕێگای قاچاخیدا بە بەردەوامی زیاد دەکات، سیاسەتی کۆچ و ئاسایشى سنورەکانى تورکیا و وڵاتانی یەکێتى ئەوروپا لەهەموو کات زیاتر توندترە و داوا لە هاوڵاتیانى کورد دەکەین چیتر کۆچ نەکەن.”

پێشتر و لە ڕۆژی ٩ی ئابی ٢٠١٨، نۆ کۆچبەرى دیکەى عێراقی بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیان لە دەریای ئیجەدا گیانیان لەدەستدا کە دوو دایک و حەوت کچە بوون.

TMP – 16/10/2018

Photo Credit: Ververidis Vasilis/Shutterstock

ئیمەیڵمان بۆ بنێرە ئەگەر پرسیارت هەیە دەربارەی کۆچکردن

پرسیارەکانت بە ئیمەیڵێک ڕەوانەی ئێمە بکە وە یەکێک لە کارمەندەکانی ستافەکەمان وەڵامی
پرسیارەکانت دەداتەوە. سەرجەم ئیمەیڵەکان بە شێوەیەکی تەواو نهێنی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

پەیوەندى بکە بۆ وەرگرتنى زانیارى دروست لەسەر کۆچکردن

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر