کۆچبەرێکی عێراقی کە پێشتر داواکاری مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا ڕەتکرابووەوە لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە بەریتانیا خنکا
بەرپرسانی بەلجیکا تەرمی کۆچبەرێکی عێراقیان بە خنکاوی دۆزییەوە کە لە هەوڵدابوو بە مەلەکردن دەربەندی ئینگلیزی ببڕێت و خۆی بگەیەنێتە بەریتانیا.
ڕۆژی 30ی ئاب، پۆلیسی دەریاوانی بەلجیکا تەرمی پیاوەکەیان لەدوری 20 کیلۆمەترەوە لە کەنارئاوەکانى زیبرۆگ لە باکوری ئەو وڵاتە دۆزییەوە، تەرمەکە بە تۆڕی ماسی دەورەدرابوو، پشتێنێکی سەلامەتى لە دەبە دروستکراوی لەبەردابوو.
بەرپرسان پەنجەمۆری پیاوەکەیان بەکارهێناوە بۆ دۆزینەوەى ناسنامەکەی، بەڵام تائێستا ناوەکەى بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە.
بڕوا وایە کە پیاوەکە هەوڵیدابێت بە مەلە خۆی بگەیەنێتە بەریتانیا، بەڵام شەپۆلەکان تەرمەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ کەنارئاوەکانى بەلجیکا، ئەو پێشتر هەوڵیداوە مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت بەڵام داواکارییەکەى ڕەتکراوەتەوە.
کارڵ دیکاڵوی، پارێزگاری فڵاندەرزی ڕۆژئاوا بە سی ئێن ئێنی وتووە، “ئەوە یەکەمجارە تەرمی کۆچبەرێک دەدۆزێنەوە.”
لەم چەند ساڵەى دواییدا، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەى ئەو کۆچبەرانەدا تۆمارکرا کە هەوڵیان دابوو لە دەربەندی ئینگلیزییەوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، تەنها لە ئەمساڵدا، پاسەوانی کەناردەریای بەریتانیا و فەڕەنسا نزیکەى هەزار و 500 کۆچبەریان لە دەربەندەکەدا ڕزگارکردووە.
سەرباری هەوڵی ڕزگارکردنیش، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەى “زە سەن” بۆریۆس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەڵێنیدا بە گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرانەى کە خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا.
ئەو دەڵێت، “نابێت بەریتانیا وەک شوێنێک تەماشا بکرێت کە ئێوە لە خۆتانەوە بێن و بەهۆی گەشتنتان بە نایاسایی یاسا و ڕێساکان بشکێنن.”
ئەو پانتاییە ئاوییەى کە فەڕەنسا و بەریتانیا جیا دەکاتەوە زۆر مەترسیدارە بۆ مەلەوانان و ئەوانەى بە بەلەمی ناگونجاو پێیدا تێپەڕدەبن بەهۆی بوونی شەپۆلی بەهێز و نزمی پلەى گەرما، هاوکات دەربەندەکە یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوەکانى کەشتی لە جیهاندا.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، “هەرکەسێک کە دەیەوێت بە مەلە دەربەندەکە تێبپەڕێنێت یان بە بەلەمی بچوک خۆی لەو ئاوە زۆرە بدات ئەوە خۆی ڕووبەڕووی مەترسییەکى گەورە کردووەتەوە.”
TMP – 06/09/2019
ئەم وتارە شەیر بکە