١٠ کۆچبەری دیکە لە کەنارئاوەکانی بەریتانیا دەستگیرکران
ڕۆژی ١٤ی شوباتی ٢٠١٩، ١٠ کۆچبەری دیکە لەناو دوو بەلەمی بچوکدا لە ئاوی دەربەندی ئینگلیزیدا دەستگیرکران، پێدەچێت ئەو کۆچبەرانە بەپێی ڕێککەوتنى دوبلن بگەڕێنرێنەوە بۆ فەڕەنسا یان وڵاتانى دیکەى ئەوروپا کە سەرەتا کۆچیان بۆ کردووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا، بەلەمی یەکەم کاتژمێر ٢:١٥ خولەی سەرلەبەیانی لە دەروازەى بەندەری دۆڤەر بینراوە و دواتر کەشتییەک نێردراوە بۆ ئەوەى ئەو کۆچبەرانە بهێنێت.
کاتژمێر ٤:٣٠ سەرلەبەیانى هەمان ڕۆژ، بەلەمی دووەم بینراوە و هێزی دەریایی بەلەم و کۆچبەرەکانی هێناوە و سەرجەم کۆچبەرەکان رادەستی بەرپرسانى کۆچ و کۆچبەران کراوە بۆ چاوپێکەوتن.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، “دۆخی تەندروستی ئەو ١٠ کۆچبەرەى دۆزراونەتەوە زۆر باشە و هێشتا ناسنامەى تەواوەتى ئەوان ئاشکرانەکراوە.”
پەرلەمانتار چاڕڵی ئیلیفیک دەڵێت، “لەکاتێکدا لە چەند هەفتەى ڕابردووەوە و لەدوای هەڵمەتەکەمان، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەى بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێپەڕدەبن زیاد دەکات ئەوە بەڵگەیە کە دەبێت زیاتر بەئاگا بین لە دۆخەکە.”
وتیشى، “هەرلەبەر ئەوەیە دەبێت زۆر بە وردی چاودێری کەنارئاوەکانی فەڕەنسا بکەین و قاچاخچییەکان دەستگیربکەین و ئەو بازرگانییە خراپکارانەیان بوەستێنین.”
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە، ژمارەی ئەو کەسانەى کە بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێپەڕدەبن بە شێوەیەکى مەترسیدار زیادی کردووە و زیاتر لە ٣٠٠ کۆچبەریش ڕێگرییان لێکراوە بە دەربەندەکەدا تێبپەڕن لەلایەن پۆلیسی فەڕەنسا و بەریتانیاوە.
ئەو کۆچبەرانەشی کە دەستگیرکراون یان گەڕێنراونەتەوە بۆ فەڕەنسا یان چاوەڕێی گەڕاندنەوە دەکەن.
وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا راشیگەیاندووە، “پابەندبوونێکى هاوبەش هەیە لەنێوان وڵاتان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەى گەڕاندنەوەى کۆچبەران بەپێی ڕێککەوتنى دوبلن بە زووترین کات. بەریتانیا بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ فەڕەنسا و وڵاتانى دیکەى ئەوروپا بۆ گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرانەى کە بە بەلەمی بچوک هەوڵی تێپەڕبوون دەدەن بە دەربەندی ئینگلیزیدا وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لەو هەوڵە مەترسیدارە لەلایەن کۆچبەرانەوە.
TMP – 23/02/2019
Photo: UK Border Force and National Crime Agency officers investigates an inflatable boat on the beach at Kent, 31 December 2018.
Credit: Susan Pilcher/Shutterstock
ئەم وتارە شەیر بکە