ژنێکی دووگیان لەناو ئەو 31 کۆچبەرە نائاساییەدا بوو کە لە دەربەندی ئینگلیزیدا ڕزگارکران

ڕۆژی 29ی کانونی یەکەمی 2019، 31 کۆچبەر کە ژنێکی دووگیان و دوو مێرمنداڵیان لەگەڵدا بوو کەوتنە حاڵەتێکی مەترسیدارەوە کاتێک هەوڵیان دەدا بە شێوەیەکی نائاسایی بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێپەڕ ببن، سەرجەم کۆچبەرەکان ڕزگارکران و ڕەوانەى نەخۆشخانە کران بۆ چارەسەری پزیشکی.

بەرپرسانی دەریایی فەڕەنسا دوو مێرمنداڵ و نۆ کۆچبەری تریان ڕزگارکرد کە بەهۆی لەکارکەوتنی بزوێنەری بەلەمە بچوکەکەیان لەناو ئاوەکەدا گیریان خواردبوو، وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند کە ڕۆژی 29ی کانونی یەکەمی ڕابردوو لەنزیک کاڵاس دۆزراونەتەوە.

هاوکات ژنێکی دووگیانیش لەگەڵ 19 کۆچبەری تردا هەوڵیان دەدا بە نائاسایی بە دەربەندی ئینگلیزیدا تێپەڕببەن، بەڵام کاتێک بەلەمەکەیان چووە ئاوەکەوە، لەلایەن هەمان تیمی پۆلیسی دەریاوانی فەڕەنساوە دەستگیرکراون.

سەرجەم کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان بران بۆ بەندەری فەڕەنسی و لەوێ لەلایەن تیمی تەندروستییەوە چارەسەری سەرەتاییان بۆ کرا کە هەندێکیان پلەى گەرمی لەشیان زۆر دابەزی بوو.

سەرباری ئەو دوو بەلەمە کە کەوتنە کێشەوە، لە مانگی کانونی دووەمی ڕابردوودا ژمارەیەک بەلەمی تر ڕاگیراون و کۆچبەرانیان دەستگیرکراون. ڕۆژی 26ی کانونی دووەم، 49 کۆچبەری ئێران، عێراقی و ئەفغانی لەلایەن پۆلیسی پاسەوانی سنور دەستگیرکران و بران بۆ کەنارئاوەکانی بەریتانیا. 4ی کانونی دووەمیش 79 کۆچبەر و 17ی کانونی دووەمیش 69 کۆچبەر دەستگیرکران.

بە درێژایی ساڵی 2019، زیاتر لە هەزار و 800 کۆچبەر دەستگیرکراون کە ویستوویانە بە بەلەمی بچوکەوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، لەو ژمارەیەش، زیاتر لە 125 کەسیان گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتانی تری ئەوروپی.

ئەو ئامارە هەوڵی چڕوپڕی فەرەنسا و بەریتانیا دەردەخات بۆ ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەران بە دەربەندی ئینگلیزیدا. لە کۆتاییەکانی مانگی کانونی دووەمی ڕابردوشدا، وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند کە گەڕانەکان لە کەنارئاوەکانی فەڕەنسا زیاتر بووە و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و چەندین کەلوپەلی تری تایبەت بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنراون.

ڕاگەیەنراوەکەى وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، “کۆچکردنی نایاسایی کارێکی تاوانکارییە، ئەوانەى دەیانەوێت بە شێوەیەکی نایاسایی بێنە بەریتانیا و ئەوانەشی کە کارئاسانی بۆ ئەو گەشتانە دەکەن یاساشکێنی دەکەن و ژیانی خەڵکی دەخەنە مەترسییەوە.”

TMP – 16/01/2020

Photo credit: سوسان پیڵچەر، شەتەرستۆک

Photo caption: فۆڵکستۆن، کێنت، شانشینی یەکگرتوو، 24ی شوباتی 2019، کاروانی هێزەکانی پاسەوانی سنوریی بەریتانیا، ئاگادارکرانەوە بۆ گەڕانەوە بۆ بەندەری فۆڵکستۆن دوای کردەیەکی گەڕان بۆ هێنانەوەی کۆچبەران.