ڕێکخراوێکى هاوکاریی: ڕۆژانە لە کەمپی کاڵێ پەیماننامەى مافەکانى منداڵی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێلدەکرێت
سدیق (ناوی ڕاستەقینە نییە) منداڵێکى کۆچبەری ١٤ ساڵی ئەفغانییە کە نیشتەجێی کەمپێکە لە دارستانێکى ناوچەى کاڵی لە باکوری فەڕەنسا کە لەگەڵ نزیکەى ٢٥٠ مێرمنداڵی دیکەى بێسەرپەرشتدا لەسەر شەقامەکان دەژین بەبێ نان و ئاو و شوێنی حەوانەوە.
سدیق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵیی دی دەبلیوی ئەڵمانیدا دەڵێت، دوو ساڵ لەمەوپێش ئەفغانستانی بەجێهێشتووە دوای ئەوەى هێزەکانى تاڵیبان باوک و براکەیان لە پارێزگای نانگاهاری کوشتووە، لەو کاتەوە گەشتێکى مەترسیداری لە ئێرانەوە بۆ تورکیا و دواتر وڵاتانى بەڵکان و ئەڵمانیا و دواتر بۆ فەڕەنسا دەستپێکردووە.
لەئێستادا، ئەو لەگەل چوار مێرمنداڵی دیکەى ئەفغانی بەبێ پارە ژیان بەسەر دەبەن و بە تەواوەتى پشت بە ڕێکخراوەکانى هاوکاریی دەبەستن بۆ خواردن و بەتانی و جل و خێمە و ئاگر بۆ خۆگەرمکردنەوە.
بەپێی یاسا، حکومەتى فەڕەنسا بەرپرسە لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ میرمنداڵانی بێسەرپەرشت لە کاڵێ. بۆیە ڕێکخراوی “خزمەتگوزاری پەنابەرانى گەنج” لە چاوپێکەوتنیکدا لەگەڵ کەناڵی دی دەبلیو دەڵێت، شوێنی گونجاو هەیە، بەڵام ئیرادەیەکى سیاسی نییە بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر بۆ ئەو کۆچبەرانە. ئەو ڕێکخراوە دەڵێت، لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٥٨٠ مێرمنداڵی بێسەرپەرشت داوای شوێنی نیشتەجێکردنیان کردووە لە کاڵێ بەڵام بەرپرسانى ناوچەکە داواکاری ٢٧٠ دانەیان ڕەتکردووەتەوە کە منداڵێکى خاوەن پێداویستى تایبەتیشی تیدایە.
کارمەندێکى کۆمەڵایەتی لە ڕێکخراوی “خزمەتگوزاری پەنابەرانى گەنج” دەڵێت، “کاتێک مێردمنداڵەکان دەگەنە کاڵێ، پێشتر توشی ئازاری گەورە هاتوون، زۆربەى زۆریان دەڵێن توشی ئەشکەنجە و ستەم بوونەتەوە لە گەشتەکەیاندا، بە تایبەت ئەگەر لە لیبیاوە گەشتیان کردبێت، دواتر لە کاڵێش توشی ڕەوشێکى خراپ دەبنەوە و ئومێدیان بۆ داهاتوو کەمدەبێتەوە.”
ڕێکخراوی “هێڵپ ڕێفیوجیز” کە پێشێلکارییەکانى مافی مرۆڤ لەدژى کۆچبەران تۆماردەکات دەڵێت، بەپێی راپۆرتەکانیان، کۆچبەران کە منداڵیشیان تێدایە ڕوبەڕووی سوکایەتى جەستەیی و دەرونی دەبنەوە لەلایەن پۆلیسەوە. بەپێی ٢٤٤ کەیس کە تۆماریان کردووە، چەند سوکایەتییەکی وەک زۆری تێکدانی خێمە و گرتنی کەلوپەلی کۆچبەران و لێدانی هەڕەمەکی و هێرشی سەگی پۆلیسی تۆمارکراون. بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی یوتوپیا٥٦ و خزمەتگوزاری پەنابەرانى گەنج، لە نیوان مانگەکانی ئەیلول و تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا و بەهۆى توندوتیژییەکانى پۆلیسەوە، بەلایەنی کەمەوە ١٠ منداڵ پێویستییان بە هاوکاری پزیشکی هەبووە.
مادی ئاڵن، بەڕێوەبەری مەیدانی لە ڕێکخراوی “هێڵپ ڕێفیوجیز” لە باکوری فەڕەنسا دەڵێت، “کۆچبەرانى مێرمنداڵ بە یەکسانی ڕوبەڕوی جیاکاریی و ڕەگەزپەرستی و سوکایەتى و توندوتیژی پۆلیس دەبنەوە لە کاڵێ، ڕۆژانە پەیماننامەى مافی مرۆڤی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکرێت و وڵاتانى ئەوروپیش بەرپرسیارێتییان کەمتر دەکەنەوە بۆ پاراستنى ئەو منداڵانە.”
TMP – 01/03/2019
Photo Credit: کەناڵی دی دەبلیۆی ئەڵمانی. نزیکەى ٢٥٠ مێرمنداڵی بێسەرپەرشت لە کەشوهەوایەکی زۆر سارددا و لە باکوری فەڕەنسا کەمپێکیان دروستکردووە.
ئەم وتارە شەیر بکە