“دوای شەش ساڵ لە سوید، بە زۆر دیپۆرتی عێراق کرامەوە بەبێ منداڵەکانم”

بەیانى ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، ژیان ئەحمەد*، دایکی سێ منداڵ کە لە سوید دەژیا، دەرگای ماڵەکەى کردەوە و چەند پۆلیسێک لەبەر دەرگا بوون، قۆڵبەستیان کرد و دەستبەسەرکرا، دوای ١٠ ڕۆژیش، بە زۆر دیپۆرتکرایەوە و لە فڕۆکەخانەى بەغدا دابەزی.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی پڕۆژەى کۆچبەر، ژیان وتی، شەش ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ پیاوێکى کورد لە سوید هاوسەرگیری کردووە و دواتر بە ڕێگای یاسایی چووەتە ئەو وڵاتە لەگەڵ سێ منداڵەکەى کە لە هاوسەری یەکەمی بوون.

دوای سێ مانگ هاوسەرگیرییەکەیان شکستی هێنا، ژیان و هاوسەرەکەى لەیەک جیابوونەوە و هاوسەرەکەى داوای لە دەسەڵاتدارانى سوید کرد ژیان و منداڵەکانى دیپۆرتی عێراق بکەنەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەى ژیان و منداڵەکانى مافی پەنابەرێتى کاتییان بۆ دوو ساڵ وەرگرتبوو، ڕەتیان کردەوە سوید بەجێبهێڵن و سەرقاڵی ژیانی خۆیان بوون لەوێ.

کاتێ دوو ساڵەکە کۆتایی هات، ئازار و ناڕەحاتییەکانى ئەو خێزانە دەستیپێکرد، دەسەڵاتدارانى سوید داوایان لە ژیان و منداڵەکانى کرد دەستبەجێ سوید بەجێبهێڵێن.

ژیان وتی، “مێردەکەم نەیهێشت مافی پەنابەرێتى هەمیشەیی وەربگرین، چەندینجار داوای مافی پەنابەرێتیم کرد بەڵام ڕەتکرایەوە، ئای خوایە، ژیانێکى زۆر ناخۆش و سەختمان هەبوو، بی ئیشى، بی داهاتی و بێ پارەیی، زۆرجار خزمەکانم لە عێراقەوە پارەیان بۆ دەناردین.”

وتیشى، “منداڵەکانم دەیانخوێند، بەڵام دوای دوو ساڵەکە، ئیتر حکومەت پارەی لێ بڕین، سەرەڕای ئەوەى نمرەیەکى باشیان هێنابوو، بەڵام نەیاندەتوانی هیچ کارێک بدۆزنەوە، بڕوا بکەن، ئەگەر مافی پەنابەرێت نەبێت لەو وڵاتانە، هیچ مافێکت نابیت.”

پۆلیس هەمیشە بەدوای ژیان و منداڵەکانییەوە بوون، ئەوان هەمیشە لە ترسی دیپۆرتکردنەوەدا دەژیان، چەندینجار و بۆ چەند مانگێک لە ماڵی هاوڕێکانیان خۆیان دەشاردەوە.

ژیان ئاماژەى بەوەکرد، “بەیانییەکیان، چوار پۆلیس هاتنە ماڵەکەم و داوایان لێ کردم لەگەڵیان بچم، یەکێک لە کوڕەکانم لە ماڵەوە بوون، زۆر گریام و هاوارم کرد، بەڵام ئەوان سور بوون کە لەگەڵیان بچم، بردمیان بۆ زیندانییەک کە حەوت کاتژمێر لە ماڵەکەمەوە دور بوو، لە سەرەتادا لە زیندانی تاکە کەسیدا بووم، بەڵام دواتر خستمیانە هۆڵێک کە ٥٠ کەسی دیکەی تێدابوو، هەموویان لە چاوەڕوانی دیپۆرتکردنەوەدا بوون.”

ڕۆژی ٧ی تشرینى یەکەم، ژیان بە زۆر خرایە ناو فڕۆکەیەک و چوار کەس پاسەوانیان دەکر، ” زۆر هاوارم کرد، زۆر گریام، بەڵام گوێیان لێ نەگرتم.”

لە فڕۆکەخانەى بەغداش، دەسەڵاتدارانى عێراق چەند پرسیارێکى سادەیان لێ کرد و هیچیان پێ نەوتووە، دواتر ژیان بەرەو فڕۆکەخانەى سلێمانی فڕی.

ماوەى زیاتر لە شەش مانگیشە، یەکێک لە کوڕەکانى ژیان لە ماڵی هاوڕێیەکى لە سوید خۆی شاردووەتەوە، ئەگەر پۆلیس بیگرن، ئەوە دیپۆرتی دەکەنەوە. کوڕە گەورەکەى لەگەڵ کچێکى سویدی هاوسەرگیری کردووە و هەروەها کچەکەى هاوسەرگیری کردووە، هەردووکیان دەیانەوێت جارێکى دیکە داوای مافی پەنابەرێتى بکەنەوە.

لە کۆتاییدا ژیان بە هەنسکی گریانەوە وتی، “ژیانێکى زۆر سەخت و دژوارم هەیە لە کوردستان، زۆر بە خراپی بیری منداڵەکانم دەکەم، هەمیشە لە بیرمدان، لێرە هیچ کارێکم نییە، هیچ شتێکم بۆ نەماوەتەوە، هیچم ناوێ تەنها منداڵەکانم نەبێت، تەنها دەمەوێت جارێکى دیکە پێیان شاد ببمەوە.”

*ناوەکەى خوازراوە

TMP – 03/09/2018

سوید و قەیرانى کۆچبەران لە ئەوروپا

كۆچ دەكەیت؟ پەیوەندی بە شارەزای كۆچەوە بكە بۆ ئامۆژگاری

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر