لەدوای گیرخواردنیان لە ئاوەکانی نزیک میسر چەندین کۆچبەری هەرێمی کوردستان گەڕێنرانەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان 25 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستانی گەڕاندەوە کە لە میسر دەستبەسەرکرابوون دوای ئەوەى ڕۆژی 18ی تشرینی یەکەم بەلەمەکەیان لە دەریای ناوەڕاستدا لە نزیک ئەو وڵاتە پەکی کەوتبوو.

بەلەمەکە 57 کۆچبەری خەڵکی عێراق، ئێران، تورکیا و میسری هەڵگرتبوو، ئەوان هەوڵیان دەدا لە پارێزگای ئیزمیری تورکیاوە خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا بەڵام لە نزیک کەنارئاوەکانی میسر گیریان خوارد. دوای نزیکەى سێ ڕۆژ مانەوە لە ئاوەکەدا، لە کۆتاییدا ئەو کۆچبەرانە لەلایەن کەشتییەکی دەریایی میسرییەوە ڕزگارکران، ئاری جەلال، سەرۆکى دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان وای وت.

بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ئەو کۆچبەرانە بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتینە کران پێش ئەوەى بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

پڕۆژەی کۆچبەر _ 18/11/2020

خاوەنی وێنە: دەزگای لوتکە

ناونیشانی وێنە: کەشتییەکی دەریایی میسر 57 کۆچبەری ڕزگار کرد کە 25یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.