پلانێکی نوێی کۆچ لە ئەوروپا بەڕێوەیە.. “هاوسەنگی لەنێوان بەرپرسیارێتی و هاوسۆزبوون”

یەکێتی ئەوروپا پلانی هەیە بۆ ئەوەی سیستەمێکی نوێی کۆچ لە سەرتاسەری یەکێتییەکە پەیڕەوبکات بۆ ڕێکخستنەوەى شەپۆلەکانی کۆچکردن کە لەمدواییەدا ڕوبەڕوی ڕەخنەى زۆر بووەوە. پلانەکە بریتییە لە “دروستکردنی متمانە لە ڕێگەی ڕێکاری کاریگەرتر و ڕاگرتنی هاوسەنگییەکی لە نێوان بەرپرسیارێتی و هاوسۆزیدا”. “پلانە نوێیەکەى کۆچ و پەنابەری” وڵاتانی ئەندام سەرپشک دەکات لە وەرگرتنی کۆچبەر یاخود ڕەتکردنەوە و دواتر ناردنەوەى بۆ وڵاتی خۆی.

پلانە نوێیەکە زۆربەی ڕەخنەکان لەسەر ڕێسای دوبلن دەڕەوێنێتەوە کە دەبێت مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە وەربگیرێت کە سەرەتا کۆچبەر پێی دەگات. ئامانجی پلانەکە دابەشکردنی دادپەروەرانەى ئەو کۆچبەرانەیە کە سەرەتا دەگەنە وڵاتانی دەروازەى یەکێتییەکە وەک یۆنان و ئیتاڵیا. سەرۆکى کۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێت، پاکێجە نوێیەکە “جارێکی تر متمانە لەنێوان وڵاتان دروست دەکاتەوە” و هەروەها “هاوسەنگی نێوان بەرپرسیارێتی و هاوسۆزیبوون” دەپارێزێت.

پلانەکە لەلایەن ئەنگێلا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە پێشنیاز کراوە و داوا لە هەر 27 وڵاتەکەى یەکێتی ئەوروپا کراوە پابەندی بن، پلانەکە پێکدێت لە؛

  • پێش چوونەژوورەوە بۆ ناو یەکێتییەکە پێویستە پشکنینی تەندروستی و ئەمنی و ناسنامە بکرێن.
  • پڕۆسەیەکی خێراتری پەنابەرێتی لە سنورەکاندا و دەبێت لە ماوەى 12 مانگدا بڕیاری لەسەر بدرێت، پەلەش بکرێت لە ناردنەوەى ئەو کەسانەى داواکارییان ڕەت دەکرێتەوە.
  • لەخۆگرتنی تازەهاتووەکان
  • “پشتگیڕیکردنی پڕۆسەکان گەڕاندنەوە” – گەڕەنتی وڵاتانی تر لە گەڕاندنەوەى ئەو پەناخوازانەى کە داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەت دەکرێتەوە. 
  • دابینکردنی پشتیوانی دەستبەجێ
  • هەموو وڵاتێک پێویستە “بەشی خۆی” بەرکەوێت، بەشێکی بەپێی داهات و بەشێکیش بەپێی ژمارەى دانیشتوان.

پڕۆژەى کۆچبەر _ 28-9-2020

خاوەنی وێنە: FrimuFilms

ناونیشانی وێنە: ئاڵای یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل، بەلجیکا. 22ی حوزەیرانی 2019