نەمسا داوای مافی پەنابەرێتی عێراقییەك کە هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڵاتییەکەی نەمسا کردووە ڕەتدەکاتەوە
دەسەڵاتدارانی نەمسا داوای مافی پەنابەرێتی کوڕێکی عێراقی تەمەن ٢٤ ساڵ کە هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڵاتییەکی نەمسا کردوە ڕەتدەکەنەوە.
بەپێی سەرچاوە هاواڵە ناوخۆییەکان، دەسەڵاتدارانی نەمسا لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ داوای مافی پەنابەرێتی کوڕەکەیان ڕەتکردەوە بە هۆکاری ئەوەی کە ژیانی لە مەترسیدا نییە لە عێراق وە هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ هاوڵاتییەکی نەمسا هۆکارێکی تەواو نییە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە نەمسا. گەنجە عێراقییەکە هاوسەرەکەی لە ناو یەکێک لە کامپەکانی پەنابەران ناسی لە نەمسا کە هاوسەرەکەی کاری خۆبەخشی لێدەکرد.
دەسەڵاتداران دواتر پێشنیاری ئەوەیان کرد کە لە هاوسەرگیرییەکەی بەردەوام بێت لە ڕێگەی سکایپ و گەشتکردنی کورتەوە بۆ نەمسا. ڕاپۆرتێکی هەواڵەکان لە زاری ئەفسەرێکەوە ڕایگەیاند “ئەگەر گەنجەکە بیەوێت لە هاوسەرگیریەکەی بەردەوام بێت، ئەوا ڕێگا زۆرە، بۆ نمونە دەتوانێت لە ڕێگای سکایپ یان گەشتی کورتەوە لێی بەردەوام بێت”.
گەنجە عێراقییەکە ئێستا بەردەوامە لە وەرگرتنی ڕاهێنان بۆ ئەوەی ببێت بە شێف و لەم کاتەدا نیازی وایە کە داوای پێداهەڵچوونەوە بۆ کەیسەکەی بکرێت.
پێشتر بڕیاری هاوشێوە لە نەمسا ڕوویداوە دەنگۆی داوەتەوە. لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٨، دەسەڵاتدارانی نەمسا داوای مافی پەنابەرێتی کوڕێکی گەنجی ئەفغانیان ڕەتکردەوە کە کەیسەکەی لەسەر هاوڕەگەزخوازی بوو، بە بیانووی ئەوەی کە “هەڵسوکەوت” و “شێوازی جلوبەرگ پۆشینی” هاوشێوەی کەسانی هاوڕەگەزخواز نەبوە. بەڵام دواتر دانیان پێدانا کە هەڵەیان کردوە لە شێوازی بڕیاردان لەسەر ئەو گەنجە.
پارتی خەڵکانی پارێزەر (VPOe) و پارتی ئازادی ڕاستکاران (FPOe) فەرمانڕەوایی نەمسا دەکەن لە ساڵی (٢٠١٧)ەوە، پاش ئەوەی کە هەڵبژاردنیان بردەوە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەناوبانگی دژە کۆچبەران. لەو کاتەشەوە تا ئێستا بە بەردەوامی یاساکانی مافی پەنابەرێتی و کۆچکردن تووندتر و تووندتر دەکەن. هەردوو پارتەکە بەشداربوون لە سنووردارکردنی یارمەتی بۆ ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن و خەزێنەی دابینکراو و پشتگیرییان بۆ بەرنامەکانی تێکەڵکردنی ئەو کەسانە کەمکردەوە.
هاینز پاتزێڵت، سکرتێری گشتی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە نەمسا بە ئینفۆئیمیگرانتی ڕاگەیاند “حکومەتی ڤیێنا بە تەواوی کار بۆ ئەوە دەکات کە ڕێگربێت لە تێکەڵاوکردنی تەنانەت ئەو کەسانەش کە ناتوانن وڵاتەکە بەجێبهێڵن بەهۆی ئەوەی بە سەرکەوتووی مافی پەنابەرێتییان وەرگرتوە یان ناتواندرێت دیپۆرت بکرێنەوە بەهەر هۆکارێک کە پارێزگاریان لێ دەکات”.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ حکومەتی نەمسا بڕیارێکی ڕایگەیاند کە واژوو لەسەر ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکات کە ئامانج لێی باشتر ڕێکخستنی کۆچکردنی نێودەوڵەتی بوو. جێگری ڕاگر هاینز کریستیان ستراش ووتی “کۆچکردن مافی مرۆڤ نییە و نابێت بکرێت بە مافی مرۆڤ” وە هەروەها وتی “ئێمە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین کە کێ دێتە ناو نەمسا و کەسی تر ئەو بڕیارە نادات”.
TMP – 03/12/2018
ئەم وتارە شەیر بکە