دوو شارۆچکەى یۆنان لەدژی گواستنەوەى کۆچبەران خۆپیشاندانیان کرد.. “ئەبێت ئێرە بەجێبهێڵن”
ڕۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2019، خۆپیشاندەران لە یۆنان لەدژی جێگۆڕکێی کۆچبەران لە دورگەکانی یۆنانەوە بۆ خاکی سەرەکی خۆپیشاندانیان کرد، نزیکەى 100 کەس لە ساڵۆنیک گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
دانیشتوانی یانیتسا و سێریس ڕژانە سەر شەقامەکان بۆئەوەى ڕێگری لە گەیشتنی 60 کۆچبەر بگرن کە لە دورگەکانی لیسبۆس و سامۆسەوە هاتبوون، ئەو کۆچبەرانە کە بە پاس هاتبوون بە ناچاری و لەژێر پاسەوانی وردی پۆلیسدا چوونە هۆتێلەکانەوە.
یەکێک لە دانیشتوانی شارۆچکەی یانیتسا بە میدیاکانی وت، “دەبێت ئێرە بەجێبهێڵن، بەشی تەواومان هەیە.”
یەکێکی تر لە خۆپشاندەرانی دانیشتووی شارۆچکەکە وتی، “زۆر کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا هەبووە.”
هەر هەمان ڕۆژ، خۆپیشاندانێکی تر لە سەرەس ڕێکخرا لەدژی گەیشتنی نزیکەى 20 کۆچبەر.
دە ڕۆژیش پێش ئەو خۆپیشاندانانە، دانیشتوانی شاری نیە ڤراسنا ئەو پاسانەیان بەردبارانکرد کە 380 کۆچبەری نائاساییان هێنابوو بۆ شارەکە و ڕێگرییان کرد لەوەى بچنە هۆتێلەکانیش، بۆیە بە ناچاری چوونە دەرەوە و بران بۆ ناوەندێکی تری کۆچبەران.
جێگۆڕکێ و گواستنەوەى کۆچبەران بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ گواستنەوەى نزیکەى 20 هەزار کۆچبەر لە کەمپە قەرەباڵغەکانی دورگەکانی یۆنان بۆ چەند ناوەندێکی خاکی سەرەکی ئەو وڵاتە.
دەسەڵاتدارانی یۆنان ئومێد دەکەن ئەو هەنگاوانە ببێتەهۆی باشترکردنی دۆخی خراپی کەمپەکان لە دورگەکان. لەئێستادا زیاتر لە 34 هەزار کۆچبەر لە دۆخێکی زۆر خراپدا لە چاوەڕوانی پڕۆسەى داواکاری مافی پەنابەرێتیدان لەسەر پێنج دورگە کە تەنها بۆ شەش هەزار و 300 کۆچبەر شیاون.
بەپێی چەند داتایەک لە ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، 37%ی کۆچبەران لە دورگەکاندا خەڵکی ئەفغانستانن، 19%ی خەڵکی سوریان و 8%ی خەڵکی عێراقن.
یۆنان شەپۆلێکی فراوانی کۆچبەرانی لە تورکیاوە پێگەیشتووە کە بە ڕێگای دەریا دەربازبوون. بەپێی داتای فەرمی حکومەتی یۆنان، تەنها لە چوار مانگی ڕابردوودا، 40 هەزار کۆچبەر و پەنابەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
TMP 15/11/2019
Photo credit: ڤەرڤەردیس ڤاسیلیس
Photo caption: ساڵۆنیک، یۆنان، 5ی نیسانی 2016، کۆچبەران لەگەڵ پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان بە شەڕ هاتوون لە کەمێکی پەنابەران.
ئەم وتارە شەیر بکە