نزیکەى 10 هەزار کۆچبەری عێراقی بە شێوەیەکی خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە

بەپێی ئامارێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لە ساڵی 2019دا، نزیکەى 10 هەزار کۆچبەر و پەنابەری عێراق بە شێوەیەکی خۆبەخشانە لە وڵاتانی ئەوروپییەوە گەڕاونەتەوە بۆ نیشتمان، زۆربەى گەڕاوەکانیش سودمەندبوون لە هاوکاریی ڕێکخراوەکان بە دەستکەوتنی هەلی کار بێت یاخود بە هاوکاری مادی.

هەر بەپێی ئامارەکەى دەزگای لوتکە، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەى کە ساڵی 2019 کۆچیان کردووە و داوای مافی پەنابەرییان کردووە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا گەیشتووەتە 53 هەزار و 240 کەس، ئەو ژمارەیە تەنها کۆچبەری سەرو 18ی تێدایە.

ئاری جەلال، سەرۆکى دەزگای لوتکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، “هەر لە ساڵی 2019دا، 57 کۆچبەر و پەنابەری عێراقی گیانیان لەدەستداوە و تەرمی 47 کەسیان گەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، 10 کۆچبەریش بە ونبوو تۆمارکراون.”

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری پڕۆژەى کۆچبەر، ئاری جەلال وتی، “چەند هۆکارێک هەن بۆ گەڕانەوەى ئەو ژمارە زۆرەى کۆچبەر و پەنابەران کە دیارترینیان پەیوەندی بە ڕەتکرانەوەى داواکاری مافی پەنابەری ئەو کەسانەوەیە هەیە لەلایەن وڵاتانی ئەورپییەوە و چیتر ناتوانن لەوێ بمێننەوە.”

“چەندین کەیسمان هەیە کە کۆچبەران لەدوای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانیان نەیانتوانیوە لە سەنتەرەکانی ڕاگرتنی کۆچبەراندا بمێننەوە، هاوکات ئەو کۆچبەرانە کێشەى فێربوونی زمان ئەو وڵاتانەیان هەبووە کە داواکارییان تێدا پێشکەش کردووە”. ئاری جەلال وای وت.

ڕێباز کە کوڕێکی 28 ساڵی خەڵکی سلێمانییە و سێ مانگ لەمەوپێش لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە، پەشیمانی خۆی بۆ ماڵپەڕی پڕۆژەى کۆچبەر لە کوردستان دەربڕی و ڕایگەیاند کە “ڕێگای ڕۆشتن بۆ ئەوروپا زۆر مەترسیدار” بووە.

وتیشی، “دووجار داوای مافی پەنابەریم کرد بەڵام سەرکەوتوو نەبووم، تەنانەت وەڵامی تانەکەشم نەدرایەوە، ماوەیەک لە ڕێستۆرانتێک کارم کرد دواتر لە شوێنکاری شۆردنی ئۆتۆمبێل بەڵام وەڕس بووم چونکە کارکردن بۆ من نایاسایی بوو، هەمیشە هەستم دەکرد میوانم، بۆیە بریارم دا لەجیاتی بەسەربردنی هەموو ژیانم لەو دۆخە سەخت و ناخۆشەدا بگەڕێمەوە بۆ وڵات.”

دەزگای لوتکە داوا لە دەسەڵاتدارانی حکومەتى هەرێم دەکات کاربکات “بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکار و قەیرانانەى کە لە پشت ئەو ئامارە مەترسیدارەوەن” و حکومەت ڕوبەڕوی گەندەڵی بێتەوە.

TMP – 05/01/2020

Photo credit: ڤەرڤەردیس ڤاسیلیس

Photo caption: دەریای ئیجە، تورکیا، 18ی تشرینی یەکەمی 2019، هێزی پاسەوانی کەنارئاوەکانى تورکیا کۆچبەران دەستگیردەکەن، پەنابەر و کۆچبەران بە بەلەمی بچوک دەگەنە یۆنان دوای ئەوەى بە  دەریای ئیجەدا تیپەڕبوون

كۆچ دەكەیت؟ پەیوەندی بە شارەزای كۆچەوە بكە بۆ ئامۆژگاری

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە

جیهان لە جوڵە و بزاوتدایە – لەئێستادا ملیۆنان کەس کۆچ دەکەن، و زۆرێک لەوان ڕووبەڕووى ئەو حەقیقەتە سەختانە دەبنەوە کە ئاماژەن بۆئەوەى کە کۆچکردن لە سەدەى ٢١دا چ مانایەکى هەیە.

ئێمە بە چەند زمانێکى جیاواز زانیارى دروست و دواهەمین هەواڵەکانتان پێدەدەین لەبارەى کۆچکردن، بەشێوەیەک کە زۆر بەئاسانى کۆچبەران لە زانیارییەکان تێبگەن و بەئاسانیش زانیارییەکان وەربگرن.

زانیارى زیاتر