بەریتانیا کۆچبەرانى نائاسایی دەگەڕێنێتەوە بۆ فەڕەنسا

بەرپرسانى بەریتانیا دەستیانکردووە بە گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرە نائاساییانەى کە لە فەڕەنساوە دەچنە بەریتانیا. یەکەم کۆمەلی کۆچبەران کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو بە بەلەمێکى بچوک گەیشتبوونە بەریتانیا، لە رۆژی ٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ گەڕێنرانەوە فەڕەنسا.

وەزارەتى ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٥٣٩ کۆچبەر بە بەلەمە بچوکەکانیان هەوڵیان داوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا کە لە ٨٠%ی ئەو هەوڵانە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا بووە.

پڕۆسەى گەڕاندنەوەى کۆچبەران هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەى هەوڵی کۆچبەرانى نائاسایی بۆ پەڕینەوە لە دەربەندی ئاویی ئینگلیزی.

ساجید جاڤید، وەزیرى ناوخۆی بەریتانیا لە لێدوانێکیدا بۆ سکای نیوز بەرزبوونەوەى بێ وێنەى ژمارەی کۆچبەرانى نائاسایی بە “ڕووداوێکى مەزن” وەسفکرد و رایگەیاند، بەریتانیا لەگەڵ فەڕەنسا کار دەکات بۆ باشترکردنی ئاسایشی سنوریی لە نێوان باکوری فەڕەنسا و بەریتانیا.

وەزیرى ناوخۆی هیوای خواست کە پڕۆسەى بەزۆرناردنەوەى کۆچبەرانی نائاسایی ببێتە ڕێگر لەبەردەم تێپەڕبوونی مەترسیداری کۆچبەران بە ئاوی دەربەندی ئینگلیزیدا. بەریتانیا ئەو پەناخوازانە بەپێی پەیماننامەى دبلن دەگەڕێنێتەوە کە بەرپرسیارێتى گرتنەخۆی پەناخوازان دەخاتە ئەستۆی ئەو وڵاتە ئەوروپییەى کە یەکەمجار پەناخواز بۆی دەچێت.

هاوکات حکومەتى بەریتانیا پشتیوانی دارایی زیاتر پڕۆسەکانى کۆنتڕۆڵکردنی سنور دەکات. بەریتانیا بەڵێنی داوە بە پێدانی شەش ملیۆن جونەی ئەستەرلینی بۆ پشتگیریکردنی ئەرکی چاودێریکردنی بەندەر و کەنارئاوەکان لەلایەن فەڕەنساوە و زیادکردنی هەماهەنگییەکانیان لەنێوان هێزەکانی وشکانی و ئاوی. هەروەها سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار جونەی ئەستەرلینی دیکەى تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی کەلوپەلی تایبەت وەک کامێری چاودێری و دوربینی شەو.

ساجید جاڤید بە رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی وتووە، ” زۆر گرنگە ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ هاوکارە فەڕەنسییەکانمان کار دەکەین بۆ وەستاندنی کۆچبەران لە تێپەڕبوونیان بەو مەترسیەدا و ڕێگریکردن لەو قاچاخچییانەى کە ژیانی کۆچبەران دەخەنە مەترسییەوە.”

جۆش هەڵام، بەڕێوەبەری هێڵپ ڕێفیوجیز رایگەیاند، ئاڵنگاری مانەوە لە زستانی سەختی فەڕەنسا هۆکارێکی پاڵنەرە بۆ ئەوەى خەڵکی ژیانى خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ پەڕینەوە بە دەربەندی ئینگلیزی.

وتیشى، “کێشەى کەمی زانیاری ڕاست و دروست هەیە و ئەو بۆشاییەش لەلایەن کەسانی مەترسیدا و هەڵقۆزەوە پڕکراوەتەوە.”

هەڵام ئاماژەى بەوەشکرد، قاچاخچییەکان داوای سێ هەزار بۆ ١٠ هەزار جونەى ئەستەرلینی لە هەر کۆچبەرێک دەکەن لەبەرامبەر یارمەتیدانیان بۆ پەڕینەوە بە بەلەم یان شەمەندەفەر یان لۆری و ئۆتۆمبیل.

TMP – 01/02/2019